لە پۆڵندا؛ فێرخوازانى زانکۆی جیهان-هەولێر سەردانی نووسینگەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان زانکۆی (SGGW) دەکەن
دواى گەیشتنیان بە پۆڵندا، فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر، ڕۆژى هەینى ڕێکەوتى (٢١/٢/٢٠٢٥) لە وارشۆ سەردانی نووسینگەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان (IRO)یان لە زانکۆی وارشۆ بۆ زانسته زیندووهكان (Warsaw University of Life Sciences) کرد.
فێرخوازان بەگەرمى لەلایەن کاتارزینا سپێچالسکا (Katarzyna Specjalska)، بەڕێوەبەرى (IRO) پێشوازییان لێکرا، لە دیدارێکدا دواى بەخێرهێنانى فێرخوازان، ئینجا هەردوو لا گفتوگۆیان لەبارەى هاوکاری ئەکادیمی و دەرفەتەکانی ئاڵوگۆڕی فێرخوازان کرد، بۆ ئەو مەبەستەش بەڕێوەبەرى (IRO) کۆمەڵێک ڕونکردنەوەى گرنگى لەبارەى پرۆگرامى ئاڵوگۆڕى فێرخوازانى زانکۆکەیان لەگەڵ زانکۆى جیهان-هەولێر پێشکەش بەفێرخوازان کرد، وتیشى ئەم پرۆگرامە هەنگاوێکى گرنگە بۆ پتەوکردنى هاوکاری ئەکادیمی نێودەوڵەتی و، زیاتر دەوڵەمەندکردن و بەرزکردنەوەی ئەزموونی فێربوونی فێرخوازان و فراوانکردنی دیدگا جیهانییەکانیان، هیواشى خواست لە ماوەى مانەوەیان بەسەرکەوتویی کۆرسى خوێندنەکەیان لە زانکۆی وارشۆ بۆ زانسته زیندووهكان (Warsaw University of Life Sciences) تەواو بکەن و، ئەزمونێکى نوێ بەدەست بهێنن.
فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێریش کە پێکهاتوون لە لاڤین وەلید بیراومر لە بەشى (نیوتریشن و دایەتێتیکس) و، هەریەک لە مینا حسین کەریم، ڤینێ خەلیل میرزا و، منی صاڵح سلیمان لە بەشى (بایۆمیدیکاڵ) سوپاسى ئەو پێشوازییەیان کرد، دوپاتیشیان کردەوە هەموو هەوڵێکى خۆیان دەخەنە گەر بۆ ئەوەى زیاتر سوود لەو دەرفەتە وەربگرن.