لە تورکیا پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لە دوو کۆنفرانسى گرنگى نێودەوڵەتى بەشدارە
لە چەند ڕۆژى ڕابردودا، بە بەشدارى زیاتر لە (١٥٠) سەرۆک زانکۆ و، بەئامادەبونى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر، چوارەمین کۆنفرانسى زانستى بۆ خوێندنی باڵا، لە زانکۆی ئەستەنبوڵ ئایدین – تورکیا دەستپێکردوە.
لە ڕۆژى دەستپێکردنى کۆنفرانسەکەدا، جگە لە پێشکەشکردنى چەند وتارێک چەندین پانێڵى جیاواز پێشکەشکراون، لە میانەى بەڕێوەچونى پانێڵەکاندا پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر بەشداریەکى چالاک دەکات و، بۆچونە زانستیەکانى لەبارەى تەوەرى پانێڵەکان دەخاتەڕوو.
لە لایەکى دیکەوە، ڕۆژى سێ شەممە ڕێکەوتى (٢٧/٢/٢٠٢٤) لە ئەستنەبوڵ یەکێتى زانکۆکانى ئۆراسیا (EURASIAN UNIVERSITIES UNION)، کۆنفرانسێکى زانستی بەناونیشانى (لوتکەى خوێندنى باڵا- دروستکردنى پەیوەندى جیهانى) دەستپێکرد، لەو کۆنفرانسەشدا کە تا ڕێکەوتى (٢٩/٢/٢٠٢٤) بەردەوام دەبێت پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر بەشدارى تێدا کرد، کە تیایدا جەخت لە بەهێزکردنی هاوکاریی کەلتووری و زانستی نێوان زانکۆکان دەکرێتەوە، بەو پێیەى ئەو پێکەوەکارکردنە ڕۆڵێکى گرنگ و کاراى دەبێت بۆ تێپەڕاندنی زۆرێک لەو ئاستەنگانەی کە ڕووبەڕووی ناوچەکە دەبێتەوە، جگە لەوەش لە ڕوى زانستیەوە؛ ئەو چالاکیە زانستیە دەبێتە هۆى سوودوەرگرتن لە ئەزمونى یەکتر لە بوارە جیاوازەکان.
واش بڕیارە لە پەراوێزى بەڕێوەچونى ڕۆژانى ئەم کۆنفرانسەشدا پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر چەندین دیدار و کۆبونەوەى زانستى ئەنجام بدات، هەروەک لە هەوڵەکانى بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەى زانکۆى جیهان-هەولێر بکاتە ئەندام لە یەکێتى زانکۆکانى ئۆراسیا (EURASIAN UNIVERSITIES UNION).