لە بەشی ڕاگەیاندن سیمینارێك دەربارەی چاوپێكەوتنی میدیایی ئەنجام درا
لە بەردەوامیی چالاكییە زانستییەكانیدا بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی پیشەیی فێرخوازان، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢١/١٠/٢٠٢٥ سەرۆكایەتیی بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر، بەسەرپەرشتی (دکتۆر محمد عبدالله كەلاری) سیمینارێكی دەربارەی چاوپێكەوتنی میدیایی بۆ ڕاگەیاندنكار (هیوا جەمال) لە هۆڵی ئەکادیمیای جیهان بۆ ڕاهێنان و پەرەپێدان رێكخست.
لەمیانەی ئەو سیمینارەدا كە بۆ فێرخوازىانی قۆناغی دووەمی بەشی ڕاگەیاندن رێكخرابوو و پەیوەست بوو بە وانەی (بنەماكانی چاوپێكەوتن) كە لە پڕۆگرامی بەشەكەدا هەیە، هیوا جەمال، ڕۆژنامەنووس و پێشكەشكار لە كەناڵی ڕووداو، لە ڕوانگەی ئەزموونی 25 ساڵەی كاركردنی خۆیەوە لە بواری میدیادا، ئاماژەی بە پلان و هەنگاوەکانی ئەنجامدانی چاوپێكەوتنێكی سەرکەوتووی میدیایی کرد و، تیشکی خستە سەر لێهاتوویی میدیاکار لە ئامادەباشیی و بەڕێوەبردنی هەڤپەیڤین و، پێی وابوو کە هەڤپەیڤین یەکێکە لە ژانرە قورس و کاریگەرەکانی میدیا. هاوكات، فێرخوازانی ئامادەبوو پرسیار و بەدواداچوونیان لەبارەی ناوەڕۆکی بابەتەکە کرد، بەمەبەستی فراوانکردنی ئاسۆی زانیارییان.
پاشان، هیوا جەمال چەند دانەیەک لە کتێبێکی وەرگێڕدراوی خۆی بەناونیشانی (بەرنامەی گفتوگۆ لە ڕادیۆ و تەلەڤزیۆن) پێشکەش بە زانکۆی جیهان و بەشی ڕاگەیاندن کرد.
لە كۆتاییدا، لەلایەن دکتۆر محەمەد عەبدوڵڵا، بە ناوی سەرۆکایەتی زانکۆ و بەشی ڕاگەیاندنی زانکۆی جیهان-هەولێر سوپاسی ڕاگەیاندنکار هیوا جەمال کرا بۆ پێشكەشكردنی بابەتەكە، هیواشی خواست ئەم پەیوەندییە زانستییەی نێوان زانکۆ و دامەزراوە میدیاییەكان بەمەبستی خزمەتی زیاتری فێرخوازان بەردەوامیی هەبێت.






