لە زانکۆى جیهان-هەولێر پێنجەمین کۆنفرانسى هاوبەشى نێودەوڵەتى لە بوارى زانستەکانى ئەندازیارى تەلارسازى و شارستانى بەڕێوەدەچێ
بەئامادەبوونى ژمارەیەکى بەرچاو لە توێژەرانى بیانى و ناوخۆى و عێراقى، زانکۆى جیهان-هەولێر بەهاوبەشى لەگەڵ زانکۆى پوترا لە مالیزیا، پێنجەمین کۆنفرانسى هاوبەشى نێودەوڵەتى لە بوارى زانستەکانى ئەندازیارى تەلارسازى و شارستانى بەڕێوەدەبات.
لەو کۆنفرانسەدا، کە وا بڕیارە ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (٢٦/٢/٢٠٢٥) لە هۆڵى کۆنفرانسەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر دەست بەکارەکانى بکات، تیایدا چەندین توێژینەوەى ئاست بەرز لەلایەن توێژەران و مامۆستایان و شارەزایان لە سەر ئاستى زانکۆکانى وڵاتانى جیهانى و ناوچەکە بخرێتەڕوو، هاوکات لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان و عێراقیش، ژمارەیەک توێژینەوەى ئاست بەرز لە بواى زانستەکانى ئەندازیارى تەلارسازى و شارستانى پێشکەش دەکرێ.
هەر لەو کۆنفرانسەدا، کە ماوەى دوو ڕۆژ دەخاێنێت، لە ڕێوڕەسمى کردنەوەى کۆنفرانس، چەند وتارێک پێشکەش دەکرێت، لەوانە وتارى لێژنەى باڵاى ئامادەکارى کۆنفرانس، وتارى سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر، وتارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، دواى ڕێوڕەسمى کردنەوەى کۆنفرانس لە ڕێگەى چەند (8) دانیشتن، لەلایەن توێژەرانەوە، مامۆستایان دەست بەپێشکەشکردنى توێژینەوەکان بکرێت، لە ماوەى دوو ڕۆژى کۆنفرانسەکەدا جگە لە پێشکەشکردن توێژینەوە ڕەسەنەکان هاوکات دوو وۆرکشۆپیى نێودەوڵەتیش بەڕێوەدەچێ.
لە پەراوێزى پێشکەشکردنى توێژینەوەکان و بەڕێوەچوونى پانێلەکاندا، توێژەران، مامۆستایان و شارەزایانى بوارەکە، کە بەشدارى کۆنفرانسەکە دەکەن گفتوگۆی لەبارەوە ناوەڕۆک و دەرئەنجامەکانى توێژینەوەکانى بوارى ئەندازیارى تەلارسازى و شارستانى دەکەن، واش بڕیارە لە کۆتایی ڕۆژى کۆنفرانسەکەدا دەرئەنجامەکەى لە کۆمەڵێک خاڵدا بخوێندرێتەوە و بۆ لایەنى پەیوەندیدار بەرز بکرێتەوە بەئامانجى کارکردن و جێبەجێکردنى وردەکارییەکانى.