لە شارى هەولێر؛ زانکۆى جیهان-هەولێر بەشدارى لە کۆبونەوەی پزیشکانى ددانى دیجیتاڵى دەکات
زانکۆى جیهان-هەولێر وەک زانکۆیەکى پێشەنگ و، لە چوارچێوەى بایەخدان بە کۆڕ و کۆبونەوە گرنگەکان، بەشدارى لە چوارەمین کۆبونەوەى پزیشکى ددانى دیجیتاڵى کرد.
لەو کۆبونەوەیەدا، کە رۆژى هەینى ڕێکەوتى (١٣/١٢/٢٠٢٤) بە ئامادەبونى دکتۆر سامان بەرزنجى وەزیرى تەندروستى حکومەتى هەرێمى کوردستان و، دەیان سەنتەرى پزیشکى ددان و، سەدان پزیشکى ددان و پسپۆڕان لە شارى هەولێر بەڕێوەچوو و، لەلایەن کۆمپانیاى کۆمپانیای ڤانێست (VANEST)ەوە ڕێکخرابوو، جگە لە پێشکەشکردنى چەند وتەیەک چەندین چالاکى جیاوازى تێدا نمایش کرا.
لەسەر ئاستى زانکۆى جیهان-هەولێر مامۆستاى یاریدەدەر باهۆز هیمداد مەرزانى مامۆستا لە کۆلێژى پزیشکى ددان بە نوێنەرایەتى بەشدارى لە کۆبونەوەکەدا کرد، لەو کۆبونەوەیەدا نوێترین داهێنانەکان لە بواری پزیشکی ددانی دیجیتاڵیدا پەردەیان لەسەر لادرا، هەروەک پزیشکانى ددان و پسپۆڕان جەختیان لەسەر گۆڕانکارییە تەکنەلۆژیای کردەوە بۆ چاودێری و چارەسەرکردنى بوارەکانى تەندروستى ددان، لە پەراوێزى کۆبونەوەکەشدا نوێنەرى زانکۆى جیهان-هەولێر چەندین دیدارى لەگەڵ پسپۆڕان و پزیشکان و ئەکادیمیستان ئەنجامدا.
بەشداریکردنی پیشەگەرە دیارەکان و بەرپرسانی حکومی لەم چالاکییەدا ڕەنگدانەوەی هەوڵێکی بەکۆمەڵە بۆ تێکەڵکردنی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو لە سیستمی چاودێری تەندروستی هەرێمی کوردستان و عێراق، کە ڕێگە خۆش دەکات بۆ باشترکردنی چاودێری نەخۆش و پەرەپێدانى پیشەیی لە بواری پزیشکی ددان.