لە ئەمریکا؛ پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر بەشداری لە کۆنگرەی باڵای NAFSA دەکات
لە پێناوی بەهێزکردنی پەیوەندییە ئەکادیمییە نێودەوڵەتییەکان و ئاڵوگۆڕی زانستی، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ، سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر، بەشداری لە کۆنگرەی دامەزراوەی (NAFSA) بۆ پەروەردە و خوێندنی باڵا کرد. کۆنگرەکە ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتى (٢٧/٥/٢٠٢٥) لە ویلایەتە یەکگرتووەکانى دەستیپێکرد و چەندین بابەتی گرنگی پەیوەست بە خوێندنی باڵا و ئاڵنگارییەکانی سەردەم تاوتوێ دەکرێت.
کۆنگرەکە، کە لەلایەن یەکێک لە بەهێزترین و کاریگەرترین دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا لەسەر ئاستی جیهان ڕێکخراوە، گفتوگۆ لەبارەى نوێترین پەرەپێدان و داڕشتنی سیاسەتی خوێندنی باڵا لە ئاستی جیهان دەکرێ، لە ماوەی بەڕێوەچوونی کۆنگرەکەدا، جگە لە بەشداریکردن لە پانێڵ و وۆرکشۆپەکاندا؛ بڕیارە پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر چەندین دیدار و کۆبوونەوەی گرنگ لەگەڵ سەرۆکی زانکۆ و سەرکردە ئەکادیمییەکانی جیهان ئەنجام بدات. ئامانج لەم کۆبوونەوانە تاوتوێکردنی دەرفەتەکانی هاوکاریی هاوبەش، ئاڵوگۆڕی ئەکادیمی و پەرەپێدانی پڕۆژەی زانستیی هاوبەشە، بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستى هاوکارى و هەماهەنگى و پێگەی زانکۆی جیهان-هەولێر لەنێو زانکۆ نێودەوڵەتییەکاندا.
دامەزراوەی (NAFSA)، کە بنکەی سەرەکی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە، بە بەهێزترین دامەزراوەی تایبەت بە فراوانکردنی ڕەهەندی نێودەوڵەتیی خوێندنی باڵا لەسەر ئاستی جیهان هەژمار دەکرێت. ئەم دامەزراوەیە کار دەکات بۆ ئاڵوگۆڕی ئەکادیمی و کاری پێکەوەیی نێوان دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا، هەروەها ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینێت لە داڕشتنی سیاسەتی گشتیی خوێندنی باڵا و داڕشتنی نەخشەڕێگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە هاوبەشەکان. بە تایبەت، NAFSA گرنگییەکی زۆر بە بنیادنانی کارامەیی بۆ گەنجان دەدات لە سەردەمی گەشەکردنی خێرای تەکنۆلۆجیا و ئاڵنگارییە ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا.
بەشداریی سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر لەم کۆنگرە جیهانییەدا، هەنگاوێکی بۆ بەستنەوەی زیاتر زانکۆ بە نوێترین گەشەسەندن و ستراتیژییەتەکانی خوێندنی باڵا لەسەر ئاستی جیهان، هاوکات دەرفەتێکە بۆ خستنەڕووی توانا و پێشکەوتنەکانی زانکۆی جیهان-هەولێر و خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان.