لە زانکۆی جیهان – هەولێر بە چالاکیەک یادى قوربانیانى شاڵاوەکانى پرۆسەى ئەنفال کرایەوە
لە ساڵیادى شەهیدان و قوربانیانى پرۆسەى ئەنفال، بە چاودێرى سەرۆکایەتى زانکۆى جیهان-هەولێر چالاکیەک بەڕێوەچوو. لەو چالاکیەدا، کە ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتى (١٤/٤/٢٠٢٥) سەرۆکایەتى بەشى ڕاگەیاندن لە هۆڵى کۆنفرانسى زانکۆ، بەئامادەبوونى ستافى زانستى و فێرخوازان و میوانان، یادى شەهیدان و قوربانیانى شاڵاوەکانى ئەنفالى کردەوە.
چالاکییەکە بە سروودی نیشتمانی و خولەکێک بێدەنگی بۆ یادی شەهیدان دەستپێکرد، پاشان ژمارەیەک لە فێرخوازانى بەشى ڕاگەیاندن کۆمەڵە شیعرێکی هەمەچەشنیان پێشکەش کرد، کە ناوەڕۆکەکەى گوزارشتىان لە کارەساتی ئەنفال بە هەموو ڕەهەندە مرۆییەکانی دەکرد، ئەوان ماتەمینیان بۆ ئەو قوربانییە بێتاوانانەیان دەربڕى کە بوونە قوربانی ئەو هەڵمەتە دڕندانەیە، ئەمەش کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر ئامادەبووان هەبوو. پاشان مامۆستاى یاریدەدەر ئەحمەد جەمال هەورامی مامۆستا لە بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر وتارێکی پێشکەش کرد و جەختی لەگرنگی یادکردنەوەی ئەو یادە پڕ لە ئازارە کردەوە، ئاماژەى بۆ بۆ ئەوەش کرد کە ئەم یادکردنەوەیە تەنیا ڕێوڕەسمی ماتەمینی و گریان نییە بۆ قوربانییەکان، بەڵکو بۆنەیەکە پێویستە وانەى ئەخلاقی و مێژوویی لێ وەربگیرێت، بۆ ئەوەى دڵنیابێت لەوەی ئەو جۆرە دڕندەیی و تاوانانەی دژ بە مرۆڤایەتی لە هیچ شوێنێکی جیهان دووبارە نەبنەوە. لە بەشێکى دیکەى وتەکەیدا بە شێوەیەکی بەرفراوان پێداچوونەوەی بە لایەنى مێژوویی و سیاسی هەڵمەتەکانی ئەنفال کرد و شیکردنەوەی هۆکار و پاڵنەرەکانی کرد، کە بوونە هۆی ئەنجامدانی ئەو تاوانە ترسناکانە و ئاماژەی بە پێشێلکارییە گەورە و سیستماتیکییەکانی مافی مرۆڤ کرد کە لەو ماوەیەدا ئەنجامدراون. لە وتارەکەیدا جەختی لە پێویستی هەوڵی هاوبەش بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ قوربانیان و کەسوکارەکانیان و لێپرسینەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەو تاوانانە لەبەردەم یاسا و مێژوودا کردەوە.
لە بەشێکى دیکەى چالاکیەکەدا، ئاسۆ عەلی فەرەج فێرخوازى قۆناغى سێیەم لە بەشی ڕاگەیاندن لە میانەى پێشکەشکردنى بابەتێکدا پێداچوونەوەی بە ڕووداوەکانی هەڵمەتەکە و قۆناغەکانى ئەنفال کرد، وتیشى لە ڕێگەی قۆناغە جیاوازەکانی هەڵمەتەکە کۆمەڵێک تاوانى قێزەوەن لەو ماوەیەدا ئەنجامدراون، لەوانە کوشتنی بەکۆمەڵ و وێرانکردنی گوندەکان و ئاوارەبوونی زۆرەملێ و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی …هتد، لە میانەى خستنەڕووى بابەتەکەىدا بە ڕوونی و بە بەکارهێنانی وێنە و نەخشە و هێڵکاری باسى لە گەورەیی کارەساتەکە کرد.
بەشێکى دیکەى چالاکیەکە تەرخانکرا بۆ نمایشکردنى فیلمێکى دۆکیۆمێنتارى تایبەت بە پرۆسەکانى ئەنفال، فیلمەکە لەلایەن کۆمەڵێک فێرخوازانى بەشى میدیاوە بەرهەم هێنرا بوو، فێرخوازان لە ڕێگەى ئەو فیلمەوە هەوڵیان دا باسێکی ئەو تاوانە لە ڕوانگەی گەنجێکەوە بخەنەڕوو، بە ئامانجی گەیاندنی ڕاستی ئەو شتانەی بەسەریاندا هاتووە، تا نەوەى نوێ ئاشنا بن بەو کارەساتە گەورەیەى بەسەر میللەتى کوردا هاتووە، فیلمەکە پێشوازییەکی باشی لێکرا و لەلایەن بینەرانەوە بەرز نرخێندرا، هەروەها توانای خوێندکارانی بەشی میدیای نیشاندا بۆ بەکارهێنانی ئامرازەکانی میدیا بۆ خزمەتکردن و گەیاندنى کێشەکانی کۆمەڵگەکەیان بەشێوەیەکى کاریگەر و ئامانجدار.
لە کۆتایی چالاکییەکەدا مامۆستاى یاریدەدەر ئەزوەر قاسم ئاغا سەرۆکى بەشی ڕاگەیاندن و ئامادەبووان سوپاس و دەستخۆشى لە فێرخوازان کرد بۆ هاوکارییەکانیان و بەشداریکردنیان لەم چالاکیە گرنگەدا، هەروەک بە گرنیگەوە باسى لەو جۆرە چالاکیانە کرد بۆ وەبیرهێنانەوەی نەوەکانی داهاتوو لە گەورەیی ئەو قوربانیانەی گەلی کوردستان داویەتى، هەروەها باسى لە هەنگاونانى پێویست کرد بۆ ڕێگریکردن لە دووبارە نەبوونەوەی ئەو جۆرە کارەساتانە و، دەستەبەرکردنی ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ لە هەموو شوێنێک.