لە بوارى یاسا و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ژمارەیەک توێژینەوەى نایابى فێرخوازان لە کۆنفرانسى پرۆژە نایابەکانى فێرخوازان پێشکەش کرا
لە بەردەوامى چالاکیەکانى دووەمین ڕۆژى حەوتەمین کۆنفرانسى زانستى پرۆژە نایابەکانى فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر، ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتى (٢٨/٤/٢٠٢٥) دانیشتنێکى تایبەتى کۆنفرانس تەرخانکرا بۆ پرۆژە نایابەکانى فێرخوازانى بەشى یاسا و پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان و دبلۆماسى لە زانکۆى جیهان-هەولێر.
لەو دانیشتنەدا، کە لە هۆڵى کۆنفرانسەکانى زانکۆ بە سەرپەرشتی پڕۆفیسۆرى یاریدەدەری دکتۆر ئیناس ضیاء مەهدی و، مامۆستاى یاریدەدەر هیشام هاشم میکائیل بەڕێوەچوو، سەرەتا توێژینەوەیەک لەبارەى چۆنیەتى پاراستنی یاسایی زانیاری کەسی لە سەردەمی زیرەکی دەستکرددا بەناونیشانى (الحماية القانونية للبيانات الشخصية في عصر الذكاء الاصطناعي) لەلایەن فێرخوازان محەمەد زیاد خدر، شۆڕش فاریس یونس، ناجی ئەحمەد محەمەد، عەلی زیاد نەجات پێشکەشکرا، توێژینەوەکە بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر هیشام هاشم میکائیل فێرخوازان ئامادەیان کردبوو، تیایدا بەشێوەیەکى زانستى باسیان لە ئاستەنگە یاساییەکان کرد، بەتایبەت ئەوانەى پەیوەندییان بە پاراستنی زانیارییە کەسییەکانەوە هەیە لە ژێر ڕۆشنایی پێشکەوتنە خێراکانی تەکنەلۆژیادا.
لە بەشێکى دیکەى دانیشتنەکەدا توێژینەوەیەکى دیکەى هاوبەشى فێرخوازان لەبارەى سیستمی یاسایی بۆ مامەڵەی دراوی کریپتۆ (بیتکۆین وەک مۆدێل) بەناونیشانى (النظام القانوني للعمليات المشفرة (بتكوين أنموذجاً) لەلایەن هەریەک لە فێرخوازان بنار باشکۆ ئەحمەد، ئامانی ئوسامە جابر، ئاڵا بەدران جەمال بەسەرپەرشتى دکتۆر عومەر زوبێر زاهیر ئامادەکرابوو، لە توێژینەوەکەیاندا فێرخوازان باسی لە چوارچێوەی یاسایی مامەڵەکانی دراوی کریپتۆ و کاریگەرییەکانیان لەسەر یاسای دارایی کردووە. پاشان توێژینەوەیەکى دیکە لەبارەى ڕۆڵی دادگای فیدراڵی لە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی بەناونیشانى (دور المحكمة الاتحادية في حل النزاعات بين حكومة الإقليم والحكومة الاتحادية) لەلایەن وەڵا عەلی زاهیر، عەبدولبەسیت عەزیز لەشکری، ئەحمەد محەمەد مامەند، سەیفەر سەردار عەبدولحەمید پێشکەشکرا، فێرخوازان توێژینەوەکەیان بەسەرپەرشتى پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر ئیبراهیم حەمەد عەبدول ئامادە کردبوو، تیایدا بەشێوەیەکى زانستى تیشکیان خستە سەر ڕۆڵی گرنگی دادگای فیدراڵی لە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە حکومییەکانی عێراق.
لەلایەکى دیکەوە هەریەک لە فێرخوازان ئارین سوبحی نووری، میرنا موخلیس یەڵدال موخلیس، ڕۆیا بوزان موسلیم بوزان و، بەسەرپەرشتى پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر ئیبراهیم ئەحمەد عەبد توێژینەوەیەکیان بە ناونیشانى (دور الشرطة الدولية الجنائية (الإنتربول الدولي) في مكافحة الجرائم العابرة للحدود) پێشکەش کرد، لە توێژینەوەکەیاندا فێرخوازان باسى ڕۆڵی ڕێکخراوی پۆلیسی تاوانکاری نێودەوڵەتی (ئینتەرپۆل)یان لە بەرەنگاربوونەوەی تاوانە نێودەوڵەتییەکان کرد، بۆ ئەوەش باسى میکانیزمەکانی هاوکاری نێودەوڵەتیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە تاوانکارییەکان کردەوە. لە کۆتایشدا توێژینەوەیەکى سیاسى بەناونیشانى (القوة الناعمة في السياسة العالمية) لەلایەن فێرخوازان جومعە ئیبراهیم خدر، سەیف عەبدوڵڵا سەیف ڕانیە و حسێن عەدنان پێشکەشکرا، توێژینەوەکەى فێرخوازان لەلایەن پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر ئیناس ضیاء مەهدى سەرپەرشتى کرا بوو، لە توێژینەوەکەیاندا فێرخوازان باسى هێزی نەرمیان لە سیاسەتی جیهانیدا کردوە، لە میانەى پێشکەشکردنەکەیاندا بەوردى باسى چەمکی هێزی نەرم و بەکارهێنانی وەک ئامرازێکی ستراتیژی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییە هاوچەرخەکاندا شیکردەوە.
دانیشتنەکە بە گفتوگۆیەکى ئەرێنى نێوان توێژەران و فێرخوازان و ئامادەبوان و، وەڵامدانەوەى پرسیارەکان زیاتر دەوڵەمەندکرا و، ڕونکردنەوەى لایەنە جیاوازەکانى توێژینەوەکانیش خرانەڕوو.