لە پێنجەمین کۆنفرانسی هاوبەشی نێودەوڵەتی بۆ زانستەکانی ئەندازیارى تەلارسازی و شارستانی تیشک خرایە سەر دیزاین و تیۆرییەکانی تەلارسازی
لە سێیەمین دانیشتنى پێنجەمین کۆنفرانسی هاوبەشی نێودەوڵەتی بۆ زانستەکانی ئەندازیارى تەلارسازی و شارستانی زانکۆی جیهان-هەولێر و، زانکۆی پوترا مالیزیا تیشک خرایە سەر دیزاین و تیۆرەکانى تەلارسازى.
لەو دانیشتنەدا، کە لە هۆڵی (دادگاى بەشى یاسا) بەڕێوەچوو، پێنچ توێژینەوەى گرنگ لە بوارەکانى دیزاین و تیۆرییەکانی تەلارسازی پێشکەشکرا، دانیشتنەکە لەلایەن پرۆفیسۆر دکتۆر ڕەحینا ئیبراهیم لە بەشی تەلارسازی زانکۆی پوترای مالیزیا و، دکتۆر سارا عەبدولکەریم ساڵح لە هەمان بەش سەرپەرشتى دەکرا، لەسەرەتاشدا پرۆفیسۆر ڕاهینا ئیبراهیم کە وتاردەرى سەرەکی لە میانەى وتەیەکدا باسى لە دوایین پێشهاتەکانی دیزاین و تیۆری تەلارسازی کرد، بۆ ئەوەش بە هێنانەوەى کۆمەڵێک نموونەى جۆراوجۆر لەسەر ئاستى وڵاتان و ناوەندە زانستیەکان باسى لە لایەنە جیاوازەکانى بابەتەکە کرد.
پاشان توێژەران دەستیان بە پێشکەشکردنى توێژینەوەکانیان لەسەر پرسە گرنگەکانی دیزاینی تەلارسازی کرد، بۆ ئەو مەبەستەش سەرەتا دکتۆر مسرورة عەبدولغەفار لە زانکۆی پوترا مالیزیا ناوەڕۆکى توێژینەوەکەى کە تایبەت بوو بە دروستکردنی کەلتوری پەیوەندیکردن لە نێوان تەلارساز و ئەندازیاران و بەڵێندەران لە ڕێگەی ستۆدیۆی ئایندەی یەکگرتوو پێشکەش کرد، بەدوایدا توێژینەوەیەکى دیکەى هاوبەش لە نێوان ڕەغد ئەکرەم عەبدولڕەحمان و دکتۆر عیماد هانی ئیسماعیل لە زانکۆی موسڵ لەبارەى نوێنەرایەتی 4D میراتی دروستکراو دوای ململانێ پێشکەشکرا، توێژەران لە توێژینەوەکەیاندا پشتیان بە نموونەیەکى کارلێکانەی مزگەوتی ئەلقەتانین لە موسڵی کۆن بەستبوو، کە بەهۆیەوە بەخستنەڕووى کۆمەڵێک ئەنجامى گرنگ لە بوارى ئەندازیارى توێژینەوەکەیان بە کۆتا هێنا.
هەر لەو دانیشتنەدا، توێژینەوەیەکى هاوبەشى دیکەى هەریەک لە سالار صدیق ڕەشید لە زانکۆی دهۆک و دکتۆر عیماد هانی ئیسماعیل لە زانکۆی موسڵ بوو، توێژەران توێژینەوەیەکەیان تایبەت کردبوو بە هەڵسەنگاندنی (Immersive and Non-Immersive) و ئەزموونی واقیعی و گریمانەیی لە بەرنامەکانی دیزاینی ناوەوە، بۆ ئەو مەبەستەش بە دیدگەیەکى ئەندازیارى توێژەران ناوەڕۆکى توێژینەوەکەیان خستەڕوو.
لە کۆتایی دانیشتنەکەدا، دەرگاى پرسیارى و گفتوگۆیەکی گشتی بەڕووى ئامادەبووان کرایەوە، ئەوانیش بە سەرەنج و پرسیارەکانیان بەشدارییەکى کارایان لە بەرزکردنەوەی ئاستى زانیارییەکان لە بواری دیزاین و تیۆری تەلارسازی و ناوەڕۆکى توێژینەوەکان کرد.