لە چالاکیەکى هۆشیاریدا؛ فێرخوازانی بەشى شیکارى تاقیگەى پزیشکى مەترسییەکانی ڤایرۆسەکان بۆ قوتابیانى ئامادەیی ناوداران ڕوون دەکەنەوە
ڕۆژی یەکشەممە (٨ی شوباتی ٢٠٢٦)، گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی دووەمی بەشی شیکاری تاقیگەی پزیشکی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، چالاکییەکی زانستی و هۆشیارییان لە “ئامادەیی ناودارانی کوردستانی ناحکومی” ئەنجامدا.
سەرەتا فێرخوازان لەلایەن مامۆستا هێرۆ بەڕێوەبەرى قوتابخانەکەوە پێشوازییان لێکرا و دواتر دەستیان کرد بە پێشکەشکردنی بابەتەکەیان بە ناونیشانی “ڤایرۆسەکان و تەندروستی مرۆڤ” بۆ قوتابیانی ئامادەیی ناودارانى کوردستانى ناحکومى، لە میانی سیمینارەکەدا، فێرخوازانی زانکۆ بە شێوەیەکی سادە پێناسەی ڤایرۆسەکان و سروشتی بڵاوبوونەوەیان بۆ قوتابیان باس کرد، بەتایبەت ڕێگاکانی گواستنەوە لە ڕێگەی هەناسەدان و بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ. هەروەها تیشک خرایە سەر هێڵەکانی پێشەوەی بەرگری وەک دەستشۆردنی ڕاست و ڕەچاوکردنی پاکوخاوێنی گشتی لە ناو قوتابخانەدا. جگە لەوەش، باس لە بژاردەکانی چارەسەر کرا و جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە نابێت بەبێ ڕێنمایی پزیشک هیچ دەرمانێک بەکاربهێنرێت.
هەر لە چوارچێوەی چالاکییەکەدا، فێرخوازانی زانکۆ پشکنینی قەبارەی خانە خەستەبووەکانی خوێن (PCV)یان بۆ ژمارەیەک قوتابی ئەنجامدا. لە کاتی پشکنینەکەدا، فێرخوازان بۆ قوتابیانیان ڕوون کردەوە کە ئەم پشکنینە چ زانیارییەک دەربارەی باری تەندروستی خوێن دەدات و چۆنیەتی کۆکردنەوەی نموونەی خوێن بە شێوەیەکی دروست و سەلامەت بۆ قوتابیان باس کرا.







