لە بەشى نیوترشن هەڵسەنگاندنى هەستیارى بۆ خۆراک دەکرێ
بەهۆى گرنگى بابەتى هەڵسەنگاندنى هەستیارى بۆ خۆراکەکان و چۆنیەتى پیادەکردنى لە کارگەکانى دروستکردنى خۆراک، بەسەرپەرشتى د.ساڵح مستەفا فێرخوازانى قۆناغى دووەم و سێیەم بەچەند ڕێگەیەک هەڵسەنگاندنى هەستیارىیان بۆ ژمارەیەک خۆراکى دروستکراو کرد، بەتایبەت ئەو خواردنانەى کە لەبازاردا هەیە، ئەو هەڵسەنگاندنەش بەپێیى پێوەرە و ڕێوشوێنە کارپێکراوەکانى بەریتانى جێبەجێکرا، کە لەلایەن (ISO) پەسندکراون.
لەم قۆناغى فێرکاریەدا بۆ هەڵسەنگاندنى هەستیارى خۆراکەکان، سێ تەکنیکى سەرەکى بەکاردەهێنرێ وەک (تاقیکردنەوە جیاکارییەکان، وەسفى و بەکاربردن)، لەهەمان کاتدا چەند تاقیکردنەوەیەکى لاوەکیش لەخۆدەگرن، کە بریتین لە تاقیکردنەوەى دوانەیی و سیانەیی، تاقیکردنەوەى بەراوردکارى، تاقیکردنەوەى سێ گۆشە و، پێوەرى (Hedonic 9).
لەم پرۆسەیەدا، فێرخوازان هەڵسەنگاندنیان بۆ ژمارەیەک لە خواردن و خواردنەوە کرد، لەوانە جۆرەکانى ماست، شەربەتى پرتەقاڵ، قاوە و چەند جۆرێکى دیکە.
ئامانج لە پیادەکردنى ئەو تاقیکردنەوە و هەڵسەنگاندنانە فێربوون و ڕاهێنانى فێرخوازانە بەشێوەیەکى کردارى تاقیگەیی، هەروەها ڕاهێنانى فێرخوازان لەسەر چۆنیەتى ئامادەکردنى بەرهەمى نوێ لەلایەن کۆمپانیاکان و، باشترکردنى بەرهەمى ئێستا و فراوانکردنى بەرهەمەکانیان بۆ پڕکردنەوەى پێداویستیەکانى بەکاربەر، هەموو ئەم چالاکیانەش دەبێتە هۆى گەشەپێدانى تواناى پیشەیی و زانستى فێرخوازان بۆ ئەوەى لە دواڕۆژدا بتوانن لە بازارى کاردا کار بکەن.