لە زانکۆی جیهان-هەولێر وۆرک شۆپێک لەبارەى بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد بۆ تەکنیکى وێنەگرتنى تیشکى بەڕێوەچوو
سەرۆکایەتى بەشى تەکنیکى وێنەگرتنى تیشکى لە زانکۆی جیهان-هەولێر وۆرک شۆپێکی بەناونیشانی “بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد لە وێنەگرتنی پزیشکیدا” لە هۆڵى (VIP) زانکۆ بە بەشداری ژمارەیەک لە ستافى زانستى بەشە پزیشکییەکانی زانکۆ ڕێکخست.
وۆرکشۆپەک، لەلایەن پرۆفیسۆری یاریدەدەر عەبدولعەلیم پێشکەشکرا و، تیایدا باسى لە دیارترین بەکارهێنانەکانی زیرەکی دەستکردی لە وێنەگرتنی پزیشکیدا کرد، بەتایبەت لە باشترکردن و وردی دەستنیشانکردن و خێرایی شیکردنەوەی زانیارییە پزیشکییەکان، بۆ ئەو مەبەستەش باسى لە سیستمی شیکاری وێنەی پزیشکی کرد بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکانی وەک وەرەم و شێرپەنجەی سییەکان بە وردبینییەکی بەرز. هەروەها باسى لە دابەشکردنی وێنەی ئۆتۆماتیکی کرد، کە ڕێگە بە ناسینەوەی وردی سنووری شانە و ئەندامەکان دەدات و، یارمەتی پزیشکان دەدات لە دەستنیشانکردن و پلاندانانی چارەسەرکردن.
جگە لەوەش، کۆمەڵێک زانیارى پراکتیکى پێشکەشکرد لەبارەى چۆنیەتى سوود وەرگرتن لە (AI) بۆ دەستنیشانکردنی وێنەی تیشکی ئێکس و ئێم ئاڕ ئای، کە یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی هەڵە پزیشکییەکان. هەروەها باس لە وێنەگرتنی سێ ڕەهەندی بە بەکارهێنانی زیرەکی دەستکردیش کرد، کە ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە پلاندانانی نەشتەرگەری و دەستنیشانکردنی نەخۆشییە دەمارییەکان لە ڕێگەی بنیاتنانەوەی وێنەی شانە بە وردبینییەکی پێشکەوتوو.
وۆرک شۆپەکە بەخستنەڕووى سەرەنج و بۆچون و پرسیارى ئامادەبوان و وەڵامەکانى پرۆفیسۆری یاریدەدەر عەبدولعەلیم ناوەڕۆکەکەى زیاتر دەوڵەمەند کرا.