لە زانکۆى جیهان-هەولێر مەراسیمێکى شایستەدا؛ ڕۆژى ئاڵاى کوردستان بەرز و پیرۆز ڕاگیرا
بەئامادەبوونى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و، دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆکى دەستەى ئەمینداریەتى زانکۆکانى جیهان و، ئەنجومەنى زانکۆ و مامۆستایان و فەرمانبەران و فێرخوازان، لە زانکۆى جیهان-هەولێر هاوشێوەى تەواوى زانکۆ و دامەزراوە جیاکان مەراسیمێکى شایستە بۆ ڕۆژى ئاڵاى کوردستان بەڕێوەچوو.
لەو مەراسیمەدا، کە ڕۆژى سێ شەممە ڕێکەوتى (١٧/١٢/٢٠٢٤) بەڕێوەچوو، سەرەتا ئامادەبوان بەساتێک ڕێزلێنان و ڕاوەستان بۆ گیانى پاکى شەهیدان بێ دەنگیان نواند، پاشان چەند وتەیەک پێشکەشکرا، لەو چوارچێوەیەدا پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان- هەولێر لە وتارێکدا دواى پیرۆزکردنى ڕۆژى ئاڵا لە گەلانى کوردستان و مامۆستایان و فێرخوازانى زانکۆ، ئاماژەى بەمێژوى هەڵکردنى ئاڵاى کوردستان و بڕیارى پەڕلەمانى کوردستانى کرد بۆ بەرز و پیرۆزڕاگرتنى ئەو ڕۆژە، وتیشى مایەى خۆشحاڵیمانە ساڵانە وەک زانکۆى جیهان-هەولێر ڕۆژى ئاڵاى کوردستان بە چالاکى جۆراوجۆر بەرز و پیرۆز ڕادەگرین، هانى فێرخوازانیشدا لە سایەى ئاڵاى کوردستان و پێگەى زانستى زانکۆى جیهان پەرە بە توانا و بەهەرەکانیان بدەن تا ببنە گەنج بە توانا و، لە داهاتودا بەو زانست و زانیاریانەى لە زانکۆ فێرى بوون ڕۆڵى خۆیان بگێڕن لە ئاوەدانکردنەوەى سەرخان و ژێرخانى کوردستان و، بەرزڕاگرتنى ئاڵا و ناو و پێگەى کوردستان، هەروەک دوپاتى هەموو هاوکاریەکى زانکۆى جیهان-هەولێرى بۆ فێرخوازان و گرنگیدان بە بەهەرە و تواناکانیان دوپات کردەوە.
لە کۆتای وتەکەشیدا پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕۆژى ئاڵاى کوردستان لە دایکى شەهیدان بەتایبەت و فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر و تەواوى خەڵکى کوردستان پیرۆز کرد.هەر بەو بۆنەیەوە؛ دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆکى دەستەى ئەمنیداریەتى زانکۆکانى جیهان وتارێکى پێشکەشکرد و، تیایدا سەربارى پیرۆزبایکردنى ئەو ڕۆژە لە فێرخوازان و گەلى کوردستان، هانیدان پەرە بەتوانا زانستیەکانیان بدەن، تا ئاڵاى کوردستان هەمیشە گەشاوە بێت و، لە ژێر ئەو ئاڵایەش بتوانن خزمەت پێشکەش بەگەل و نەتەوەکەیان بکەن.
لە کۆتاى مەراسیمەکەدا لەلایەن پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان- هەولێر و، دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆکى دەستەى ئەمنیداریەتى زانکۆکانى جیهان و، میوانانى ئامادەبوو؛ ئاڵاى کوردستان لە گۆڕەپانى زانکۆ بەرز کرایەوە و، فێرخوازانیش بەو بۆنەیەوە بەجلى کوردى و ئاهەنگ و هەڵپەڕکێ و گۆڕانى کوردى ڕۆژى ئاڵاى کوردستانیان زیاتر پیرۆز و جوانتر کرد.