لە زانکۆى جیهان-هەولێر پێنجەمین کۆنفرانسى زانستى نێودەوڵەتى ئەندازیارى تەلارسازى و شارستانى دەستى بەکارەکانى کرد
بەچاودێرى (دکتۆر ئارام محەمەد قادر) وهزیری خوێندنی باڵا و توێژینهوهی زانستی و، بەئامادەبوونى ژمارەیەکى بەرچاو لە توێژەرانى بیانى و ناوخۆى و عێراقى، زانکۆى جیهان-هەولێر بەهاوبەشى لەگەڵ زانکۆى پوترا -مالیزیا (پێنجەمین کۆنفرانسى زانستى نێودەوڵەتى لە بوارى ئەندازیارى تەلارسازى و شارستانى)یان دەستپێکرد.
لەو کۆنفرانسەدا، کە ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (٢٦/٢/٢٠٢٥)، بەئامادەبوونى نوێنەرى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان و، ژمارەیەکى بەرچاو لە ئەکادیمیستان و توێژەران و شارەزایان و مامۆستایانى زانکۆ بەساتێک ڕێزلێنان بۆ گیانى پاکى شەهیدان دەستى پێکرد، لە مەراسیمى کردنەوەیدا چەند وتەیەک پێشکەشکرا.
لەو چوارچێوەیەدا؛ پرۆفیسۆر دکتۆر (ئەمجەد سابر دەلۆ) سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر وتارێکى بەو بۆنەیەوە پێشکەشکرد، لە وتارەکەیدا دواى بەخێرهێنانى نوێنەرى جەنابى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە هەرێمى کوردستان و، نوێنەرى زانکۆى پۆترا و، سەرۆکى زانکۆکان، توێژەران، مامۆستایان، فێرخوازان، میوانان و ئامادەبووانى، ڕایگەیاند: زانکۆى جیهان-هەولێر لەگەڵ زانکۆکانى ناوخۆ و عێراق و ناوچەکە و زانکۆ پێشکەوتوەکانى جیهان خاوەن تۆڕێکى فراوانى پەیوەندى زانستیە، هەربۆیە ساڵانە لەسەر ئاستى پسپۆڕییە جیاکان کۆنفرانسى نێودەوڵەتى و هاوبەشى ئەنجام دەدەین، بۆ ئەو مەبەستەش ڕونیکردەوە، کە ئەو کۆنفرانسەش، بەهاوبەشی لە نێوان زانکۆى جیهان-هەولێر و زانکۆى پوترا -مالیزیا لە بوارى ئەندازیارى تەلارسازى و شارستانى ڕێکخراوە.
لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر باسى لایەنە گرنگەکانى کۆنفرانسەکەى کرد و ڕایگەیاند: گرنگی ئەم کۆنفرانسە لە گرنگی تەوەری سەرەکیەکانیەوە سەرچاوە دەگرێت، کە دواین پەرەسەندن و پێشکەوتن و پێشهاتەکانی بوارەکانی ئەندازیاری شارستانی و تەلارسازی لە خۆدەگرێ، جگە لەوەش ئەم کۆنفرانسە هاوکاتە لەگەڵ پەرەسەندن و زیادبوونى قەبارەی پرۆژەکانى بونیادنان و بوژانەوەى ژێرخانى ئاوەدانى هەرێمی کوردستان و عێراق لە بوارە جیاوازەکانى ئەندازیارى و، ئەندازیارى تەلارسازی و شارستانى بەتایبەت. هەروەها گرنگییەکی تری ئەم ڕووداوە زانستییە هاوبەشی نێوان هەردوو زانکۆیەکە پەیوەستە بە تایبەتمەندی و سوود و ستافی مامۆستایانى هەردوو زانکۆ، کە دەرفەتێکى گرنگ بۆ ئەنجامدانى توێژینەوەی زانستی هاوچەرخ دەڕەخسێنێت، کە ڕەنگە پێداویستییەپەرەسەندووەکان لە بوارەکەدا دابین بکات.
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ بەشێکى دیکەى وتارەکەى تەرخانکرد بۆ خستنەڕوى لایەنە جیاکانى کۆنفرانسەکە، بۆ ئەو مەبەستەش وتى: پێم خۆشە هەندێ داتا و زانیارى تایبەت لە بارەى کۆنفرانسەکەتان پێشکەش بکەم، بۆ نموونە لە ماوەى دەستبکاربوونى لێژنەی زانستی کۆنفرانس (٦٥) توێژینەوەی زانستی لەلایەن توێژەران و پسپۆڕان و مامۆستایان لە زانکۆکانەوە پێشکەشیان کرا، توێژینەوەکان دواى هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوەیان لەلایەن توێژەران و پسپۆڕانى نێودەوڵەتى و ناوخۆیی، لە ئەنجامدا (٥٤) توێژینەوەیان بۆ کۆنفرانس پەسند کران و، (١٠) توێژینەوەى دیکەیان ڕەتکرانەوە، لە توێژینەوە پەسندکراوەکان (١١) توێژینەوەیان لە دەرەوەی عێراق و لە زانکۆکانی (بەریتانیا، ئوسترالیا، ئێران، و مالیزیا) بوون، هاوکات (٤٣) توێژینەوەیان لە زانکۆکانى هەرێمی کوردستان و عێراقەوە پەسندکراون. هەروەها لە کۆنفرانسەکەدا (٣) سێ وتاردەری سەرەکی (keynote speakers) نێودەوڵەتی لە مالیزیا، و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی وتار پێشکەش دەکەن، ئەوە جگە لە (٢) پسپۆڕی ناوخۆیی لە بوارەکانی تەلارسازی و ئەندازیاری شارستانی، جیوتەنکیک، گواستنەوە و ڕێگەى خێرا، سەرچاوەکانى ئاو، پلاندانى شار و دیزاینى شارنشینى، دیزاینى ئەندازیارى و تیوەر و ئاراستە نوێیەکان و تەلار و باڵەخانەکان لەبەر ڕۆشنایی پەرەپێدان و ژینگەى بەردەوام.
هەر لە وتارەکەیدا، سەرۆکى زانکۆی جیهان-هەولێر تەئیکدى لە کارنامەى زانکۆى جیهان-هەولێر کردەوە، کە هەموو هەوڵ و توانایەکى خۆیان بۆ خزمەتکردن بە بوارە جیاکانى کۆمەڵگە دەخەنە کار وتى: ڕێکخستن و بەڕێوەبردنى ئەم کۆنفرانسە لەلایەن زانکۆی جیهان-هەولێر دوپاتکردنى جێبەجێکردنى ئەو بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتییە، کە بریتیە لە پێشکەشکردنی دیدگەی زانستی بۆ پڕکردنەوە و دابینکردنی پێداویستییە کۆمەڵایەتی و کارگێڕیی و ئەندازیارییەکانى حکومییەکانی هەرێم. زانکۆکەمان ئامانجی بونیادنانی بەردى بناغەی زانست و شارەزاییە لە ڕێگەی توێژینەوە کواڵیتی ئاستى بەرزى زانستی، هەربۆیە زانکۆی جیهان-هەولێر هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە شانى داوەتە بەر ئەو ئەرکە و بەردەوامە لە دۆزینەوە و پاراستن و بڵاوکردنەوەی زانیاری، ئەوەش لە پێناو پەروەردەکردنی نەوەکانی داهاتووی و، بەرەوپێشبردن و بڵاوکردنەوەى کەلتوری توێژینەوەى زانستى لەسەر ئاستە جیاوازەکان.
لە بەشى کۆتایی وتارەکەیدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ئاماژەى بە پێگە و دەسکەوتە زانستیەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر لە ڕیزبەندییە نێودەوڵەتیەکان کرد و وتى: لە ڕیزبەندى تایمزى بەریتانى بۆ خوێندنى باڵا لەسەر ئاستى زانکۆکانى جیهان بۆ پسپۆڕییەکان (Interdisciplinary Science Rankings 2025) بۆ ساڵی ٢٠٢٥، کە تیایدا سەدان زانکۆ و دامەزراوە ئەکادیمیی لە (٩٢) وڵاتی جیهانەوە بەشداریان لەم ڕیزبەندییەدا کردووە، لەسەر ئاستى عێراقیش لە کۆی زیاتر لە (١٥٠) زانکۆی حکومی و تایبەت تەنها (12) زانکۆ ڕیزبەند کراون، لە نێویاندا زانکۆی جیهان – هەولێر پلەی یەکەمی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و دووەم لەسەر ئاستی عێراق لەدوای زانکۆی بەغدا لە نێوان سەرجەم زانکۆ حکومی و تایبەتەکان بەدەستهێناوە، لەسەر ئاستى زانکۆکانى وڵاتانى جیهانیش لە پلەی (251) دا هاتووە.
هەروەها لە نوێترین وەشانى ڕیزبەندى نێودەوڵەتى شیکاری کلاریڤێت بۆ کاریگەری توێژینەوە (Clarivate InCite)، کە بۆ زانکۆکان لەسەر ئاستى جیهان بۆ ساڵى (2020-2024) ئەنجامیداوە و، لە ڕێکەوتى (2025/1/31) بڵاوکراوەیەوە، زانکۆی جیهان-هەولێر بۆ جارێکى دیکە لەسەر ئاستى سەرجەم زانکۆ تایبەتەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان لە پلەى یەکەمدا هاتووە، هاوکات لەسەر ئاستى سەرجەم زانکۆ حکومى و تایبەتەکان لە هەرێمى کوردستان لە پلەى سێەمدا هاتووە. هەر لەو ڕیزبەندییەدا، ئەوەش هاتووە کە زانکۆى زانکۆی جیهان – هەولێر لەو ماوەیەدا توانیویەتى (1,076) بەڵگەنامەی لە (WoS-indexed) تۆمار بکات، هەروەها لەم وەشانە نوێیەدا ئەوەش دەرکەوتووە، کە زانکۆى جیهان-هەولێر توانیویەتى (22,249) سایتەیشن (Citations) لە بەڵگەنامەکانی لە (WoS-indexed) کۆبکاتەوە، بەو شێوەیە زانکۆی جیهان هەولێر توانیویەتى زۆرترین فاکتەری کاریگەر کۆبکەنەوە.
لە کۆتایی وتارەکەیدا، پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ دوپاتیکردەوە، ئەم دەستکەوتە سەرنجڕاکێشە زانکۆى جیهان-هەولێر ڕەنگدانەوەی پابەندبوونی بەهێزی زانکۆی جیهان-هەولێر بە بەرزى ئاستى ئەکادیمی و داهێنانی توێژینەوەى زانستى، چونکە لە سەرۆکایەتى زانکۆى جیهان-هەولێر بەردەوام جەخت لەسەر گرنگی توێژینەوە و گواستنەوەی زانیاری دەکەینەوە، هەروەک دەستپێشخەری و ستراتیژی جۆراوجۆرى بۆ پشتگیریکردنی چالاکییە زانستییەکانمان هەیە، لەو چوارچێوەیەدا بەرنامە و ستراتیژى تایبەت بۆ پاڵپشتى و بەهێزکردنى توێژینەوەى زانستى پەیڕەو دەکەین، ئەوەش بۆتە جێى بایەخى توێژەران، ئەم دەستکەوتەى زانکۆی جیهان-هەولێر وەک ناوەندێکی پێشەنگى ئەکادیمی پێگەیەکى دیارترى لە ناوچەکە و ئاستى جیهان پێ دەبەخشێ، بەتایبەت لە کۆمەڵگەى ئەکادیمى، هەروەک پێگەى خوێندنی تایبەت لە هەرێمی کوردستان بەهێزتر دەکات
لە بەشێکى دیکەى کۆنفرانسەکەدا، وتارى زانکۆى پۆتراى مالیزى لەلایەن پڕۆفیسۆر دکتۆر دکتۆر محمد جوهاری محمد یوسف (Ts. Gs. Dr. Mohd Johari Mohd Yusof) ڕاگری کۆلێژی ئەندازیاری لە زانکۆى پۆترا مالیزیا پێشکەش کرا، لە وتارەکەدا دواى ئەوەى بە خۆشحاڵی و شانازییەوە گوزارشتى لە بەشداریکردنى پێنجەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی زانستى لە بوارى ئەندازیارى تەلارسازی و ئەندازیاری شارستانی کرد، وتى: ئەم کۆنفرانسە کە لەلایەن زانکۆی جیهان-هەولێر بە هاوبەشی لەگەڵ زانکۆکەمان زانکۆى پۆترا بەڕێوەدەچێت ڕووداوێکی زانستی گرنگ و، دەرفەتێکی باشە بۆ زانایان و توێژەران بۆ ئەوەی بیرۆکە و بیروڕاکانیان بەیەکەوە باس بکەن، بەتایبەتی لە بابەتە گرنگەکانی وەک زانستی تەلارسازی و ئەندازیاری شارستانی. لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا باسى لە کارەکانى لێژنەکانی زانستی و ئامادەکاری کرد و، بۆ ئەوەش سوپاس و دەستخۆشى لێکردن، بەتایبەت سوپاسى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکی زانکۆی جیهان، هەولێر و تەواوى ستافى زانکۆى کرد بۆ ڕێکخستن و بەڕێوەبردنى کۆنفرانسەکە
لەلایەکى دیکەوە دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆکى دەستەى ئەمینداریەتى زانکۆکانى جیهان وتەیەکى پێشکەشکرد، لە وتارەکەیدا دواى بەخێرهێنانى میوانانى ناوخۆ و دەرەوە، بە گرنگیەوە باسى لە کۆنفرانسەکەدا کرد بەتایبەت کە تەوەرە سەرەکیەکانى جەخت لە بابەتى تەلارسازى و شارستانى دەکاتەوە، جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە کە پەرەپێدانى بوارى ئەندازیارى تەرسازى و شارستانى بەسودوەرگرتن لە زیرەکى دەستکرد دەتوانێ دەسکەوتى گرنگ بەدەست بهێنێ، ڕونیشیکردەوە، زیرەکى دەستکرد لە ئەمڕۆدا بایەخى زۆرى بۆ ڕێکخستنى کاروبارەکانى ژیان لەسەرجەم بوارەکاندا هەیە، بۆ ئەوە مەبەستەش وتى: دەبێ زانکۆکان و توێژەران توێژینەوەکانیان بەرەو زیرەکى دەستکرد و شیکردنەوەى لایەنە جیاکان و چۆنیەتى سودوەرگرتن بۆ ڕێکخستن و باشترکردنى کاروبارەکانى ژیان ئاراستە بکەن و، بەرچاوى کۆمەڵگە ڕون بکەن و، میکانزمەکانى سودوەرگرتن لە بوارى زیرەکى دەستکرد دەستنیشان بکەن، لە کۆتایشدا هیواى خواست زانکۆکان لەو کارى هەماهەنگى و هاوبەشى کارانە بەردەوام بن تا بەیەکەوە دەسکەوتى زانستى بۆ گەلەکانیان و مرۆڤایەتى بەدەست بهێنن.
پاشان د. سەباح ابراهیم وەیس ڕاوێژکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەنوێنەرایەتى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتارێکى پێشکەشکرد، لە سەرەتاى وتارەکەیدا بەناوى د.ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى خۆشحاڵى خۆى دەربڕى بە بەڕێوەچونى پێنجەمین کۆنفرانسى تایبەتە بە بوارەکانى ئەندازیارى تەلارسازى و شارستانى و، لەلایەن هەردو زانکۆى جیهان-هەولێر بەهاوبەشى زانکۆى پۆتراى مالیزى بەڕێوەدەچێت، بۆ ئەوەش دەستخۆشى لە هەردو زانکۆکە کرد بۆ ئەو هاوکارى و هاوبەشە زانستیە لە نێوانیان دروستیان کردوە.
لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا نوێنەرى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەگرنگیەوە باسى لە ڕۆڵ و پێگەى زانکۆى جیهان-هەولێر کرد و وتى: زانکۆی جیهان-هەولێر؛ توانیویەتى ببێتە یەکێک لە دامەزراوە ئەکادیمییە پێشەنگەکانی عێراق، ئەمەش هەروا لە خۆڕا بەدى نەهاتووە، بەڵکو لە سایەی پابەندبوونی بە باشی و کواڵیتى ئەکادیمی و هاندانی توێژینەوەی زانستی و پاڵپشتیکردن لە داهێنان و پەرەپێدان لە پرۆگرامەکانى خوێندن و بوارە جیاوازەکانی ئەندازیاریدا بەدیهاتووە، زانکۆى جیهان-هەولێر لە بوارى ئەندازیاریدا هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە، بەرپرسیاریەتى ئامادەکردنی نەوەیەکی هۆشیار بە زانستەکانى ئەندازیاری و لێهاتوو بە زانست و کارامەییەکانى سەردەم لە ئەستۆ گرتووە، چونکە پێى وابووە ئەم بوارە بەرپرسیاریەتی گەورەى بۆ بونیادنانەوە و پەرپێدانی ژێرخانى کۆمەڵگە و برودان بە کاروانى ئاوەدانى لە ئەستۆیە.
هەر لە وتارەکەیدا د.سەباح ئیبراهیم بە بایەخەوە باسى لە بوارى ئەندازیارى کرد و وتى: ڕۆڵی ئەندازیارى تەلارساز و ئەندازیارانی شارستانی لە بوارى گۆڕانکاری و پەرىپێدان پێشەنگ و دیارە، چونکە ئەوان تەنها جێبەجێکاری پڕۆژە نین، بەڵکو بیرمەند و پلاندانەر و داڕێژەرى ستراتیژەکانن و، بەشدارن لە داڕشتنى دیدگەى کۆمەڵگەکانمان بۆ داهاتوو، لێرەوە گرنگی توێژینەوەی زانستی و پەرەپێدانی تەکنەلۆژی لەم بوارەدا بۆتە پێویستیەکى هەنوکەیی، بەو پێیەی داهێنانە مۆدێرنەکانی وەک بیناسازی زیرەک، بەردەوامیی ژینگە و، بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای زیرەکی دەستکرد لە دیزاینی تەلارسازیدا بوونەتە ڕەهەندێکی سەرەکی لە پەرەپێدانی ژێرخان و باشترکردنی کوالیتی ژیان، دڵنیاشم لەم کۆنفرانسەدا بە توێژینەوەى زانستى تاوتوێى ئەو بوارەش دەکرێ.
لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا ڕاوێژکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى باسى لە دیدگە و ڕوانینى وەزارەتى بۆ بوارى ئەندازیارى کرد ڕاگەیاند: له وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەڕێمی کوردستان لە کار و پرۆژەکانمان هەوڵى بەردەوام بۆ به دیهێنانی پەرەپێدانی بەردەوام و پرۆسەى ئاوەدانکردنەوه لە بوارە جیاوازەکان دەدەین، به تەواوەتیش ئاگاداری گرنگی ئەندازیارى تەلارسازی و ئەندازیاری شارستانیین له داڕشتنی ئایندەی وڵاتدا، هەر لەسەر ئەو بنەمایەش لە وەزارەتدا گرنگى زۆر بە بەرزکردنەوەی ئاستى هاوکاری نێوان دامەزراوە ئەکادیمییەکان، ناوەند و سەنتەرەکانی توێژینەوەى زانستى و، کەرتی گشتی و تایبەت دەدەین، ئەوەش بەمەبەستی پەرەپێدانی پڕۆژەی ئەندازیاری مۆدێرن، بەجۆرێک پێداویستییەکانی کۆمەڵگە پڕ بکاتەوە و ئاستى ژێرخان و گەشەسەندنی ئابووریش بەرز بکاتەوە.
لەم چوارچێوەیەدا چەند ڕەهەندێکى سەرەکی هەیە، کە پێویستە زانکۆ و دامەزراوە زانستیەکان و توێژەران لە قۆناغی داهاتوودا سەرنجی زیاتریان لەسەر بێت، ئەوانیش ئەمانەن:
- بەهێزکردنى توێژینەوەی زانستی و سوود وەرگرتنى زیاتر لە تەکنەلۆژیاى مۆدێرن لە بواری ئەندازیارى تەلارسازی و ئەندازیاری شارستانی، ئەوەش بە پاڵپشتیکردن لە داهێنانەکان و دامەزراندنی سەنتەری توێژینەوەی تایبەتمەند و هاندانی هاوکاری لەگەڵ زانکۆ نێودەوڵەتییەکان.
- وەبەرهێنان لە ژێرخانی پەرەپێدانى بەردەوام، ئەوەش بە ڕەچاوکردن و جێبەجێکردنى پێوەر و ستانداردەکانی پەیوەست بە لایەنى بیناسازی سەوز و ژینگە دۆستى، بۆ ئەوەش گرنگە ئەو کەرەستە و ئامێر و ئامراز و تەکنەلۆژیایانە بەکار بهێندرێن کە دۆستی ژینگەن.
- پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان لەڕێگەی نوێکردنەوەی پرۆگرامەکانى خوێندن و، دابینکردنی بەرنامەی ڕاهێنانی پێشکەوتوو بۆ ئەندازیاران و، هاندانى گەنجان بۆ داهێنان و خوڵقاندنى بیرۆکەى نوێ لەم بوارەدا.
- پتەوکردنی کارى پێکەوەیی و زیادکردنى ئاستى هاوبەشی نێوان کەرتی گشتی و تایبەت بۆ دابینکردنی سەرچاوەى دارایی و، جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژە گەورانەى، کە بەشدارن لە ئاوەدانکردنەوەی شارەکان و باشترکردنی کوالێتی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان.
- پلاندانانی شارنشینى زیرەک، کە پشت بە داتای گەورە و تەکنەلۆژیای مۆدێرن دەبەستێت بۆ باشترکردنی بەڕێوەبردنی شار و بەدیهێنانىی ئامانجەکانى پەرەپێدانى بەردەوام.
لە کۆتایی وتارەکەیدا، دکتۆر سەباح ابراهیم وەیس دوپاتیکردەوە کۆنفرانسەکە دەبێتە وێستگەیەکى زانستى گرنگ بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دوایین پێشهاتەکانی بواری ئەندازیارى تەلارسازی و ئەندازیاری شارستانی، هەروەها دەرفەتێکە بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموون و بیرۆکە نوێییەکان لە نێوان توێژەران و پسپۆڕان، هەروەها لەوەش دڵنیاین دەرئەنجامەکانی ئەم کۆنفرانسە بەشدارییەکی بەرچاویان لە دانانی بناغەی زانستی ڕوون بۆ داهاتووی ئەندازیاری لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت.
هەر لە مەراسیمى کردنەوەى کۆنفرانسدا، کورتە ڤیدیۆ یەک لەبارەى زانکۆى جیهان-هەولێر نمایش کرا، پاشان بەرنامەى کارى کۆنفرانس دەستپێکرد، لەو کۆنفرانسەدا کە ماوەى دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێ، (٥٤) توێژینەوە لە ڕێگەى (٨) دانیشتنى جیا پێشکەش دەکرێن، سەربارى ئەوەش پێنچ قسەکەری سەرەکى وەک ((Keynote Speaker کۆنفرانسەکە بەڕێوەدەبەن و، گفتوگۆ لەبارەى چۆنیەتى پڕکردنەوەی پێداویستییەکانى کۆمەڵگە و پتەوکردنى پایەکانى بونیادنان و ئاوەدانکردنەوە لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان و عێراق و هەڵکردن لەگەڵ گۆڕانکارییەکانى سەردەم لە بوارى ئەندازیارى شارستانى و تەلارسازى و ژینگە و سەرچاوەکانى ئاو و ڕێگەوبان و…هتد دەکەن.