لە زانکۆى جیهان-هەولێر خولێک لە بوارى چارەسەرى سروشتى بەڕێوەچوو و، بڕوانامە بەسەر بەشداربوان دابەش کرا
زانکۆى جیهان-هەولێر لە پاڵ پێگەیاندنى فێرخوازان لە بوارە جیاوازەکان، ساڵانە دەرفەتى جیاواز بۆ فێرخوازان و ئارەزومەندان لە بوارى جۆراوجۆر دەڕەخسێنى بۆ پەرەپێدانى تواناکانیان، لەو چوارچێوەیەدا خولێکى لە بوارى چارەسەرى سروشتى بەڕێوەبرد.
لەو خولەکەدا، کە بۆ ماوەى پێنچ ڕۆژ بەردەوام بوو، ڕۆژانە بەشێوەیەکى پراکتیکى و تیورى لەلایەن مامۆستا و پسپۆڕانى بوارى چارەسەرى سروشتى ڕاهێنان بە بەشداربوان دەکرا. لە کۆتایشدا لە مەراسیمێکدا کە لە هۆڵى (VIP) زانکۆ بەڕێوەچوو، پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر بڕوانامەى بەشداریکردن و دەرچوونى بەسەر بەشداربوانى خولەکەدا دابەشکرد، لە وتەیەکیشدا دواى پیرۆزبایکردن لە بەشداربوان و دەستخۆشیکردن لە مامۆستایانى خولەکە، بەگرنگیەوە باسى لەو جۆرە خولانە کرد بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى دەرچوان و فێرخوازان، وتیشى بەشداریکردن لەم جۆرە خولانە یەکێک لە پێداویستیەکانى نوێکردنەوەى زانیارییەکان، چونکە هەموو زانستێک بەردەوام لە گۆڕانکاریی و نوێبونەوەدایە، نابێ زانست و بەدەستهێنانى زانیارى لە خوێندنى زانکۆیی و بەدەستهێنانى بڕوانامە قەتیس بکرێ، بەڵکو مرۆڤى زانستخواز دواى زانکۆش هەر بەدواى زانست و بەدەستهێنانى زانیارى دەبێ.
لە بەشێکى دیکەى وتەکەیدا؛ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر دەستخۆشى لەو فێرخواز و دەرچوانە کرد، کە بەشداریان لە خولەکە کردوە، وتیشى زانستى چارەسەرى سروشتى بۆ چارەسەرکردنى چارەسەرخوازان، یەکێکە لە زانستە هەر گرنگەکان کە لە نوێبونەوەى بەردەوامدایە، دوا بەدواى پێشکەشکردنى وتەکەى؛ پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ بڕوانامەى بەسەر بەشداربوانى خولەکەدا دابەش کرد.
خولى چارەسەرى سروشتى تایبەت بوو بەسەرجەم لایەنەکانى چارەسەرى سروشتى، لەوانە هەڵسەنگاندن و پشکنین بۆ چارەسەرخوازان بەتایبەت هەوکردنی جومگەکان و چۆنیەتى پشکنینى جەستەیی و شیکاری ڕۆیشتن و لێکۆڵینەوە لە تاقیگە (خوێن) بۆ دەستنیشانکردن و هەڵسەنگاندنی تێکچوونەکانی MSK بۆ PT، هاوکات چۆنیەتى پلاندان بۆ چارەسەرکردنى جومگەکان و بەهێزکردنى (جووڵاندنی دەمار) و تەکنیکەکانى وەرزشکردن و تەکنیکەکانى چارەسەرى فیزیایی بەتایبەت دەرزى لێدان و چارەسەری موکسای (Muxibution) و، ئامرازەکانی گراستۆن (ئازادکردنی ماسولکەکانی دەموچاو) و بنەماکانی حەمامکردنی تەڕ و وشک لایەنێکى دیکەى خولەکە بوون، لەگەڵ باسکردن لە ڕۆڵی PT لە ICU و CCU بۆ بوارە جیاوازەکانى چارەسەرى سروشتى.