لە پۆڵندا؛ فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر بەشدارى لە ڕۆژی سەربەخۆیی وڵاتەکە دەکەن
فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر لە پەراوێزى تەواوکردنى کۆرسێکى خوێندن لە پۆڵندا، چالاکى جۆراوجۆر بەڕێوەدەبن و، بەشدارى لە بۆنە و یادە جیاوازەکان دەکەن، لەو چوارچێوەیەدا لە شارى وۆچ فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر هاوڕێ لەگەڵ فێرخوازانى نێودەوڵەتى بەشداریان لە یادى (106) ساڵەى سەربەخۆیی پۆڵندا کرد.
ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتى (١١/١١/٢٠٢٤) لە شارى وۆچ کەرنەڤاڵێک بۆ یادى (106) ساڵەى سەربەخۆى پۆڵندا لە شارى وۆچ بەڕێوەچوو، فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر کە پێکهاتبوون لە هەریەک لە دینا عەلى حەسەن و ذەنون سەعد ذەنون لە بەشی (شیکاریی کیمیایی پزیشکى) و، شیوەر رژدى محەمەد لە بەشى (پەروەردەى گشتى)، کە لە ئێستادا لە زانکۆى وۆچ (University of Lodz) دەخوێنن بەشداریان لەو کەرنەڤاڵەدا کرد، لە میانەى بەڕێوەچوونى کەرنەڤاڵەکەدا چەندین چالاکى جیا پێشکەش کرا، وەک نمایشى سەربازى و کۆنسێرت و ڕێوڕەسمی ڕێزلێنان لە مێژوو و کەلتوور و پاڵەوانەکانی ئەو وڵاتە.
ڕۆژی سەربەخۆیی پۆڵەندا کە ساڵانە لە ١١ی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت، یادی گەڕانەوەی سەروەری وڵاتەکەیە لە ساڵی (١٩١٨)، ئەوەش دوای (١٢٣) ساڵ لە دابەشکردن لەلایەن هەریەک لە نەمسا-مەجارستان، برۆسیا و ڕووسیا، بەڵام لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا لە ساڵی (١٩١٨)دا و، لە کۆتایی جەنگی جیهانی یەکەمدا پۆڵەندا وەک نەتەوەیەکی سەربەخۆیی خۆى ڕاگەیاند، ئەوەش دوای دەیان ساڵ خەبات و خۆڕاگری لەلایەن نیشتمانپەروەرانی پۆڵەندا، هەربۆیە ئەو ڕۆژە بە هێمای خۆڕاگری و شانازی و پابەندبوونی پۆڵەندا بە ئازادی دادەنرێت، هەر ئەوەش وایکردووە ببێتە یەکێک لە گرنگترین جەژنە نیشتمانییەکانی وڵاتەکە، فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێریش لە میانەى بەشداریکردنیان لە نزیکەوە ئاشناى گرنگ و لایەنە مێژوییەکانى ئەو یادە مەزنەى پۆڵندییەکان بوون.