لە قوتابخانەی ئامادەیی زانست؛ فێرخوازانی بەشی ئینگلیزی پێشبڕکێیەکی زمانەوانیان بەڕێوەبرد
بە ئامانجی خزمەتکردنی کۆمەڵگە و پەرەپێدانی ئاستی زانستیی قوتابیانی قۆناغی ئامادەیی، فێرخوازانی قۆناغی چوارەمی بەشی زمانی ئینگلیزی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی یەکشەممە (٢٠٢٦/٢/٨)، سیمینارێکی فێرکاری و پێشبڕکێیەکی زمانەوانییان لە قوتابخانەی ئامادەیی زانست ئەنجامدا.
ئەم سەردانە زانستییە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (مەروە مەحمود ئەمین) بوو و، لەلایەن (محەمەد ئارام کەمال) بەڕێوەبەری قوتابخانەکە و ستافی مامۆستایانەوە پێشوازییەکی شایستە لە شاندی زانکۆ کرا. بەرنامەی سیمینارەکە بریتی بوو لە ناساندنی کۆمەڵێک وشەی گرنگ و فێرکاری لەسەر (هاوواتا و دژواتا – Synonyms & Antonyms) و چۆنیەتی گۆڕانی واتای وشەکان لە ناو ڕستەدا. قوتابیانی قوتابخانەکە بە پەرۆشییەوە بەشدارییان لە مەشقی گۆکردن، سپێڵینگ و تێگەیشتنی دەقەکاندا کرد.
لە کۆتایی چالاکییەکەدا، پێشبڕکێیەکی زمانەوانی لە نێوان قوتابیاندا بەڕێوەچوو کە بووە مایەی خۆشحاڵی و هاندانیان بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزی بە شێوازێکی مۆدێرن و چێژبەخش.







