لە پۆڵندا فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر بەرەو تەواوکردنى کۆرسى خوێندن هەنگاو دەنێین
فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر بە چەند چالاکیەکى زانستی هەنگاوەکانى تەواوکردنى کۆرسى خوێندنەکەیان لەو وڵاتە بەردەوامى پێ دەدەن، بۆ ئەو مەبەستە ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (15/1/2025 ) لە زانکۆى وۆچ (University of Lodz) هەریەک لە فێرخوازان ڕەیا ئەمیر عبدالجبار و سیدرا نیهاد اسحق عیسى لە بەشى (کارگێڕى کار) بابەتەکانى (Research in management) بە سەرکەوتویی تەواوکرد، کە لەلایەن پڕۆفیسۆر دکتۆر مارێک ماتێجون (Marek Matejun) دەوترایەوە، فێرخوازان جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە لە میانەى کۆرسەکەیاندا چەندین بابەت و ڕاهێنانى تایبەت لە بوارەکەدا فێربوون، هەروەک ئاشنایی نوێترین میتۆدەکانى کارکردن لە بوارى چۆنیەتى ئەنجامدانى توێژینەوە لە بواری بەڕێوەبردن بوون و، ئاشناى ئەزمونێکى نوێی کارکردن بوون.
لەلایەکى دیکەوە، لە زانکۆى وارشۆ بۆ زانسته زیندووهكان (Warsaw University of Life Sciences) هەریەک لە بریتین لە موجتەبا سەباح عبدالحسن لە بەشى (نیوتریشن و دایەتێتیکس) و ، ئاریان عەدنان عەلى و هاجەر محەمەد عەلى لە بەشى (چارەسەرى سروشتى) پڕۆژەى کۆتاییان لەبارەى (کلینیکێکی تایبەت بە چارەسەری فیزیایی و چاکسازی لە شاری هەولێر) پێشکەشکرد، فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر بابەتەکانیان بە هاوکاری لەگەڵ فێرخوازانى زانکۆکانى ئازەربایجان و ئیسپانیا و ڕۆمانیا پێشکەشکرد، لە میانەى پێشکەشکردنى بابەتەکەیاندا بەوردى باسیان لە لایەنە جیاوازەکانى بوارى چارەسەرى سروشتى کرد و، ڕونیان کردەوە گرنگیدان بە چارەسەری فیزیایی لە شارى هەولێر زیادیکردوە، هەر لە میانەى باسەکەیاندا ئاماژەیان بە تەکنیکە پێشکەوتووەکانى بوارى چارەسەرى سروشتى کرد.
لە کۆتاییدا، لەلایەن پرۆفیسۆر دکتۆر ئەلێکساندرا چلێبیکاوە (Aleksandra Chlebicka) بە گرنگیەوە پێشوازى لە ناوەڕۆکى بابەتەکە کرا و، دەستخۆشى لە هەریەک لە فێرخوازان کرد بۆ ئامادەکردن و پێشکەشکردنى ناوەڕۆکەکەى بەشێوەیەکى پرۆفێشناڵانە، دواتریش ئامادەبوان بە کۆمەڵێک و پرسیار و سەرەنج باسیان لە لایەنە جیاکانى دیکەى پڕۆژەکە کرد.