لە زانکۆى جیهان-هەولێر؛ کۆنفرانسى ساڵانەى زانکۆ و پەیمانگە و قوتابخانەکانى گروپى جیهان بەڕێوەچوو
بەئامانجى هەڵسەنگاندنى کارەکانى ڕابردو و داڕشتنى نەخشەڕێى کارى داهاتوى زانکۆ و پەیمانگە و قوتابخانەکانى گروپى جیهان؛ کۆنفرانسى ساڵانەى زانکۆ و پەیمانگە و قوتابخانەکانى گروپى جیهان بەڕێوەچوو.
لەو کۆنفرانسەدا، کە ئەمڕۆ پێنچ شەممە ڕێکەوتى (٢٣/١/٢٠٢٥) لە هۆڵى کۆنفرانسەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر بەئامادەبوونى سەرۆکى دەستەى ئەمینداریەتى زانکۆکانى جیهان و، سەرۆکى زانکۆکان و ڕاگرى پەیمانگە و بەڕێوەبەرى قوتابخانەکان و یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ و پەیمانگەکان و سەرۆکى بەشە زانستیەکان و بەڕێوەبەران بەڕێوەچوو، لە ڕێوڕەسمى کردنەوەى کۆنفرانسەکەدا چەند وتارێک بەو بۆنەیەوە پێشکەشکرا.
لە سەرەتادا؛ دکتۆر نەوازد یەحیا باجگر سەرۆکى دەستەى ئەمینداریەتى زانکۆ و پەیمانگە و قوتابخانەکانى جیهان وتەیەکى بەو بۆنەیەوە پێشکەشکرد، لە میانەى وتەکەیدا بە گرنگیەوە باسى لە پێگە و ڕۆڵى دامەزراوە زانستى و پەروەردەییەکانى گروپى جیهانى کرد و، ڕاگەیاند: دەبێ سەرۆک و سەرپەرشتیار و مامۆستایان لە دامەزراوەکان هەموو هەوڵێکى خۆیان بخەنەکار بۆ دروستکردنى کادری بەتوانا و لێهاتوو، بەجۆرێک نابێ تەنها هەوڵەکانتان لە بوارى پەروەردە چڕ بکەنەوە، بەڵکو پێویستە فێرخوازان لەسەرجەم قۆناغ و دامەزراوەکانى گروپى جیهان بکەنە سەنتەرى فێربوون و دروستکردنى کارامەیی، بۆ ئەوەش مامۆستایانى ڕاسپارد شەو و ڕۆژ بخەنە سەریەک بۆ وەڵامدانەوە و فێرکردن و ڕاهێنانى فێرخوازان، بەجۆرێک زەکاتى زانست بکەنە بنەماى کارەکانیان و زانست بە نەوەکانى داهاتوو ببەخشنەوە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ستراتیژ و نەخشەڕێى زانکۆکانى جیهان لە گروپى جیهان خشتەڕوو، بۆ ئەوەش ڕایگەیاند: پێشتر ئێمە نەخشەڕێى ساڵانى (٢٠٢٠ تا ٢٠٢٥)مان هەبوو، بەخۆشحاڵیەوە بەشێکى زۆرى ئەو نەخشەڕێیەمان جێبەجێکرد و، دەسکەوتى زانستى گەورەمان بە دەستهێنا و ناو و پێگەى زانستى و ئەکادیمى زانکۆکانى جیهان-هەولێرمان زیاتر بەرز کردەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک گرفت بوونە ڕێگر لە بەدسهێنانى ئەو نەخشەڕێگەیە.
لە بەشێکى دیکەى قەسکانیدا، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر دوپاتیکردەوە، بەسودوەرگرتن لە ئەزمونى ڕابردوو، ئێستا وەک گروپى زانکۆکان نەخشەڕێ و ستراتیژى زانکۆکانى جیهان بۆ ساڵى (٢٠٢٥) بۆ (٢٠٣٥) ڕادەگەێنین، وەک لە میانەى خستنەڕووى ستراتیژیەکەدا باسیکرد و، کۆمەڵێک ڕەهەند و تەوەرى جیاوازى لە خۆگرتووە، لێرە بەدواوە زانکۆکان گروپى جیهان ئەو ستراتیژییە دەکەنە بنەماى کارەکانیان لە بوارە جیاوازەکانى خوێندن، توێژینەوە، سەنتەرى ڕاوێژکارى، خزمەتکردنى کۆمەڵگە، بەستنەوەى پرۆگرامەکانى خوێندن بە پێداویستیەکانى بازاڕ، چۆنیەتى بەرزکردنەوەى ڕیزبەندى زانکۆکان، کارکردن بۆ جێبەجێکردنى خاڵەکانى ئامانجەکانى پەرەپێدانى بەردەوام، فراوانکردنى بازنەى پەیوەندییەکان لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوە زانستیە ڕەسەن و ئاستبەرزەکان، کارى خۆبەخشى و مرۆیی، بەرپرسیاریەتى کۆمەڵایەتى…هتد.
وەک پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ باسیکرد ستراتیژى زانکۆکانى جیهان بۆ ساڵى (٢٠٢٥) بۆ (٢٠٣٥) وردەکارى و ماوەى جێبەجێکردن و بودجە و کادیر و لایەنە جیاوازەکانى سەرجەم تەوەرەکانى لە خۆگرتووە، ئەوەى پێویستە تەنها هەوڵ و ئیرادەى سەرۆکى زانکۆ و یاریدەدەران و ڕاگر و سەرۆکى بەشە زانستیەکان و مامۆستایانە، کە پێویست دەکات هەمووان بەیەک تیم کاربکەن و، ڕوبەڕوى ئاڵنگارییەکان ببنەوە و کێشەکان تێپەڕێنن تا زۆرترین ئامانجەکانى ئەم ستراتیژى و نەخشەڕێى کارەکان بەدى بهێنن، بۆ ئەوەش پاڵپشتى و پشتیوانى گروپى جیهانى بۆ ڕاپەڕاندنى سەرجەم هەنگاو و کارەکان دوپاتکردەوە.
لە کۆتایشدا سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕایگەیاند: زانکۆکانى هەرێمى کوردستان ڕوبەڕووى ئاڵنگارییەکى زۆر بونەتەوە، چونکە ساڵانە ژمارەى ئەوانەى ڕوو لە زانکۆ تایبەتەکان دەکەن ڕوو لە دابەزین دەکات، بەشێک لەوانە پەیوەندى بەزۆربونى ژمارەى پەیمانگە و زانکۆکان هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گرنگیکدان بە پرۆگرامەکانى خوێندن و بەرزکردنەوەى کواڵیتى و بایەخدانى زیاتر بەفێرخوازان و خزمەتکردنى کۆمەڵگە و پێگەیاندنى کادیرى بەتوانا و دروستکردنى متمانە لەلاى کەس و کارى دەرچوان، دەبێتە خاڵى سەرەکى ڕکابەرى نێوان زانکۆکان تا ساڵانە زۆرترین دەرچوانى پۆلى دوانزە ڕوى تێ بکەن، بۆ ئەوەش دوپاتیکردەوە زانکۆى جیهان-هەولێر بە چڕى کارى لەو بوارە کردوە و، لەبەر ڕۆشنایی ستراتیژى زانکۆکانى گروپى جیهان کارى زیاتر لەو بوارەدا دەکەین.
لە بەشێکى دیکەى ڕێوڕەسمى کردنەوەى کۆنفرانسەکەدا، هەریەک لە پڕۆفیسۆر دکتۆر ئومێد ڕەفیق سەرۆکى زانکۆى جیهان-سلێمانى، پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر عبدالقادر عزیز نەقشبەندى سەرۆکى زانکۆى لوبنانى-فەرەنسى، پڕۆفیسۆر دکتۆر زێرەڤان عبدالمحسن سەرۆکى زانکۆى جیهان-دهۆک، پڕۆفیسۆر دکتۆر وریا عومەر سەرۆکى زانکۆى بابەگۆڕگوڕ، پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر هادى مەهدى سەرۆکى زانکۆى ئەربیلى نێودەوڵەتى و، دکتۆر فەرهاد ئیبراهیم ئەکبەر شوانى ڕاگرى کۆلێژى قەڵاى زانکۆیی بەجیا وتەیان پێشکەشکرد، لە میانەى پێشکەشکردنى وتەکانیاندا کۆمەڵێک پێشنیاز و بۆچونیان خستەڕوو بۆ دەوڵەمەندکردنى زیاتر لایەنەکانى ستراتیژ و نەخشەڕێى کارەکانى زانکۆکانیان.
لە بەشێکى دیکەى کۆنفرانسەکەدا، دکتۆر حەسەن فەهمى حسن بابەتێکى لەبارەى بەکارهێنانى زیرەکى دەستکرد لە پرۆسەى خوێندن پێشکەش کرد، پاشان پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر دلێر حسین قادر باسى لە ڕیزبەندى زانکۆکان کرد بۆ ئەوەش دواى ئاماژەکردن بە گرنگى ڕیزبەندییەکان و پێداویستیەکانى ڕیزبەندى ئینجا پێشنیازیکرد دۆکیۆمێنت و زانیارییەکان بەشێوەیەکى زیاتر ئەکادیمى ڕێکبخرێتەوە و، پاشان بەپێى پێویستى هەر پێوەر و تایبەتمەندى ڕیزبەندییەک پێشکەش بکرێ وەک ئەوەى داوا دەکرێ.
پاشان بەرنامەى کارى کۆنفرانس دەستپێکرد، بۆ ئەوەش ئەندامانى کۆنفرانس دابەشبوون بەسەر (١١) لێژنەى جیاواز و پێکەوە کۆبونەوە، لێژنەکانیش بەپێى پسپۆڕى کار و پێگە و لێپرسراوێتیان تاوتوێى لایەنە جیاوازەکانى تەوەرەکانى کۆنفرانس و ستراتیژى کارکردنەکەیان کرد.
لە کۆتایی کۆنفرانسەکەشدا بڕیار و ڕاسپاردە و پێشنیازى کۆبونەوەى لێژنەکان خوێندرایەوە، کە کۆمەڵێک خاڵى جیاوازى لەخۆگرتبوو بەتایبەت لە بوارەکانى (پەرەپێدانى پەیوەندى نێوان زانکۆ و پەیمانگە و قوتابخانەکانى جیهان، پێشخستنى تواناى مامۆستایان و کارمەندان، پەیوەندى نێودەوڵەتى و چۆنیەتى فراوانکردنى کارى خۆبەخشى بەمەبەستى خزمەتکردنى کۆمەڵگە) هاوکات بەشێکى دیکەى ڕاسپاردەکان تایبەت بوو بە لایەنى دڵنیایی جۆرى، ژمێریارى، تۆمارى وەرگرتن و، لایەنى کارگێڕى لەسەرجەم دامەزراوەکان.