لە وارشۆ فێرخوازانى زانکۆی جیهان-هەولێر ئاشناى ئامادەکارییەکانى پۆڵندا بۆ جەژنى کریسمیس دەبن
لە بەردەوامى بەسەرکردنەوەى ناوەند و دامەزراوە جۆراوجۆرەکان و، بۆ ئاشنابوون بە ئامادەکارییەکانى پۆڵندییەکان بۆ جەژنى سەرى ساڵ، فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر، کە لە ئێستا لە لە زانکۆی وۆچ (University of Lodz) و زانکۆى وارشۆ بۆ زانسته زیندووهكان (Warsaw University of Life Sciences) دەخوێنن، سەردانى چەند ناوچەیەکى کەلتورییان لە وارشۆ کرد.
فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر لە میانەى سەردانەکەیاندا، کە ڕۆژى یەک شەممە ڕێکەوتى (٣٠/١١/٢٠٢٥) بۆ ناوەندی شاری وارشۆ ئەنجامیاندا لەنزیکەوە ئاشناى کەشوهەوای زستانی شارەکە و ئامادەکارییەکانى سەرى ساڵ و هاتنى جەژنی کریسمس بوون، کە بەو بۆنەیەوە وارشۆییەکان بە ڕووناکییە درەوشاوە و دارى کریسمیسەکان کەشێکی گەرم و پڕ لە هیوا و ئومێدیان بە شارەکە بەخشیبوو. بۆ ئەو مەبەستەش فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر سەرەتا سەردانی بازاڕی کریسمسیان کرد کە بە جوانی و گەورەییەکەی ناسرابوو و لە نزیک ناوەندێکى کەلتووریدا دابوو. لەوێ، فێرخوازان چێژیان لە ژینگەی پڕ لە گۆڕانکاری و فرەچەشنی شوێنەکە وەرگرت، کە بە موزیک و بۆنی خۆشی خواردنە تایبەتەکانی کریسمس دەوڵەمەند کرابوو. فێرخوازان ناوەندە جۆراوجۆرەکان گەڕان و چەندین کەلوپەلی جوانیان بینی، پاشان، بەناو شەقامە سەرەکییەکانی شارەکەدا گەڕان و سەردانی شوێنە گەشتیارییە مێژووییەکانیان کرد و، لەنزیکەوە ئاشناى کەلتورە جۆراوجۆرەکانى وڵاتەکە بوون.
ئەو گروپەى فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر پێکهاتوون لە (إبراهيم زكي محمد صالح) فێرخوازى قۆناغى دووەم لە بەشى چارەسەرى سروشتى، (مروان محمد أحمد) فێرخوازى قۆناغى دووەم لە بەشى نیوتریشن و دایەتێتیکس و (محمد علي بكتش) قۆناغى سێیەم لە بەشی شیکارى تاقیگەى پزیشکى و، (سيدرا نهاد اسحق، ريا امير عبّدالجبار و أڤين رعد محمد) قۆناغى چوارەم لە بەشی کارگێڕى کار، لە ئێستا درێژە بە گەشتە ئەکادیمییەکەیان لە پۆڵەندا دەدەن و بەردەوامن لە تەواوکردنى کۆرسێکى خوێندن لەو وڵاتە.






