لە ئوردون؛ پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لەگەڵ ئەمیندارى گشتی یەکێتی زانکۆکانی وڵاتانى عەرەبى کۆبوەوە
پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر، لە چوارچێوەى سەردانێکى فەرمى بۆ وڵاتى ئوردون، لە بارەگاى سەرەکى یەکێتی زانکۆکانی وڵاتانى عەرەبى بەگەرمى لەلایەن پرۆفیسۆر دکتۆر عەمر عیزەت سەلامە ئەمیندارى گشتی یەکێتی زانکۆکانی وڵاتانى عەرەبى پێشوازى لێکرا.
لە دیدارێکدا گفتوگۆ لەبارەى دۆخى زانکۆکان و، چۆنیەتى پەرەپێدانى پەیوەندى نێوان زانکۆکان و، سودوەرگرتن لە ئەزمونى یەکتر کرا بەمەبەستى پێشخستنى بوارى زانست و خوێندنى باڵا لە وڵاتان، بۆ ئەوەش هەردولا باسیان لە بەڕێوەبردنى کۆنفرانسێکى هاوبەشى نێوان زانکۆى جیهان-هەولێر و یەکێتی زانکۆکانی وڵاتانى عەرەبى کرد، واش بڕیارە لە داهاتویەکى نزیکدا پرۆفیسۆر دکتۆر عەمر عیزەت سەلامە ئەمیندارى گشتی یەکێتی زانکۆکانی وڵاتانى عەرەبى بۆ ئەو مەبەستە سەردانى هەرێمى کوردستان و زانکۆى جیهان-هەولێر بکات.
هەر لەو دیدارەدا، کە ڕاوێژکارى ئەمیندارى گشتی یەکێتی زانکۆکانی وڵاتانى عەرەبى-ش ئامادەیبوو؛ باس لە فراوانکردنى ڕیزبەندى زانکۆکان کرا، کە لە ئێستا لەلایەن یەکێتی زانکۆکانی وڵاتانى عەرەبى تەنها لەسەر ئاستى زانکۆکانى وڵاتانى عەرەبى ئەنجام دەدرێت، بۆ ئەوەش باس لە پێویستى فراوانکردنى ئەو ڕیزبەندییە کرا، بەشێوەیەک تا زانکۆکان لە وڵاتانى دیکەى جیهان بتوانن بەشدارى لەو ڕیزبەندییەدا بکەن، چونکە ڕیزبەندى یەکێتی زانکۆکانی وڵاتانى عەرەبى هیچى لە ڕیزبەندییەکانى دیکەى جیهانى کەمتر نیە. لایەنێکى دیکەى دیدارەکە گفتوگۆکردن بوو لەبارەى پەرەپێدانى زیاترى مەرج و پێوەرەکانى ئەنجومەنی حەوکەمەى زانکۆکانی وڵاتانى عەرەبى، کە لە داهاتویەکى نزیکدا ڕێبەرى ئەنجومەنی حەوکەمەى زانکۆکانى وڵاتانى عەرەب بڵاودەکرێتەوە، کە بەهۆیەوە زانکۆکانى ئەندام بەشێوەیەکی جددی دەتوانن ڕکابەری زانستی بکەن، کۆنفڕانس و سیمینار و وۆرک شۆپى زانستى ببەستن، لەگەڵ چەندین تەوەرى دیکە کە بۆ ئەمڕۆى زانکۆکانمان گرنگن، لەلایەکى دیکەوە پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ داواى کرد زانکۆى جیهان-هەولێر بەشدارى لە ئەنجومەنە پسپۆڕییەکانى یەکێتی زانکۆکانی وڵاتانى عەرەبى بکات تا سوود لە تواناکانى وەربگیرێت.
لە کۆتایشدا هەردولا تاوتوێى پێوەرەکانى متمانە بەخشینى پرۆگرامەکانى خوێندنیان لە زانکۆکان کرد، بەشێوەیەک بۆ ئاستى نێودەوڵەتى فراوان بکرێت و هەموو پسپۆڕییەکان بگرێتەوە، تا زانکۆکان لە وڵاتانى دیکەى جیهان بتوانن سودى لێ وەربگرن، بۆ ئەو مەبەستەش پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر، بەڕوونى دید و بۆچونى خۆی باسکرد، هەروەک کۆمەڵێک پێشنیازى خستەڕوو. لە کۆتایی دیدارەکەشدا، پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ لۆگۆى زانکۆى جیهان-هەولێرى پێشکەش بە ئەمیندارى گشتی یەکێتی زانکۆکانی وڵاتانى عەرەبى کرد و سوپاسى پێشوازییە گەرمەکەى کرد.
یەکێتی زانکۆکانی وڵاتانى عەرەبى، دامەزراوێکی سەربەخۆیە و بنکەی سەرەکی لە عەممانی پایتەختی شانشینی ئوردونیە، لە ئەیلولی 1969 یەکەمین کۆبوونەوەی کۆنگرەی گشتی یەکێتی زانکۆکانی وڵاتانى عەرەب لە ئەسکەندەریە بە بەشداری 23 زانکۆی عەرەبی ئەنجامدرا، لەو کاتەوە لە ڕووى چەندایەتى و چۆنایەتى چەندین گۆڕانکارى بەسەر ئەو یەکێتیە و ژمارەى ئەندامەکانى هاتووە، زانکۆی جیهان-هەولێر وەک یەکێک لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان لە ساڵی 2011ەوە بۆتە ئەندامى یەکێتی زانکۆکانی وڵاتانى عەرەبى، هاوکات بە فەرمانى ژمارە (35/421) لە ڕێکەوتى (1/6/2021)، پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر وەک ئەندامی ئەنجومەنی حەوکەمەى زانکۆکانی وڵاتانى عەرەب لە ڕێکخراوى یەکێتی زانکۆکانی عەرەبی دەستنیشان کراوە.