لە پیشانگەیەکدا، فێرخوازانى بەشى ڕاگەیاندن بەرهەمەکانیان نمایش دەکەن
بۆ دەرخستنى توانا و لێهاتویی فێرخوازانى بەشى ڕاگەیاندن و ژمارەیەک لە مامۆستایانى بەشە زانستیەکانى زانکۆ، سەرۆکایەتى بەشى ڕاگەیاندن لە زانکۆى جیهان-هەولێر پیشانگەیەکى بۆ فێرخوازانى بەشەکەى ڕێکخست.
ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (٧/١٠/٢٠٢١) بەئامادەبوونى مامۆستایان و فێرخوازانى بەشى ڕاگەیاندن، دکتۆر عبدالستار کەریم سەعید یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى فێرخوازان و کارگێڕى پیشانگەیەکى هونەرى دیزاینکردنى ڕۆژنامە و گۆڤارەکانى فێرخوازانى قۆناغى دووەمى بەشى ڕاگەیاندن کردەوە.
دواى بەسەرکردنەوەى پیشانگەکە، دکتۆر عبدالستار کەریم خۆشحاڵى خۆى دەربڕى بەئاستى پێشکەوتن وتوانا و لێهاتوویی فێرخوازان، بۆ ئەوەش دەستخۆشى لە مامۆستایانى بەشەکە کرد.
لەو پیشانگەیەدا، دیزاینى ئەو ڕۆژنامە و گۆڤارانە نمایش کرابوو، کە لەلایەن فێرخوازانى قۆناغى دووەمى بەشى ڕاگەیاندن دیزاین کرابوون، بۆ ئەوەش فێرخوازان کۆمەڵێک کارى هونەرى و دیدگەى هونەریی نوێیان لە دیزاینکردنى ڕۆژنامە و گۆڤارەکان بەرجەستە کردبوو.