لە زانکۆى جیهان-هەولێر؛ ڕۆژى جیهانى دەرمانسازى بەرز ڕاگیرا
بەبۆنەى ڕۆژى جیهانى دەرمانسازى، ڕاگرایەتى کۆلێژى دەرمانسازى لە زانکۆى جیهان-هەولێر چالاکیەکى بەو بۆنەیەوە ڕێکخست.
ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتى (٢٥/٩/٢٠٢٣) بەئامادەبونى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و، پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر عەبدول ستار کەریم یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى کارگێڕى و فێرخوازان و، دکتۆر محەمەد ئایدن عەباس ڕاگرى کۆلێژى دەرمانسازى و، سەرۆکى ژمارەیەک لە بەشە زانستیەکان و ستافى مامۆستایان و فێرخوازان، ڕۆژى جیهانى دەرمانسازى بەرز ڕاگیرا.
لەو چوارچێوەیەدا، سەرەتا لەلایەن سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر پیشانگەیەکى تایبەت کرایەوە، کە کۆمەڵێک پۆستەر و تابلۆیی جیایی لەخۆگرتبو و، گوزارشتى لە ڕۆڵى گرنگى دەرمانسازان دەکرد لە هۆشیارکردنەوەى کۆمەڵگە و، باشترکردنى چاودێرى تەندروستى کە وەک ئەندامێکى تیمى پزیشکى پێشکەشى نەخۆشى دەکەن.
لە بەشێکى دیکەى چالاکیەکانى یادەکەدا؛ فێرخوازانى کۆلێژى دەرمانسازى، دەرمانخانەیەکى گریمانەییان دروستکرد و، وەکو دەرمانساز دەرمانى جۆراوجۆریان بەسەردانیکەران ناساند و ڕونکردنەوەى پێویستیان لەبارەى چۆنیەتى بەکارهێنانى دەرمانەکان پێشکەشى نەخۆش دەکرد.
لە میانەى بەسەرکردنەوەى چالاکیەکاندا؛ پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ خۆشحاڵى خۆى پیشاندا بەچالاکیەکان و یادکردنەوەى ڕۆژى جیهانى دەرمانساز، وتیشى ئەم چالاکیانەش لە پاڵ وانەکانتان لە ناو کلاس و نەخۆشخانەکان دەبێتە بەشێکى دیکەى ئەزمونى کارکردنتان، بۆ ئەوەش دەستخۆش لە ڕاگرایەتى کۆلێژى دەرمانسازى کرد بۆ زیندوکردنەوەى ڕۆژى جیهانى دەرمانسازى و ڕێکخستنى ئەو چالاکیە.