لە مانگى هۆشیارى شێرپەنجەدا؛ لە زانکۆى جیهان-هەولێر باس لە شێرپەنجەی مەمک کرا
مانگی تشرینی یەکەم؛ بە مانگی بڵاوکردنەوەى هۆشیاری شێرپەنجەی مەمکە دیاریکراوە، لەو چوارچێوەیەدا بەشى بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆى جیهان-هەولێر چالاکیەکى بەو بۆنەیەوە ڕێکخست.
لەو چالاکیەدا، کە ڕۆژى یەکشەممە ڕێکەوتى (١٦/١٠/٢٠٢٣) لە هۆڵى (VIP) زانکۆ، بەئامادەبونى سەرۆکى ژمارەیەک لە بەشە زانستیەکان و مامۆستایان و فێرخوازان بەڕێوەچوو، دکتۆر نەرمین تەها مستەفا لە نەخۆشخانەی باکی شارى هەولێر سیمنارێکى لەبارەى شێرپەنجەى مەمک پێشکەشکرد.
لە میانەى پێشکەشکردنى بابەتەکەیدا، ئەو پسپۆڕەى شێرپەنجەى مەمەک بە شێوەیەکى ورد و زانستى باسى لە هۆکار و مەترسییەکانى شێرپەنجەى مەمک، نیشانەکان، چۆنیەتى دەستنیشانکردنى، ڕێگە چارەکان و خۆپاراستن لە شێرپەنجەی مەمک بۆ ئامادەبوان کرد، وتیشى شێرپەنجەی مەمک تەنها دوچارى ئافرەتان نابێ، بەڵکو دەتوانێت پیاوانیش دوچارى دەبن، هەروەها جەختی لەوەش کردەوە کە زوو دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی مەمک کلیلی چارەسەری سەرکەوتووانەی ئەم نەخۆشییە.
لە بەشى کۆتایی سمینارەکەدا و، لە ڕێگەى پرسیار و وەڵامى بەشداربووان بابەتەکە دەوڵەمەند کرا و، ڕوونکردنەوەی پێویستیان سەبارەت بە ئەزموونەکانی دکتۆر نێرمین وەرگرت لە چارەسەرکردنی نەخۆشەکانی کە دوچارى شێرپەنجەی مەمک بوون.