لە زانکۆى جیهان-هەولێر بڕوانامەى دەرچوون بەسەر (٨٩) مامۆستاى وەزارەتى پەروەردەى بەشداربوو لە خولى پێداگۆجى دابەش کرا
ڕۆژى سێشەممە ڕێکەوتى (٤ی۲ی۲۰۲٥)، بە ئامادەبوونى دکتۆر ئالان حەمەسەعید ساڵح وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سهرۆكی زانكۆی جیهان-هەولێر و، یاریدەدەرانى سەرۆکى زانکۆ و، سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان و، بەرێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر و، سەرۆکى بەش و مامۆستایان لە زانکۆی جیهان-هەولێر، لهرێوهرسمێكدا بروانامهی بەشداربوون بهسهر (٨٩) مامۆستایانی خولی پێداگۆجی وەزارەتى پەروەردە دابەش کرا.
سهرهتا لهلایهن پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سهرۆكی زانكۆى جیهان-هەولێر وتارێک پێشکەش کرا، لە وتارەکەیدا دواى بەخێرهێنانى وەزیرى پەروەردە و میوانان، پیرۆزبایی لە مامۆستایانى پەروەردە کرد کە بەشدارى خولى پێداگۆجى زانکۆى جیهان-هەولێریان کرد، هیواشى خواست خولەک ڕەنگدانەوى لەسەر پێشکەوتنى قوتابخانەکان هەبێ.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر دەستخۆشی لە دکتۆر ئالان حەمە سەعید وەزیرى پەروەردە کرد، کە هەر لە سەرەتاى دەستبەکاربوونى لە وەزارەتى پەروەردە باوەڕى تەواوى بەوە هەبوو، کە پەروەردە و خوێندنى باڵا تەواوکەرى یەکترن، لەسەر ئەو بنەمایەش توانى پەیوەندییەکى پتەو لەگەڵ زانکۆى جیهان و تەواوى زانکۆکانى دیکە دروست بکات، وتیشى ئەوە بۆ خۆى هەنگاوێکى زۆر گرنگە، کە بەهۆیەوە ڕێککەوتنامەیەک لە نێوان زانکۆى جیهان و وەزارەتى پەروەردە ئەنجامدراو بەرهەمەکەى بەڕێوەچوونى سێ خولى پێداگۆجى بووە لە زانکۆکانى جیهان لە هەولێر و سلێمانى و دهۆک.
پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ بە گرنیگەوە باسى لە پەیوەندى نێوان وەزارەتى پەروەردە و خوێندنى باڵا کرد و بۆ ئەوەش وتى: دەرچوانى پەروەردە دێنە زانکۆکان، هەر لەبەر ئەوەش پێویستە لە هەر وڵاتێک ستراتیژێکى فێرکردن و خوێندنى باڵا هەبێ، نەک هەر وەزارەتێک ستراتیژێکى تایبەت بەخۆى هەبێ و ناشبێ ستراتیژى ئیدارەدانى وەزارەت بێ، بەڵکو دەبێ پیشەیی بێ و بۆ فێرکردنى قوتابى بێ لە هەموو قۆناغەکانى خوێندن.
لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر چەند پێشنازێکى بۆ کارى هاوبەشى نێوان زانکۆى جیهان و وەزارەتى پەروەردە خستە کە پەیوەست بوون بە لایەنى کارگێڕى و بەڕێوەبردن، بۆ ئەوەش بە سوود وەرگرتن لە هزرى مارکس کە دەڵێ: ڕەگەزەکانى بەرهەمهێنان بریتین لە (زەوى، کار و سەرمایە)، وتى ئێمە لە میانەى توێژینەوەیەکدا ئێمە ڕەگەزى پێنجەمیشمان بۆ زیادکرد کە بریتیە لە (ڕێکخستن)، کە ئەرکە وەزیفیەکان و، پلاندان و بەدواداوچوون و هەڵسەنگاندن و ئاراستەکردن و پاراستن دەگرێتەوە، بۆ ئەوەش داواى لە وەزیرى پەروەردە کرد بۆ لەومەودا بایەخێکى زیاتر بە بەڕێوەبردن و کارگێڕیش بدەن، چونکە ئەگەر هەموو فاکتەرەکان لە دامەزراوەیەکدا بوونى هەبێ، بەڵام بەڕێوەبردنێکى باش نەبوو ناتوانێ بەرهەمى باش بێ، ئینجا بۆ ئەوەى کارەکانمان بەرهەمى زیاتریان هەبێ، پێشناز دەکەم دەست بکەین بە پەرەپێدانى توانا مرۆییەکان لە بوارى بەڕێوەبردن و کارگێڕى بەتایبەت لە سێکتەرى پەروەردە تا دەگاتە بەڕێوەبردنى قوتابخانەکانیش، چونکە کارگێڕی لە چوار لایەن پێکهاتووە (کارگێڕى دارایی، کارگێڕى مرۆیی، کارگێڕى بەبازاڕکردن و کارگێڕى پرۆسەکانى بەرهەمهێنانە)، ئەمانە بۆ وەزارەتى پەروەردە زۆر گرنگن، چونکە پەیوەندى بەلایەنى مرۆیی هەیە و پێویستە بەشێوەیەکى دیکە پێوانەى بکەین.
هاوکات پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ پێشنیازى کرد، وەزارەتى پەروەردە لە ڕێگەى بەڕێوەبەرایەتى مەشق و ڕاهێنان هەڵسەنگاندنێک بۆ سێ خولى ڕابردو پێداگۆجى لە زانکۆکانى جیهان بکات و، تا بزانن خولەکان چەند کاریگەرىیان لەسەر قوتابخانەکان هەبووە، بۆ هەریەک لەو خاڵانەش سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ئامادەیی تەواوى زانکۆکەى بۆ پاڵپشتیکردنى وەزارەتى پەروەردە دوپاتکردەوە، لە کۆتایشدا سوپاسى مامۆستایانى بەشداربوو و کادیرانى وەزارەتى پەروەردەى کرد، کە لە هەماهەنگی بەردەوامدا بوون.
پاشان ئالان حەمە سەعید وەزیرى پەروەردە لە میانەى وتەیەکدا، سوپاس و پێزانی خۆی ئاراستهی سهرۆكی زانكۆی جیهان كردو رۆلی مامۆستایان و راهێنهرانی خولی پێداگۆجی بهرزنرخاند وتى: مایەى خۆشحاڵیمانە کارەکان بەباشى بەڕێوەدەچن، وتیشى لەم خولەدا (٨٩) مامۆستا لە بەڕێوەبەرایەتى گشتى پەروەردەى هەولێر و، بە گشتیش تا ئێستا (٢٦٣) مامۆستا ڕاهێنانیان لەو بوارانە وەرگرتووە، کە پەروەردە پێویستیان پێیان، بۆ ئەوەش سوپاسپى زانکۆى جیهان کد بۆ هەماهەنگیەکانیان.
پاشان وەزیرى پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستان پاڵپشتى خۆى بۆ جێبەجێکردنى هەریەک لە پێشنیازەکانى سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر دوپاتکردەوە، وتیشى بوارى کارگێرى بوارێکى گرنگە بۆ ئەوەى ئاستى ئیدارەدان بەرەو باشتر بەرین، پاشان باسى لە کار و چالاکی وەزارەتەکەى لە ماوەى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان کرد، بۆ ئەوەش وتى: سەربارى ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکان بەڵام توانیمانە هەموو ئەوانە بکەینە دەرفەت و هەنگاویى گرنگ بەرەو پێش بڕوێن، بۆ ئەوەش ئاماژەى بە کۆمەڵێک خاڵ و دەسکەوت لە بوارە جیاوازەکانى پەروەردەیی کرد.
لهكۆتاییدا ههریهك لهسهرۆكی زانكۆی جیهان خهڵات و رێزلێنانیان لهلایهن وهزیری پهروهرده پێبهخشرا. دواتر مامۆستایان و ڕاهێنهران بروانامەی بەشداربوونیان پێ درا .