لە زانکۆى جیهان-هەولێر وۆرکشۆپی نێودەوڵەتی تایبەت بە ئاکارەکانى زیرەکى دەستکرد ( AI) بەڕێوەچوو.
لە ڕۆژانى ڕابردودا؛ بە چاودێڕى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر، زانکۆی جیهان-هەولێر میوانداری وۆرک شۆپێکی نێودەوڵەتی کرد بەناونیشانی ئاکارى AI، ئاسایش و، پەروەردەی کارلێککارانە (AI Ethics, Security, and Interactive Education) کرد.
لەو وۆرکشۆپەدا، کە لە هۆڵى کۆنفرانسەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر بەئامادەبوانى مامۆستایان و پسپۆڕان و فێرخوازانى زانکۆ بەڕێوەچوو، لەسەرەتادا وتەى بەخێرهاتن پێشکەشکرا، لە میانەى وتەکەدا بە گرنگیەوە باس لە چۆنیەتى سوود وەرگرتن لە زیرەکى دەستکرد (AI) کرا، بەڵام بەڕەچاوکردنى لایەنى ئاکارى و ئاسایشى.
پاشان لەبەر ڕۆشنایی وۆرکشۆپەکەدا؛ پڕۆفیسۆر دکتۆر کەمال بێچکوم (Prof. Dr. Kamal Bechkoum) لە زانکۆی ئابەرتای (University of Abertay) لە بەریتانیا، بابەتێکى بەناونیشانى ئاکار و ئاسایشی AI (AI Ethics and Security) پێشکەش کرد، لە میانەى پێشکەشکردنى بابەتەکەیدا جەختی لە پەرەپێدانی بەرپرسیارانەی (AI) و پاراستنی نهێنی داتا و پاراستنی سیستمەکان و هەڕەشە ئەلیکترۆنییەکان کردەوە، هەروەها بەگرنگی باسى لە هاوسەنگکردنی داهێنان لەگەڵ ستانداردە ئەخلاقییەکان بۆ دڵنیابوون لە پێشکەوتنی تەکنەلۆژی سەلامەت و دادپەروەرانە کردەوە، بۆ ئەوەش چەندین نمونەى جۆراوجۆرى هێنایەوە، لە بەشێکى دیکەى وۆرکشۆپەکەدا دکتۆر حەسەن فەهمى دەلۆیی لە زانکۆی جیهان-هەولێر بابەتێکى بەناونیشانى فێرکردن و فێربوونی کارلێککارانە لە بەرزکردنەوەی بەشداریکردن و دەستکەوتی ئەکادیمی (Interactive Teaching and Learning in Enhancing Engagement and Academic Achievement) لەگەڵ هاوشێوەى خۆى بە زیرەکى دەستکرد پێشکەشکرد، لە چوارچێوەى بابەتەکەیدا دکتۆر حەسەن فەهمى دەلۆیی، کە بۆ یەکەمینجارە لەسەر ئاستى عێراق و هەرێمى کوردستان بەڕێوەدەچێ لەگەڵ هاوشێوەکەى خۆى گفتوگۆی لەبارەى ئەو ستراتیژییە پەروەردەییە مۆدێرنەکان کرد، کە بە ئامرازەکانی ( AI) بەهێز دەکرێن، بۆ ئەوەش باسى لە گرنگی دروستکردنی ژینگەی فێربوونی کارلێککارانە کرد، کە بەهۆى زیرەکى دەستکرد ڕێگە بە پەرەپێدانی بەشداریکردنی فێرخوازان و گفتوگۆى زانستى و ئەکادیمى زیاتر دەدات، هەروەک بەڕێوەبردنى کۆنفرانسەکەش بەو شێوەیە بۆخۆى نمونەیەکى زیندو و ناوازەى ئەکادیمى بوو.
لە کۆتایی وۆرک شۆپەکەدا؛ ئامادەبوان کۆمەڵێک سەرەنج و پرسیار و بۆچونى جیایان لەبارەى ناوەڕۆکى بابەتەکانى وۆرکشۆپەکە خستەڕوو، بە گفتوگۆکردن و وەڵامدانەوەى سەرەنج و پرسیارەکان کۆتایی بە وۆرکشۆپەکە هات.