لە رۆژى جیهانى لاواندا، فێرخوازێکى زانکۆی جیهان-هەولێر بەشداریەکى کارا لە چالاکییەکانی یادى ئەو ڕۆژە جیهانیە دەکات
هاجەر محەمەد عەلی، فێرخوازی قۆناغی چوارەمی بەشی چارەسەری سروشتی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بەشدارییەکی کارا و دیاری لە چالاکییەکانى ڕۆژی جیهانى لاوانی ساڵی 2025دا هەبوو، لەو چالاکیەدا کە ڕۆژی شەممە، ریکەوتى ٦/٩/٢٠٢٥ لە هۆتێلی بابلۆن ڕۆتانا لە بەغدا بە چاودێری و ئامادەبوونی دکتۆر ئەحمەد محەمەد موبەرق، وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق و، بە دروشمی “لاوانی عێراق.. چارەسەری بەردەوام” ڕێکخرابوو چەند برگەیەکى جیایی لە خۆگرتبوو.
لە میانەی ئەم چالاکیە نیشتمانییەدا، هاجەر محەمەد عەلی شانازی پێ بڕا و وتارێکی سەرەکی پێشکەش کرد. لە وتارەکەیدا، دیدگا و بۆچوونەکانی خۆی دەربارەی بەهێزکردنی لایەنى کۆمەڵایەتی لاوان، پڕۆژە و کارەکانیان خستەڕوو. هاجەر بە تایبەتی جەختی لەسەر ڕۆڵی بنچینەیی لاوانی عێراق لە بنیادنانی داهاتوویەکی بەردەوام و گەشەکردوو کردەوە. هەروەها، گرنگی داهێنان، بەشداری شارستانی و، سوودوەرگرتن لە وزەی نوێکراوەی نەوەی نوێی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە کۆمەڵایەتی و پیشەییەکان بە وردی شی کردەوە، ئەمەش وای کرد کە فێرخوازەکەی زانکۆی جیهان-هەولێر وەک نوێنەرێکی گەش و چالاک دەربکەوێت.
لەو چالاکیەدا کە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتییە باڵاکانى نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەندامانی دەستەی دیپلۆماسی، کەسایەتییە سیاسییە دیارەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کۆمەڵێک سەرکردەی ئیلهامبەخشی لاوان بەڕێوەچوو، دکتۆر ئەحمەد محەمەد موبەرق وەزیری وەرزش و لاوان ، پیرۆزبایی ڕۆژی جیهانی لاوانی لە لاوانی عێراق کرد و ئاماژەی بە دەستکەوتە زۆرەکانی لاوان لە بوارە جیاوازەکاندا دا.
هاوکات غوڵام ئیسحاق ئازای جێگری نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، ستایشی ڕۆڵی وەزارەتی وەرزش و لاوانی کرد لە هاوکاریکردنی پڕۆژە مرۆییەکان کە پەیوەندییان بە واقیعی کار و پێگەی لاوانەوە هەیە. هەروەها، ڕۆلاند وێستبی جێگری باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق ، ئاماژەی بە پەیوەندییە باشەکانی نێوان ئەڵمانیا و عێراق کرد، بە تایبەت لە پڕۆگرامەکانی تایبەت بە پەرەپێدانی لاوان.
لە کۆتایی چالاکیەکەدا، چەندین چالاکی هەمەجۆرە و داهێنەرانەی لاوان پێشکەش کران، لەوانە ڤیدیۆیەک دەربارەی گرنگترین دەستکەوتەکانی وەزارەت، خستنەڕووی داتاکانی ڕاپرسی نیشتمانی لاوان، هاوکات پانێڵێکى تایبەتى لاوان لەگەڵ وەزیری وەرزش و لاوان بەڕێوەچوو. لە کۆتایشدا ئاژانسی یونسێف و ئاژانسی ئەڵمانیا بۆ هاوکاری جیهانى خەڵات کران، لەگەڵ ڕێزگرتن لە گەنجی قورئانخوێن، کرار لەیس بەرزنجی، کە پلەی دووەمی لە پاڵەوانێتی ئەفریقا بەدەستهێنابوو.