لە تاقیگەی میدلاین؛ فێرخوازانی بەشى شیکاری تاقیگەیی پزیشکى فێرى سیستمەکانی ژیریی دەستکرد دەبن
ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتى (5/2/2026) ، فێرخوازانی قۆناغی دووەمی بەشی شیکاری تاقیگەیی پزیشکی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (دابان کانەبی ڕەشید)، سەردانی تاقیگەی (میدلاین)یان لە شەقامی پزیشکانی شاری هەولێر کرد.
فێرخوازان لەلایەن (هێمداد مستەفا حەمزە) پێشوازییان لێکرا، پاشان ستافی تاقیگەکە پڕۆسەی ڕاکێشانی خوێن و شێوازی پێشوازیکردن لە نەخۆش و دڵنیابوونەوە لە ناسنامەی نەخۆش و کۆدکردنی نموونەکانیان بۆ فێرخوازان ڕوونکردەوە. هەروەها باسیان لە سیستمی نێودەوڵەتی تۆمارکردنی زانیارییەکان کرا، کە چۆن یارمەتیدەرە لە خێراکردنی کارەکان و ڕێگریکردن لە تێکەڵبوونی ئەنجامەکان. هەروەها بڕوانامەی (RIQAS)ی نێودەوڵەتی بوو بۆ کوالێتی تاقیگەیی بە فێرخوازان ناسێندرا، کە تاقیگەی میدلاین بەدەستی هێناوە، ئەمەش گوزارشت لە پابەندبوونی تاقیگەکە دەکات بە پێوەرە جیهانییەکانی دڵنیایی جۆری و وردبینی ڕۆژانە.
لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا، فێرخوازان ئاشنای ئامێری (Cobas Pure) بوون، کە بە تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد کار دەکات و ڕۆڵێکی بەرچاوی لە کەمکردنەوەی هەڵە مرۆییەکان و بەرزکردنەوەی خێرایی و وردی پشکنینەکان هەیە، تێیدا جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە سەرەڕای پێشکەوتنی ئامێرەکان، هێشتا وردبینی و سەردانى پزیشکی پسپۆڕ مەرجی بنەڕەتیی دەرچوونی ئەنجامەکانە.







