لە زانکۆى جیهان-هەولێر ورکشۆپێک لە بارەى دیزاینکردنی هزرى کارگێڕی بەڕێوەچوو
بەئامانجى بەهێزکردنى هزرى کارگێڕى و، پەرەپێدان بە توانا و لێهاتویی کارگێڕى فێرخوازان و دەرچوان، لە زانکۆى جیهان-هەولێر وۆرکشۆپێکى سێ ڕۆژە بەڕێوەچوو.
لەو وۆرکشۆپەدا، کە بەناونیشانى (دیزاینکردنی هزرى کارگێڕی) لە ڕێکەوتى (١/٨/٢٠٢٣) دەستیپێکرد، لەلایەن زانکۆی جیهان-هەولێر بە هاوکاری دامەزراوەی ئەلمحەتە بۆ کارگێڕی و بە پاڵپشتی کۆمپانیای GIZ و کۆمپانیای کۆرەک تێلیکۆم ڕێکخرابوو.
لە وۆرکشۆپەکەدا، فێرخوازان بە وردى ئاشنای هەنگاو و چۆنیەتى دیزاینکردنى بیرکردنەوەی بووتکامپ (Boot-Camp) کران، کە گرنگی بە تەیارکردنی فێرخوازان و بەشداربوان دەدا بۆ کارامەیی بنەڕەتی لە بواری کارگێڕیدا.
بیرکردنەوەی دیزاین ڕێبازێکی بەکارهێنەر-سەنتەری و نێوان زانستەکانە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان؛ بە ئامانجی باشترکردنی ژیان لە ڕێگەی چارەسەرە ناتەقلیدییەکانەوە، ئەوەش سەرجەم بوارە جیاوازەکان لەخۆدەگرێت، لەوانە گۆڕانکاری لە سیستم و سیاسەت و ستراتیژییەکان، پەرەپێدانی بەرهەم و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری، کە دواجار ڕۆڵێکی بەرچاو لە پێشکەوتنی تەکنەلۆجیادا هەبووە و، کاریگەری زۆری لەسەر ژیانی تاک و کۆمەڵگە دەبێ.
لە وۆرکشۆپەکەدا؛ کە لە ڕێکەوتى (٣/٨/٢٠٢٣) کۆتایی هات، تیادا (٣٥) فێرخواز و دەرچووی زانکۆی جیهان-هەولێر بەشداریان کرد و، بەوردى لەسەر بنەماکانی کارگێڕی، کۆکردنەوەی مێشک و، پەرەپێدانی بنەماکانی پڕۆژەکان ڕاهێنانیان پێکرا.