لە زانکۆى جیهان-هەولێر لە پیشانگەیەکدا، بەرهەمى گەنجان لە پرۆژەى مەیکەرسپەیس نمایش کرا
بۆ هاندان و پاڵپشتیکردنى گەنجان و بەدرخستنى تواناکانیان، بە سپۆنسەر و میوانداریکردنى زانکۆى جیهان-هەولێر بەرهەمى گەنجان لە پرۆژەى مەیکەرسپەیس (Makerspace) نمایش کرا.
بەر لە کردنەوەى پیشانگەکە و، لە مەراسیمێکدا کە ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (٢٤/٨/٢٠٢٣) بەئامادەبونى دکتۆر عبدالستار عبدالکەریم یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى کارگێڕى و فێرخوازان و، مامۆستاى یاریدەدەر عومەر عادل سەرۆکی بەشی تەکنیکی وێنەگرتنی تیشکی و، ژمارەیەک لە مامۆستایان و نوێنەری ژمارەیەک لە زانکۆکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و گەنجان ئامادەیبون، لەسەرەتادا فێرخوازان و گەنجان کورتەیەکیان لەبارەى بیرۆکەى پرۆژەکانیان پێشکەش بەئامادەبوان کرد.
لە بەشێکى دیکەى چالاکیەکەدا، لە پیشانگەیەکدا کە لە هۆڵى کۆنفرانس لە زانکۆى جیهان-هەولێر کرایەوە بەرهەمى گەنجان لە پرۆژەى مەیکەرسپەیس (Makerspace) نمایش کرا، لە نێو بەشداربوواندا (هاجەر ئەلکەنعان) فێرخوازى بەشی چارەسەری سروشتى لە زانکۆی جیهان-هەولێر بەنمایشکردنى پڕۆژەی بایۆنیکی ئارمی (Bionic Arm) بەشدارى لە پرۆژەکەدا کردبوو، پرۆژەکە بریتیە لە قۆڵێکى ئەلیکترۆنی بۆ ئەو کەسانەی کە پێویستی تایبەتیان هەیە. هاوکات هەر لە پیشانگەکدا چەندین بەرهەمى دیکەى گەنجان نمایش کرابوون، لە میانەى بەسەرکردنەوەى پیشانگەکەشدا دکتۆر عبدالستار عبدالکەریم یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى کارگێڕى و فێرخوازان دەستخۆشى لە گەنجان کرد و هانیدان بەردەوام بن لە کار و پرۆژە جیاکانیان.
پرۆژەى مەیکەرسپەیس (Makerspace) لەلایەن دامەزراوەی ئەلمەحەتا (المحطة) بە هاوکاری سندوقی گەشەپێدانی ئەڵمانی جێبەجێ کراوە.