لە بەرانبەر هەوڵە خۆبەخشەکانیدا؛ پەیمانگەی ئاوات ڕێز لە بەشی زانستی کۆمپیوتەر دەگرێت
لە بەرانبەر هەوڵە خۆبەخشەکانیدا و، وەک پێزانینێک بۆ کارەکانیان، ستافی پەیمانگای ئاوات بۆ منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت بە سەرپەرشتی عبدالوەهاب جەمیل بەڕێوەبەری پەیمانگە ، سەردانی بەشی زانستی کۆمپیوتەریان لە زانکۆی جیهان – هەولێر کرد دواتر، لە مەراسیمێکدا بڕوانامەى ڕێزلێنانیان پێشکەش بە بەشى زانستى کۆمپیوتەر کرد.
لە میانەى ئەو مەراسیمەدا، کە ڕۆژى یەکشەممە ڕێکەوتى (2-3-2025) لە هۆڵى (VIP)ى زانکۆ، بە ئامادەبوونی پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر عبدالستار کەریم یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى کارگێڕى و فێرخوازان ، دکتۆر خالد فاضل سەرۆکى بەشی زانستی کۆمپیوتەر و ژمارەیەک لە مامۆستایان و فێرخوازان بەڕێوەچوو، لەسەرەتا سەرۆکى بەشى زانستى کۆمپیوتەر، بە گەرمی بەخێرهاتنی میوانەکانی کرد و ستایشی ڕۆڵی گرنگی کاری خۆبەخشی کرد لە بونیادنانی کەسایەتی پیشەیی، هەروەک پایەندبوونى سەرۆکایەتى بەشەکەى بە خزمەتکردنی کۆمەڵگە و بەرەوپێشبردنی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتیی دوپات کردەوە.
پاشان، تیمی پەیمانگەی ئاوات بڕوانامەی ڕێزلێنانیان پێشکەش بە دکتۆر خالد فاضل سەرۆکى بەشى زانستى کۆمپیوتەر و، مامۆستاى یاریدەدەر سارا جەمال حسێن و، فێرخوازانى قۆناغی دووەم کرد، وەک ڕێزێک بۆ دەستپێشخەرییە مرۆییەکانیان کە کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر ڕۆح و هەستى منداڵان پەیمانگەکەیان بەجێهێشت، بۆ ئەوەش عەبدولوەهاب جەمیل لە میانەى وتەیەکیدا دواى ئەوەى سوپاسى ستافى بەشى زانستى کۆمپیوتەرى کرد، جەختی لەسەر ڕادەی دڵخۆشی و چێژی منداڵان کردەوە لە سەردانى فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ پەیمانگەکەیان، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو دەستپێشخەرییانە تەنها لە هێنانەدی شادی بۆ دڵی منداڵان سنوردار نین، بەڵکو درێژدەبنەوە بۆ دروستکردنی پردی بەهێز لەنێوان پەروەردە و کاری مرۆیی، ئەمەش بەشدارە لە دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی یەکگرتووتر و مرۆڤدۆستانەتر.