لە بەشی ڕاگەیاندن ڕاهێنانێكی تایبەت بە ڕۆڵی دەنگ لە بەرهەمهێنانی میدیایی بەڕێوەچوو
بۆ بەرزكردنەوە ئاستی پیشەیی فێرخوازان لە پڕۆسەی بەرهەمهێنانی میدیاییدا، ڕۆژی سێشەممە ڕێكەوتی 25-11-2025، سەرۆکایەتى بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر، ڕاهێنانێكی بەناونیشانی “ڕۆڵی دەنگ لە بەرهەمهێنانی پەیامی میدیایی كاریگەر” لە ئەكادیمیای جیهان بەڕێوەبرد.
ڕاهێنانەكە بەسەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (ئەحمەد جەمال حەمەكەریم) بەڕێوەچوو و، ڕاهێنەر (جوتیار ڕەفعەت عەبدە) خاوەنی ستۆدیۆكانی (جەی ئێس ئێن) ناوەڕۆكی ئەو ڕاهێنانەی پێشكەش كرد، هاوكات فێرخوازانی قۆناغی چوارەمی بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر ئامادەی بوون. لە سەرەتادا مامۆستای سەرپەرشتیار بەخێرهاتنی ڕاهێنەری كرد و تیشكی خستە سەر گرنگیی ئەنجامدانی ڕاهێنانەكە بۆ فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن.
پاشان، جوتیار ڕەفعەت، باسی لە “دەنگ” كرد وەك توخمێكی بنەڕەتی لە بەرهەمهێنانی میدیاییدا و چۆن دەنگ وەک یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنانی میدیایی سەیر دەکرێت، هاوكات باسی لە جۆرەكانی دەنگ و ڕۆڵی هەریەكەیانی كرد لە بەرهەمهێنانی میدیاییدا، لە هەمان كاتدا باسی لەو كاریگەرییانە كرد كە دەنگ لەسەر هەستی بینەر و درووستكردنی واتا هەیەتی، دواتر پەیوەندیی نێوان (دەنگ و وێنە)ـی لە گەیاندنی پەیامی میدیاییدا ڕوونكردەوە.
لە چالاكییەكەدا، فێرخوازان لەڕێگەی گفتوگۆوە بەشدارییان كرد لە دەوڵەمەندكردنی ناوەڕۆكی ڕاهێنانەكە، هەروەها بەشێوەیەكی كرداریی چەند ڕاهێنانێكی دەنگیان ئەنجامدا و لەلایەن ڕاهێنەرەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ كرا. پاشان بەڕێز (جوتیار ڕەفعەت) دەستپێشخەریی كرد لە هەماهەنگیی بەردەوامی نێوان كۆمپانیای (جەی ئێس ئێن) و بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر، بەمەبەستی خزمەتی زیاتر بە فێرخوازانی بەشەكە.
لە كۆتاییدا، مامۆستای سەرپەرشتیار بەناوی سەرۆكایەتیی بەشی ڕاگەیاندنەوە بڕوانامەی سوپاس و پێزانینی ئاڕاستەی بەڕێز (جوتیار ڕەفعەت) كرد، هەروەها بڕوانامەی بەشداریكردن بەخشرایە فێرخوازانی ئامادەبوو لە ڕاهێنانەكە.






