لە زانکۆی جیهان–هەولێر چالاکیەک دەربارەی ستراتیژییەکانی مارکێتینگ بۆ خزمەتگوزارییەکانی چارەسەری سروشتی بەڕێوەچوو
بە چاودێری پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکی زانکۆی جیهان–هەولێر، بەشی چارەسەری سروشتی بە هەماهەنگی لەگەڵ سەندیکای پسپۆڕانی چارەسەری سروشتی لە هەرێمی کوردستان، چالاکیەکى زانستیی بە ناونیشانی «ستراتیژییەکانی مارکێتینگ بۆ خزمەتگوزارییەکانی چارەسەری سروشتی لە کوردستان» ڕێکخست.
چالاکیەکە ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی ١٩/١/٢٠٢٦، لە هۆڵی سەرەکی (VIP) لە زانکۆی جیهان–هەولێر بەڕێوەچوو، تیایدا هەر یەک لە ئەندازیار (بۆتان وەیس جەلال) و، پسپۆڕی چارەسەری سروشتی (عەلی سامان مەحموود)، ڕوونکردنەوەی وردیان دەربارەی گرنگترین ستراتیژییەکانی بە بازاڕکاری (مارکێتینگ) تایبەت بە خزمەتگوزارییەکانی چارەسەری سروشتی پێشکەشکرد. بۆ ئەوەش ئاماژەیان بە چەمکە گشتییەکانی مارکێتینگ، چۆنیەتی بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا لە لایەن پسپۆڕانی چارەسەری سروشتییەوە، ڕۆڵی ژیری دەستکرد (AI) لە مارکێتینگی کەرتی تەندروستی و گرنگی دروستکردنی “براندی کەسی” (Personal Branding) بۆ سەرکەوتن لە کاردا کرد لە پێناو باشتر ناساندنی خزمەتگوزارییەکان، ڕاکێشانی نەخۆش و، بەهێزکردنی پێگەی پیشەیی پسپۆڕان لە بازاڕی تەندروستی هەرێمى کوردستان.
هەر لە میانەى چالاکیەکەدا جەخت لەسەر گرنگی مارکێتینگی ئاکاریی و پیشەیی کرایەوە، بەجۆرێک نەخۆش وەک چەقی بایەخەکان دابنرێ، هەروەک ئاماژەیان بەوەشدا چۆن پەیوەندییە کاریگەرەکان و برەودانی ستراتیژی دەتوانن چارەسەری سروشتی وەک ڕەگەزێکی سەرەکی لە چاودێری خۆپارێزی، دووبارە ڕاهێنانەوە (Rehabilitation) و بەڕێوەبردنی تەندروستی لەسەر مەودای درێژ بناسێنن.
لە کۆتاییدا، بەشداربووان کە بریتى بوون لە فێرخوازان و مامۆستا بە سەرەنج و پرسیارەکانیان جەختیان لە بەهێزکردنی متمانە لە نێوان پسپۆڕ و نەخۆش و دابینکردنی گەشەپێدانی بەردەوامە بۆ خزمەتگوزارییەکانی چارەسەری سروشتی لە هەرێمی کوردستان کردەوە.







