لە زانکۆى جیهان-هەولێر وۆرک شۆپێک لەبارەى تەکنەلۆژیا و زیرەکی دەستکرد بەڕێوەچوو
ڕۆژى یەکشەممە ڕێکەوتى (٤/٥/٢٠٢٥) بەئامادەبوونى پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر عبدالستار عبدالکریم یاریدەیدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى کارگێڕى و فێرخوازان و، ژمارەیەک لە ڕاگر و سەرۆک بەش و مامۆستایان، وۆرک شۆپێک لەبارەى تەکنەلۆژیا و زیرەکی دەستکرد بەڕێوەچوو.
لەو وۆرکشۆپەدا، کە لە هۆڵى (VIP) زانکۆ بە بەشدارى فێرخوازانى بەشەکانى ئەندازیارى پرۆگرامسازی وئينفۆرماتيك و بەشى زانستى کۆمپویتەر بەڕێوەچوو، (محەمەد ئازاد) لە کۆمپانیای تەکنۆ تەکنەلۆجیاوە باسى لە دیارترین ڕەوتەکانی داهاتوو لە بواری زیرەکی دەستکرد کرد، بۆ ئەوەش ئاماژەى بە نوێترین داهێنانەکان لە بواری پرۆگرامسازی و شیکاری داتاکان کرد و، هەروەک پێداچوونەوەشى بە پڕۆژە پێشەنگەکانی بوارى تەکنەلۆژیا کرد، هەر لە میانەى قسەکانیدا نوێنەرى کۆمپانیای تەکنۆ دەستپێشخەرییەکی ناوازەی ڕاگەیاند کە ئامانج لێی پشتگیریکردنی بەهرەی فێرخوازانە، بەپێى دەستپێشخەرییەکە کۆمپانیاکە بڕیاریدا چەند فێرخوازێکى سەرکەوتوو لەنێو بەشداربووانی وۆرکشۆپەکەدا هەڵبژێرێت بۆ ڕاهێنانی ناوخۆیی، هاوکات لەگەڵ راهێنانیان مووچەیەکى مانگانەیان لە ماوەی ڕاهێنانەکەدا بۆ دابین دەکات، هەر بە پێى ئەم دەستپێشخەرییە، فێرخوازى پلەی یەکەم بە بڕی ١٠ هەزار دۆلار خەڵات دەکرێت، ئەمە جگە لەوەى ڕاستەوخۆ دواى تەواوکردنى خولەکە دەرفەتى دامەزراندنی کارێکی لەناو کۆمپانیاکەدا بۆ دەڕخسێندرێ.
ئەم دەستپێشخەرییە لەلایەن ئامادەبووانەوە پێشوازییەکی باشی لێکرا و، فێرخوازانیش دڵخۆش بوون بەو دەستپێشخەرییەو سوپاسگوزاری خۆیان دەربڕی بۆ دەرفەتێکی وەها بەنرخ کە بەشدارە لە پەرەپێدانی توانا پراکتیکییەکانیان و باشتر ئامادەکردنیان بۆ بازاڕی کار.