لە پۆڵندا؛ مامۆستایەکى زانکۆى جیهان-هەولێر بابەتێکى پێشکەش بەفێرخوازانى بەشداربوى خولى هاوینە دەکات
لە بەردەوامى ئەو بابەتە زانستیانەى کە پێشکەش بە فێرخوازانى بەشداربوى خولى هاوینەى زانکۆى لۆدز لە پۆڵندا دەکرێ، مامۆستایەکى زانکۆى جیهان-هەولێریش بابەتێکى زانستى بەسەرجەم فێرخوازانى بەشداربوى خولەکە کرد.
مامۆستای یاریدەدەر بوشرا عەلی زەینەل، مامۆستا لە بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر، وتارێکی بابەتێکى بەناونیشانی بازرگانی ئەلیکترۆنی و کاریگەرییە ژینگەییەکانی (ecommerce and its environmental impacts) پێشکەش بەفێرخوازانى نەتەوە جیاوازەکان لە زانکۆکانى وڵاتانى جیهان کرد.
لە میانی بابەتەکەدا؛ ئەو مامۆستایەى زانکۆى جیهان-هەولێر باسى لە ڕێگەکانی پەرەپێدانی بازرگانی ئەلیکترۆنی و، ڕادەی کاریگەرییەکانی لەسەر ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوا کرد، هەروەک باسى لە لایەنە باش و خراپەکانی بازرگانی ئەلیکترۆنی و، ڕادەی کاریگەرییەکانی لەسەر واقیعی گۆڕانی کەشوهەوا کرد، لەگەڵ ئاماژەکردن بە گرنگترین لایەنەکانى بەکارهێنانی بازرگانی ئەلیکترۆنی لە هەرێمی کوردستان و عێراق.
لە کۆتاییدا، مامۆستاى یاریدەدەر بوشرە عەلى زینەڵ گوێ لە تێبینی و گفتوگۆکانى فێرخوازانى بەشداربوو گرت، لەهەمانکاتدا وەڵامی پرسیاری فێرخوازانى دایەوە. لە پرۆگرامی خولى هاوینەدا لە زانکۆی لۆدز، لە ماوەی دوو هەفتەى ڕابردودا لەلایەن پرۆفیسۆر و مامۆستایانی چەندین زانکۆی نێودەوڵەتی چەندین بابەتى پەیوەست بە بوارى ژینگەى و گۆڕانى کەش و هەوا پێشکەش بە فێرخوازان کرا و، مامۆستایان و فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێریش بەشداریەکى کارایان لە چالاکیەکاندا کرد.