لە پۆڵندا؛ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لەگەڵ سەرۆکى زانکۆى وارشۆ بۆ زانسته زیندووهكان کۆبوەوە
بەئامانجى فروانکردن و پتەوکردنى پەیوەندییە زانستیەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر لەگەڵ زانکۆ ڕەسەن و ئاستەبەرزەکانى وڵاتانى جیهان، شاندێکى زانکۆى جیهان-هەولێر بەسەرۆکایەتى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر، گەیشتە پۆڵندا و دیدار و کۆبونەوەکانى لەو وڵاتە دەستپێکرد.
لە یەکەم وێستگەى سەردانى شاندى زانکۆى جیهان-هەولێر، کە هەریەک لە پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر مەیسون حەیدەرى یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى زانستى و، دکتۆر ساڵح زێبارى بەڕێوەبەرى پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکانى یاوەرى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ دەکەن، ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتى (٨/٥/٢٠٢٣) لەگەڵ پرۆفیسۆر دکتۆر (میشال زاسدادە) سەرۆکى زانکۆى وارشۆ بۆ زانسته زیندووهكان لە پۆڵندا کۆوەوە.
لەو کۆبونەوەیەدا، کە بەئامادەبونى پڕۆفیسۆر دکتۆر مارتا مێندێل یاریدەدەرى سەرۆکی زانکۆ بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دکتۆر کاتارزینا سپێچالسکا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانى زانکۆى وارشۆ بۆ زانسته زیندووهكان ئامادەیبون گفتوگۆ لەبارەى چۆنیەتى پتەوکردنى پەیوەندییە زانستى و ئەکادیمیەکانى نێوان زانکۆى جیهان-هەولێر و زانکۆى وارشۆ بۆ زانسته زیندووهكان کرا، بەتایبەت بەردەوامیدان بەجێبەجێکردنى خاڵەکانى ڕێککەوتنامەى هاوبەشى نێوانیان.
لە کۆبونەوەکەدا، دواى ئەوەى شاندى زانکۆى جیهان-هەولێر لەلایەن سەرۆکى زانکۆى وارشۆ بۆ زانسته زیندووهكان بەخێرهاتنى گەرمکرا، ئینجا گفتوگۆ لەبارەى ڕەوانەکردنى ڕاوندێکى دیکەى فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ ئەو زانکۆیە کرا بۆ بەشداریکردن لە خولى هاوینە، کە بڕیار وایە لە ئایندەیەکى نزیکدا دەستپێ بکات، هەروەها گفتوگۆ لەبارەى ئەنجامدانى توێژینەوەى هاوبەش و کۆفرانسێکى هاوبەش لە ساڵى خوێندنى داهاتوو بکرێت، لە تەوەرێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەى ئاڵوگۆڕى ستافى زانستى کرا، بەتایبەت سەردانیکردنى ستافى زانکۆى پۆڵندا بۆ زانکۆى جیهان-هەولێر، یاخود دامەزراندنیان وەک ستافى زانکۆى جیهان-هەولێر.
لە کۆتایى کۆبونەوەکەدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر دواى ئەوەى سوپاسى سەرۆکى زانکۆى وارسۆ بۆ زانسته زیندووهكانى کرد، دوپاتى پاڵپشتى و پشتیوانى سەرۆکایەتى زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ جێبەجێکردنى پێشنیاز و بیرۆکەکان دوپاتکردەوە، ڕاشگەیاند: زانکۆى جیهان-هەولێر خۆشحاڵە کە ڕێککەوتنامەى لەگەڵ زانکۆى وارسۆ بۆ زانسته زیندووهكان هەیە، وتیشى ئەم ڕێککەوتنامەیە وەک لە ڕابردودا بینیمانە بۆ هەردوو زانکۆ بەرهەمدار بووە.