لە وۆرکشۆپێکی پسپۆڕیدا؛ فێرخوازانی کۆلێژی پزیشکی ددان نوێترین پرۆتۆکۆڵەکانی تەعقیمکردن و سەلامەتی نەخۆش تاوتوێ دەکەن
ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی (١٧ی شوباتی ٢٠٢٦)، کۆلێژی پزیشکی ددان لە زانکۆی جیهان-هەولێر، وۆرکشۆپێکی زانستی و پراکتیکی بە ناونیشانی “کۆنتڕۆڵکردنی تووشبوون بە نەخۆشی، گفتوگۆ لەگەڵ نەخۆش، و پرۆتۆکۆڵەکانی تەعقیمکردن” لە هۆڵی (VIP)ی زانکۆ ڕێکخست.
ئەم چالاکییە کە بە ئامادەبوونی پڕۆفیسۆری دکتۆر (ئەیاد حازم) یاریدەدەرى سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر (نینۆس پۆڵۆس فیلیپ) ڕاگری کۆلێژی پزیشکی ددان بەڕێوەچوو، تێیدا زنجیرەیەک سیمینار لەلایەن فێرخوازانی قۆناغی دووەم و سێیەم پێشکەش کران کە جەختیان لەسەر بەرزکردنەوەی ستانداردە تەندروستییەکان لە ژینگەی کلینیکی و تاقیگەدا کردەوە.
لە تەوەرەکانی وۆرکشۆپەکەدا، فێرخوازانی بەشداربوو بە وردی لایەنە جیاوازەکانی بابەتەکەیان شیکردەوە؛ لەو چوارچێوەیەدا فێرخواز (خالیدە غازی مەجید) لە قۆناغی دووەم، ڕوونکردنەوەی لەسەر زنجیرەی تووشبوون و ڕۆڵی مۆبایل وەک سەرچاوەی وردەزیندەوەران لە ناو کلینیکەکاندا پێشکەش کرد. پاشان فێرخواز (شاد زانا ساڵح) لە قۆناغی سێیەم، تیشکی خستە سەر بنەماکانی پاکوخاوێنی دەست و ئامێرەکانی پاراستنی کەسی (PPE)، هاوکات فێرخواز (شادان فوئاد ئەحمەد) هەر لە قۆناغی سێیەم، شێوازەکانی تەعقیمکردنی ئامێرە پزیشکییەکانی خستە ڕوو. لە لایەکی دیکەوە فێرخواز (ئایان ئازاد محەمەد ئەمین) لە قۆناغی دووەم، ڕێکارەکانی فڕێدانی پاشماوە مەترسیدارەکان (Biohazard Waste)ی بۆ ئامادەبووان ڕوون کردەوە. سەبارەت بە لایەنی پەیوەندیکردنیش، فێرخواز (سورا سعود غالب) و (ڕەهێل نەهرۆ حەمەد) باسیان لە گرنگیی دروستکردنی متمانە لەگەڵ نەخۆش و گەیاندنی ڕێکارەکانی سەلامەتی بۆیان کرد، و لە کۆتاییشدا فێرخواز (بان سعود غالب) ستانداردەکانی سەلامەتی لە ناو تاقیگەی دداندا شیکردەوە.
لە بەشێکی دیکەی وۆرکشۆپەکەدا، دکتۆر (ڕێکا ڕامیز عەلی) و مامۆستای یاریدەدەر (ساوێن تەحسین تەها) بەجیا و بە قووڵی تیشکیان خستە سەر ڕێکارە کلینیکییەکان و ستانداردە تاقیگەییەکان بۆ پاراستنی سەلامەتی تەکنیکار و نەخۆشەکان. ئەم چالاکییە زانستییە بە گفتوگۆیەکی کراوە و ئاڵوگۆڕی بیروڕا لە نێوان مامۆستایان و فێرخوازان کۆتایی هات، کە تێیدا جەخت لەسەر بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و پیشەیی پزیشکانی ددان کرایەوە لە ڕێگریکردن لە گواستنەوەی نەخۆشییەکان و پەیڕەوکردنی نوێترین پرۆتۆکۆڵە جیهانییەکان.









