لە زانکۆی جیهان-هەولێر بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی کرێکارانەوە بۆنەیەکی تایبەت بۆ کارمەندانى ژینگە پارێز بەڕێوەچوو
ڕۆژى یەکشەممە ڕێکەوتى (٤/٥/٢٠٢٥) سەرۆکایەتى بەشى یاسا لە زانکۆی جیهان-هەولێر بۆ یادی ڕۆژی جیهانی کرێکاران کە دەکەوێتە 1ی ئایاری هەموو ساڵێک، وەک دەربڕینی سوپاسگوزاری بۆ ئەو ڕۆڵە بەرچاوەی کرێکاران دەیگێڕن لە پاڵپشتیکردنی پرۆسەی پەروەردەیی و کارگێڕی لەناو زانکۆدا، چالاکیەکى تایبەت بۆ کارمەندانى ژینگە پارێز لە زانکۆ بەڕێوەچوو.
چالاکییەکە لە هۆڵی ئەکادیمیای زانکۆ بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆلێژى یاسا و پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان و فێرخوازان بەڕێوەچوو، بۆ ئەوە سەرەتا دکتۆر عومەر زوبێر سەرۆکى بەشی یاسا لە وتەیەکدا ستایشى کارمەندانى ژینگەپارێزى زانکۆى کرد و، وتى: سەرکەوتنی هیچ دامەزراوەیەک بەبێ هاوکاری و یەکخستنی هەموو پێکهاتەکان بەدی نایات، وتیشى کارمەندانى ژینگە پارێز ڕۆڵێکى دیار و بەرچاویان لە زانکۆکەمان هەیە و، بە بڕبڕەی پشتی زانکۆ لێیان دەڕوانین، بەو پێیەی کەشێکی گونجاو بۆ کارکردن و خوێندن لە زانکۆ دروست دەکەن، چونکە ڕۆڵى گرنگیان لە پاراستنی پاکوخاوێنی و سەلامەتی لەناو کەمپى زانکۆکەماندا هەیە، ئاماژەى بەوەشدا ڕێکخستنى ئەم چالاکیە ئاماژەیەکى بچوکە بۆ دەربڕینی ڕێز و سوپاسى قووڵى ئێمە بۆ ئەوان.
لە کۆتایی چالاکییەکەدا دیاریەک بەسەر سەرجەم فەرمانبەرانی ژینگەپارێزى زانکۆدا دابەشکرا وەک پێزانین بۆ ماندووبوون و خۆبەخشییان بۆ ئەرکەکانیان، لە بەرامبەر کارمەندانى ژینگە پارێزى سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ ئەم دەستپێشخەرییە دەربڕی کە گوزارشت لە گیانی پێزانین و ڕێزگرتنی یەکتر لە ناو زانکۆدا دەکات.