لە سعودیە، فێرخوازیەکی کۆلێژی دەرمانسازی بەشدارى لە وۆرکشۆپێکی زانستیدا لە کۆنفرانسی KSAPT 2025 دەکات
فێرخواز مستەفا سەردار، فێرخوازى قۆناغی چوارەمی کۆلێژی دەرمانسازی بەشداری لە وۆرکشۆپێکی زانستیدا کرد، کە لە چوارچێوەی چالاکییەکانی کۆنفرانسی KSAPT 2025 بەڕێوەچوو.
وۆرکشۆپەکە بە ناونیشانی “ماددە سایکۆئەکتیڤە نوێیەکان لە بازاڕەکانی سەردەمی دیجیتاڵدا: دەستنیشانکردنی خێرا و شیکردنەوەی بەهێزکراو بە زیرەکی دەستکرد” بوو، کە ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتى (٢٧/١٠/٢٠٢٥) لە هۆتێل نارسیس زە ڕۆیاڵ (نارسيس ذا رويال) لە ڕیازی پایتەختی شانشینی سعوودیە بەڕێوەچوو، لە وۆرکشۆپەدا کۆمەڵێک لە گەورەترین شارەزایان و پسپۆڕانی بواری دەرمانسازی، زانستە تاوانکارییەکان و تەکنەلۆژیای زیرەکی دەستکردی کۆکردەوە. بەشداربووان، لەوانەش فێرخواز مستەفا سەردار، بە قووڵی ئاشنای نوێترین شێوازەکانی دەستنیشانکردنی خێرا و شیکردنەوەی وردی ماددە سایکۆ ئەکتیڤە نوێیەکان (NPS) بوو، بەتایبەت لە بازاڕە ئاڵۆزەکانی سەردەمی دیجیتاڵدا. هەر لە وۆرکشۆپەکەدا جەخت لەسەر بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی زیرەکی دەستکرد و ئامرازە دیجیتاڵییەکان لە پەرەپێدانی چارەسەری کاریگەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ماددە زیانبەخشانە کرایەوە، بەتایبەتی لە چوارچێوەی تەندروستی گشتیدا.
لە بەشى کۆتایی وۆرکشۆپەکەدا، فێرخوازەکەى زانکۆى جیهان-هەولێر هەلی بەشداریکردنی کارلێککارانەیان لە گفتوگۆکان بۆ ڕەخسا، ئەوەش ئەزموونی فێربوونی دەوڵەمەند کرد و تواناکانی شیکردنەوە و چارەسەرکردنی کێشەکانیانی لەم بوارە گرنگەدا بەهێزتر کرد.







