لە زانکۆی جیهان-هەولێر وۆرکشۆپێکی نێودەوڵەتی لەبارەى نەخۆشییەکانى ئێسک بەڕێوەچوو
سەرۆکایەتى بەشی تەکنیکەکانی وێنەگرتنی تیشکی (RIT) لە زانکۆی جیهان – هەولێر، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی (٢٥/١/٢٠٢٦)، وۆرکشۆپێکی نێودەوڵەتی بە ناونیشانی “ئێسکی بەهێز بۆ ژیان: هۆشیاری دەربارەی فشەڵبوونی ئێسک” (Strong Bones for Life: Osteoporosis Awareness) لە هۆڵی (VIP) لە ناو کەمپەسی زانکۆ بەڕێوەبرد.
لەو وۆرکشۆپەدا، کە بەئامادەبوونى ژمارەیەک لە فێرخوازان و مامۆستایانى زانکۆ بەڕێوەچوو، دکتۆر بەتوول عەبدولکەریم (Dr. Batool Abdulkareem)، پزیشکى پسپۆڕ لە دەستەی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی نیشتمانی (NHS) لە لەندەن – بەریتانیا، بە ڕێگەی ئۆنلاین بەشدارییەکی کارای وۆرکشۆپەکەى کرد و، بەوردى باسی لە نوێترین ئەپڵیکەیشن و ستانداردە جیهانییەکان کرد لە بواری دەستنیشانکردنی فشەڵبوونی ئێسکدا. بە تایبەتی جەختی لەسەر بەکارهێنانی ئامێری (DEXA) کردەوە وەک “پێوەری زێڕین” لە ئاستی جیهاندا بۆ پێوانی چڕی ئێسک و ڕۆڵی ئەم تەکنەلۆژیایە لە کەمکردنەوەی ڕێژەی شکانە مەترسیدارەکان.
لە بەشێکى دیکەى وۆرکشۆپەکەدا، دکتۆر ڕیم جارەڵڵا ئەلحافز (Dr. Reem J. Al-Hafidh)، مامۆستا لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بابەتێکی زانستی پێشکەش کرد و، بە وردی پێناسەی زانستی فشەڵبوونی ئێسکى کرد و، ئینجا تیشکى خستە سەر دەستنیشانکردنی ئەو گرووپ و کەسانەی کە زۆرترین مەترسی تووشبوونیان لەسەرە. هەروەها باسی لە گرنگی هۆشیاری پێشوەختە کرد بۆ پاراستنی ئێسک لە شکان و پاراستنی شێوازی ژیانێکی چالاک.
هەر لە درێژەی وۆرکشۆپەکەدا، مامۆستای یاریدەدەر ئەسما ئەمین غەریب (Mrs. Asmaa Ameen Ghareeb)، مامۆستا لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بابەتێکی تایبەتى بە ڕێکارەکانی خۆپاراستن و بەڕێوەبردنی نەخۆشییەکە پێشکەش کرد. بۆ ئەو مەبەستەش بەشێوەیەکى زانستى تیشکی خستە سەر پشکنینە پزیشکییە پێویستەکان بۆ دۆزینەوەی پێشوەختەی نەخۆشییەکە و، چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کەسانەی کەدوچارى فشەڵبوونی ئێسک دەبن بە مەبەستی باشترکردنی کوالێتی ژیانیان.
ئەم وۆرکشۆپە بە گفتوگۆیەکی زانستی لەنێوان ئامادەبووان و مامۆستایان فێرخوازانى بەدواى خۆیدا هێنا و، تیایدا تیشک خرایە سەر گرنگى لایەنى زانستى چالاکیە بەتایبەت بەکارهێنانی ئامێری DEXA و نوێترین پێشکەوتنە جیهانییەکان لە دەستنیشانکردنی فشەڵبوونی ئێسک، کە ڕۆڵێکی بەرچاوی لە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری تاک سەبارەت بە گرنگی پشکنینی پێشوەختە و کاریگەرییەکەی لەسەر خۆپاراستن هەیە.







