لە مانگی جیهانى چالاکیەکانى هۆشیارى شێرپەنجەی مەمکدا، لە زانکۆى جیهان-هەولێر وۆرکشۆپێک بەڕێوەچوو
بەبۆنەی مانگی جیهانی شێرپەنجەی مەمک، بەشی تیشک و سۆنار لە زانکۆى جیهان-هەولێر، بە هاوکاری بەشەکانى مایکرۆبایۆلۆجی پزیشکی و ئەندازیاری پرۆگرامسازی وئينفۆرماتيك وۆرک شۆپێکی بەناونیشانی (بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد وەک ئامرازێکی مۆدێرن بۆ زوو دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی مەمک) بەڕێوەبرد.
ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتى (٢٢/١٠/٢٠٢٣) بەئامادەبوونى پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ، سەرۆکی زانکۆى جیهان-هەولێر و، کۆمەڵێک لە ئەندامانی ستافی زانستى و فێرخوازانى زانکۆ، لە هۆڵى (VIP) وۆرکشۆپەکە بەڕێوەچوو، لەسەرەتادا مامۆستاى یاریدەدەر عومەر عادل محەمەد عەلی سەرۆکى بەشی تیشک و سۆنار وتارێکى پێشکەش کرد، لە وتەکەیدا دواى بەخێرهێنانى میوانان، سوپاسى پاڵپشتى و پشتیوانیەکانى سەرۆکایەتى زانکۆى کرد، پاشان باسى لە گرنگى هۆشیارى تەندروستى کرد بەتایبەت لە دەستنیشانکردنى نەخۆشیەکان بەگشتى و نەخۆشى شێرپەنجە بەتایبەت، کە لە ئەمڕۆدا بۆتە بابەتێکى گرنگ و هەستیار و، خەمی جیهان بەگشتى.
پاشان بەرنامەى کارى وۆرکشۆپەکە دەستى پێکرد، لە میانەى وۆرکشۆپەکەدا سێ بابەت پێشکەشکران، بابەتى یەکەم لەلایەن پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر ئامینە سەباح محمود جومعە سەرۆکی بەشی مایکرۆبایۆلۆجی پزیشکی بوو، کە تایبەت بوو بە (11 ڕاستی دەربارەی شێرپەنجەی مەمک)، بابەتى دووەمیش لەلایەن مامۆستاى یاریدەدەری نور سامی عومەر لە بەشی تیشک و سۆنار بەناونیشانى (کاراکردنی زوو دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی مەمک لە ڕێگەی تیشکدانەوە) پێشکەش کرا، هەروەک لە بابەتى سێەمشدا، کە تایبەت بوو بە (بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد بۆ دیاریکردنی شێرپەنجەی مەمک)، لەلایەن دکتۆر فاتیمە بتول حەسەری لە بەشی ئەندازیاری پرۆگرامسازی وئينفۆرماتيك پێشکەش کرا.
دوای کۆتایی هاتنی بابەتەکانیش، دەرگاى پرسیار و گفتوگۆ کرایەوە، بۆ ئەوەش ئامادەبوان بەشداریەکى کاریان کرد و، تەوەرەکانى وۆرکشۆپەکەیان دەوڵەمەندتر کرد.