لە زانکۆى جیهان-هەولێر خولى (کارامەییەکانی چڕکردنەوەی دەنگ و پێشکەشکردن) بۆ فێرخوازانى بەشى ڕاگەیاندن بەڕێوەچو
بە چاودێرى پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆیی سەرۆکی زانکۆی جیهان – هەولێر و، لە چوارچێوەی دەستپێشخەرییەکانى کەناڵى ئەلجەزیرەى قەتەرى، سەرۆکایەتى بەشى ڕاگەیاندن بەهاوکارى پەیمانگەی ڕاگەیاندنی ئەلجەزیرە، خولێکی ڕاهێنانی میدیایی بەناونیشانى (کارامەییەکانی چڕکردنەوەی دەنگ و پێشکەشکردن) بۆ فێرخوازانى بەشەکە بەڕێوەبرد.
لەو خولەدا، کە لە ڕۆژى یەکشەممە ڕێکەوتى (٨/١٠/٢٠٢٣) دەستى پێکرد و تا ڕۆژى سێشەممە ڕێکەوتى (١٠/١٠/٢٠٢٣) لە هۆڵى ئەکادیمیای جیهان بۆ ڕاهێنان و پەرەپێدان بەڕێوەچوو، ڕۆژانە لەلایەن خاتوو ئەسیل سامی عەبدولحەمید بەرهەمهێنەری باڵا لە تۆڕی میدیایی ئەلجەزیرە کەناڵی عەرەبی ئەلجەزیرە بەشێوەیەکى پراکتیکى ڕاهێنان بەفێرخوازان دەکرا.
خولەکە چەند تەوەرێکى سەرەکى لەخۆگرتبوو، ئەوانیش بریتیبوون لە چەمک و پێکهاتەکانی دەنگێکی جوان، بەهۆیەوە فێرخوازان ئاشناى تایبەتمەندییەکانی دەنگ و کاریگەرییەکانی لەسەر وەرگر کرا، تەوەرى دووەم تایبەت بوو بەو گرفتانەی کە ڕەنگە ببنە ڕێگر لە دەنگ و گەیاندنی باش، بەو بەهۆیەوە فێرخوازان لەماوەى خولەکەدا ئاشناى گرفتەکانى دەنگ کران؛ وەک شڵەژانى دەروونی و لاوازی زمان و کاریگەری شێوەزار، تەوەرێکى دیکەى خولەکەدا، کە بە شێوازی پراکتیکی بەڕێوەچوو، تەرخان کرا بۆ ڕزگاربوون لەو گرفتانەی کە ڕێگرن لە دەنگ و گەیاندنی دروست و کاریگەر، وەک ڕاهێنانی بەردەوام و دەستنیشانکردنی ئاستی دروستی دەنگ و بڕین و شێوەی دەق. لە تەوەرێکى دیکەى خولەکەدا فێرخوازان ئاشناى ڕێگەکانی باشترکردنی دەنگ و گەیاندن کران، هەروەک هەمەچەشنکردنی دەنگ و گەیاندنى بەپێی جۆری دەقەکانى (مانشێت، هەواڵی سیاسی، هەواڵی وەرزشی، دۆبلاژکردن و…هتد) لایەنێکى دیکەى خولەکە بوو.
لە ماوەى ڕۆژانى بەڕێوەچوونى خولەکەدا فێرخوازان بەشێوەیەکى پراکتیکى ڕاهێنانیان لەسەر ئەوە پێکرا، کە چۆن دەبنە پێشکەشکاری بەرنامەکانی ڕادیۆ و تەلەفزیۆن، بۆ ئەوەش بەوردى ڕاهێنانیان لەسەر بەرزکردنەوەی توانای دەنگ کران و، بەشێوەیەکى تیۆری و پراکتیکى زانیارى تەواویان پێدرا تا کاتێک بوونە پێشکەشکار بتوانن ئاگاداری دەنگی خۆیان بن، هاوکات دەبێت خۆیان وا بیگونجێنن بۆ ئەوەی بتوانن تواناکانیان بیخەنە خزمەت ئەو پەیامەى کە دەیانەوێت بیگەیەنن بە وەرگر.
خولەکە بووە دەرفەتێکى گرنگ بۆ فێرخوازانى بەشداربوو توانیان کۆمەڵێک زانیاری لەسەر گرنگی دەنگ بەدەستبهێنن، هاوکات توانیان پێکهاتەکانی دەنگ و میکانیزمەکانی فۆکسکردن دەستنیشان بکەن، لەگەڵ ئاشنابونیان بە تواناکانی ئەدای دەنگ و باشترکردنى دەنگ و کۆنترۆڵی دەنگ لەگەڵ چۆنیەتى سەرنجڕاکێشانى وەرگرە.
لە کۆتایی خولەکەشدا لەلایەن مامۆستاى یاریدەدەر عەبیر مەحمود جەبار سەرۆکى بەشى ڕاگەیاندن و، خاتوو ئەسیل سامی عەبدولحەمید بەرهەمهێنەری باڵا لە تۆڕی میدیایی ئەلجەزیرە کەناڵی عەرەبی ئەلجەزیرە، بڕوانامەى پەیمانگەی ڕاگەیاندنی ئەلجەزیرە بەسەر فێرخوازانى بەشداربودا دابەش کرا، بەو بۆنەیەوە سەرۆکى بەشى ڕاگەیاندن دواى پیرۆزبایکردن لە فێرخوازانى بەشداربوو، سوپاسى کەناڵى ئەلجەزیر و پەیمانگەی ڕاگەیاندنی ئەلجەزیرە بەگشتى و خاتوو خاتوو ئەسیل سامی عەبدولحەمید بەتایبەت کرد، کە ئەو دەرفەتەیان بۆ فێرخوازانى بەشەکە ڕەخساند و، ئەزمونێکى نوێیان پێشکەش بە فێرخوازانى بەشەکە کرد.