لە پەیمانگەی پزیشکی دادوەری؛ فێرخوازانی بەشى یاسا ئاشنای ڕۆڵی پزیشکی دادوەری لە یەکلاکردنەوەی کەیسە تاوانکارییەکان دەبن
فێرخوازانی قۆناغی پێنجەمی بەشی یاسا لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتى (١٦ی شوباتی ٢٠٢٦)، سەردانێکی مەیدانییان بۆ پەیمانگەی پزیشکی دادوەری لە شاری هەولێر ئەنجامدا. ئەم چالاکییە زانستییە بە سەرپەرشتی مامۆستا (دکتۆر عەلی سەلیم نوری بەگ) بەڕێوەچوو، کە تێیدا لەلایەن پسپۆڕی پزیشکیی دادوەری (دکتۆر فەیسەڵ عارەب) بە گەرمی پێشوازی لە شاندی فێرخوازان کرا.
پاشان لە میانی سیمینارێکی زانستی و پسپۆڕیدا، دکتۆر فەیسەڵ عارەب میکانیزمەکانی پشکنینی تەرم و شیکردنەوەی جۆرەکانی پێکان وەک برین و سووتان و شوێنەواری تاوانەکانی بۆ فێرخوازان ڕوون کردەوە. هەروەها تیشکی خستە سەر ڕۆڵی پەیمانگەکە لە هەڵسەنگاندنی وردی پلەکانی کەمئەندامی و دیاریکردنی تەمەنی ئەو کەسانەی ناسنامەیان نادیارە. لە تەوەرێکی دیکەدا، ڕوونکردنەوەی پێویستى دەربارەی گرنگیی پشکنینە تاقیگەییەکان بۆ دەستنیشانکردنی ناسنامەی قوربانییەکان و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای مۆدێرن لە دۆزینەوەی سەرەداوی تاوانەکاندا پێشکەش بە فێرخوازان کرد، ئەمەش یارمەتیدەرێکی گەورەیە بۆ پارێزەران و دادوەرانی داهاتوو تا لە ڕەهەندە تەکنیکییەکانی کەیسەکان تێبگەن.
لە بەشێکی دیکەی سەردانەکەدا، فێرخوازان بەشە جیاوازەکانی پەیمانگەکەیان بەسەرکردەوە و لە نزیکەوە ئاشنای قۆناغی کۆتایی پرۆسەکە بوون، کە بریتییە لە داڕشتن و دەرکردنی “ڕاپۆرتی پزیشکیی دادوەریی فەرمی”. ئەم ڕاپۆرتە وەک بەڵگەیەکی تەکنیکیی بڕیاردەر و یەکلایکەرەوە لە دادگاکان پشتی پێ دەبەسترێت بۆ سەلماندنی تاوان یان بێبەریبوونی تۆمەتباران. لە کۆتاییدا دکتۆر عەلی سەلیم نوری بەگ سوپاسی بەڕێوەبەرایەتی پەیمانگەی پزیشکی دادوەری کرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دەرفەتە زانستییە.







