لە زانکۆی جیهان-هەولێر خولى ڕاهێنانى پەرەپێدانى تواناکانی پەیوەندیکردن لە بوارى تەندروستی دەستى پێکرد
لە بەردەوامى کار و پرۆژە بەردەوامەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ پەرەپێدانى تواناى مامۆستایان و پزیشکان و کارمەندان و فەرمانبەران لە سێکتەرە جیاکان، بەچاودێرى و ئامادەبوونى پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر، خولى ڕاهێنانى پەرەپێدانى تواناکانی پەیوەندیکردن لە بوارى تەندروستی دەستى پێکرد.
لەو خولەدا، کە ڕۆژى یەک شەممە ڕێکەوتى (٢٣/٢/٢٠٢٥) لە هۆڵى (VIP) زانکۆ بەئامادەبوونى پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و، دکتۆر دلۆڤان محمد فاتح جەلال بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى تەندروستى هەولێر و، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەیاد حازم کاکەیی یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى زانستى و، ڕاگر و سەرۆکى بەش و مامۆستایان؛ خولەکە بەساتێک ڕێزگرتن دەستى پێکرد، بەر لە دەستپێکردنى خولەکەش چەند وتەیەک بەو بۆنەیەوە پێشکەشکران، لەو چوارچێوەیەدا لەسەرەتادا سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لە میانەى پێشکەشکردنى وتەیەکیدا دواى بەخێرهێنانى ئامادەبوان، ئاماژەى بە کار و پرۆژە گرنگەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر کرد و وتى: کارى زانکۆ تەنها بەخشینى بڕوانامە نیە، بەڵکو یەکێک لە ئەرکەکانى پێشکەشکردنى هەموو جۆرە خزمەتگوزارییەکە بە کۆمەڵگە، چونکە کۆمەڵگە بەردەوام لە گۆڕانکارى و پێشکەوتندایە، بەتایبەت لەم سەردەمەدا کە تەکنەلۆژیا و زیرەکى دەستکرد بەجۆرێک لە پێشکەوتندایە کە لە باوەڕى کەسماندا نیە.
پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ ڕونیشیکردەوە ، یەکێک لە ئەرکە سەرەکیەکانمان لە زانکۆى جیهان-هەولێر هەر لەسەرەتاى دامەزراندنیەوە بریتی بووە لە دروستکردنى پەیوەندى لەگەڵ کۆمەڵگە و خزمەتى کۆمەڵگە لە بوارە جیاکان تا بەشدارى لە پەرەپێدان و پێشکەوتنى هەرێمى کوردستان بکەین، هەر لەو چوارچێوەیەشدا لە ماوەى چەند مانگى ڕابردودا لە پەیکەرى ڕێکخستنى زانکۆکەماندا کۆمەڵێک گۆڕانکارییمان دەستپێکردوە، یەکێک لەو گۆڕانکارییانە بریتیە لە کردنەوەى چەند سەنتەرێک؛ وەک سەنتەرى زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ پەرەپێدان و ڕاهێنانە، سەنتەرى خزمەتگوزارى کۆمەڵگە، سەنتەرى خزمەتگوزارى کاروبارى دەرچووان، کارى ئەم سەنتەرانە بریتیە لە بەهێزکردنى پردى پەیوەندى لەگەڵ کۆمەڵگە و بەشداریکردن لە پەرەپێدانى هەرێمى کوردستان لە بوارە جیاکان.
سەبارەت بە خولەکەش، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لە میانەى وتەکەیدا بە گرنگیەوە باسى لە لایەنە جیاکان کرد و وتى: مایەى خۆشحاڵیمانە ئەو پرۆگرامەى لە میانەى ئەو خولەدا دەیخوێنن تەنها زانکۆین لەسەرتاسەرى عێراق بابەتى (کۆمەنیکەیشن سکیڵ)مان کردوە بە پرۆگرامى خوێندن لە سەرجەم بەشە زانستیەکان کە ژمارەیان (30) سی بەشى زانستیە، چونکە پێمان وایە ئاستى زانستى و تواناى تاک هەرچەندە بێ، بەڵام ئەگەر تواناى پەیوەندیکردنى باش نەبێ ناتوانى بەباشى یارمەتى ئەو کەس بدات کە سەردانى دەکات، بۆ نموونە لە بوارى تەندروستیدا، کارى پزیشک کارێکى گرنگە چونکە ئەوانەى مامەڵەىان لەگەڵدا دەکەن بریتین لە نەخۆش و چارەخواز، ئەوەش پێویستى بە مامەڵەیەکى گونجاوە بۆ ئەوەى بزانێ نەخۆش هەست بە چی دەکات، ئازارەکانى لە کوێیە، چ کاتێک ئازارەکانى زیاد دەبێ…هتد، بەو هۆیەوە باشتر دەتوانی ئاست و جۆرى نەخۆشیەکەى دیارى بکات، هەر لێرەوەش دەتوانێ چارەسەرى گونجاو و تەواوى بۆ نەخۆشەکە دەستنیان بکات.
لە کۆتایی وتەکەیدا، پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ ئامادەیی زانکۆى جیهان-هەولێرى بۆ کردنەوەى ئەو جۆرە خولە بۆ تەواوى بنکە و فەرمانگە تەندروستیەکان لە شار و شارۆچکەکانى دیکەى هەرێمى کوردستان دوپاتکردەوە، هاوکات سوپاسى وەزارەتى تەندروستى و فەرمانگەى تەندروستى هەولێرى کرد، کە لە پەیوەندى و هەماهەنگى بەردەوامدان.
لە بەشێکى دیکەى مەراسیمى کردنەوەى خولەکەدا؛ دکتۆر دلۆڤان محمد فاتح جەلال بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى تەندروستى هەولێر وتەیەکى پێشکەشکرد، لە میانەى وتەکەیدا سوپاسى زانکۆى جیهان-هەولێرى کرد، کە لە رێگەى خولى کۆمەنیکەیشن سکیڵ درێژە بە هەماهەنگى و هاوکارییەکانیان دەدەن، وتیشى یەکێک لە داواکارییەکانى وەزارەتى تەندروستى بۆ کارمەندان و پزیشکان بەتایبەت بەرزکردنەوەى ناونیشانى پزیشکانى پسپۆڕ بریتیە لە بەشدارىکردن و تەواوکردنى ەم جۆرە خولانە بکەن، هەروەک جەختى لە گرنگى ئەم خولە کردەوە وتى: ئەم خولە گرنگى زۆرى هەیە، چونکە هەموو ئەو کەسانەى لە بوارەکانى جیاکانى ژیان کاردەکەن پێویستیان بەم جۆرە خولە هەیە، لەبەرئەوەى پزیشکان لە ماوەى کارکردنیان سودى زۆری بۆیان دەبێ بۆ چۆنیەتى مامەڵەکردن لەگەڵ نەخۆش، بۆ ئەوەش دەستخۆشى لە زانکۆى جیهان-هەولێر و بەتایبەت پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر دەکەم، کە هەماهەنگیەکى زۆرى باشى لەگەڵمان هەبووە، هیواشى خواست ئەم جۆرە خولانە بەردەوامى پێ بدرێت.
لەو خولەدا، کە بۆ ماوەى (٥) پێنچ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، لەلایەن پسپۆڕان و شارەزایان و مامۆستایانى زانکۆى جیهان-هەولێر کار لەسەر چۆنیەتى بەرزکردنەوەی توانای پەیوەندیکردن و چاودێری تەندروستی، دەستەبەرکردنی باشترکردنی چاودێری نەخۆش و چارەسەرخوازان دەکرێ و، ڕۆژانە بەشداربووان بەشداری لە کۆبوونەوە کارلێککەرە جیاوازەکاندا دەکەن، لەوانە ڕاهێنانی ڕۆڵگێڕان، گفتوگۆکردن لەسەر پەیوەندی زارەکی و نازارەکی و، کارکردن لەسەر ئەوەى نەخۆش بکرێتە سەنتەرى کارکردن.