لە چوارچێوەی گەشتێکی زانستیدا؛ فێرخوازانی کارگێڕی و کارگێڕى گشتى ئاشنای ژینگەی کاری “کۆرەک تیلیکۆم” بوون
بۆ ئاشنابوونی فێرخوازان بە ژینگەی کاری کۆمپانیا جیهانییەکان و چۆنیەتی پەیڕەوکردنی سیستمە کارگێڕییەکان، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی (١٤/١/٢٠٢٥)، فێرخوازانی قۆناغی یەکەمی هەردوو بەشی (کارگێڕی کار) و (کارگێڕی گشتی) لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (هێڤی محمد قادر)، سەردانێکی مەیدانییان بۆ بارەگای سەرەکی کۆمپانیای کۆرەک تیلیکۆم ئەنجامدا.
لە سەرەتای سەردانەکەدا، تیمی فێرخوازانى زانکۆی جیهان-هەولێر لەلایەن ستافی کۆمپانیاکەوە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا. پاشان لە هۆڵی سیمینارەکان، (ئارام محمود خدر) بەڕێوەبەری فێربوون و پەرەپێدان لە کۆمپانیای کۆرەک تیلیکۆم، سیمینارێکی چڕوپڕی بۆ فێرخوازان پێشکەش کرد. لە سەرەتادا تیشکى خستە سەر مێژووی دامەزراندنی کۆمپانیاکە لە ساڵی ٢٠٠٠ و، وەرگرتنی متمانەی جیهانی لە ساڵی ٢٠٠٧، هەروەها قۆناغەکانی گەشەکردنی تەکنەلۆژیا و خزمەتگوزارییەکانی (3 G , 4 G) کە لە ساڵانی ٢٠١٥ و ٢٠٢١دا خرانە بەردەستی بەکارهێنەران.
لە تەوەرێکی گرنگی سیمینارەکەدا، باس لە ڕۆڵی سەرەکی بەشی سەرچاوە مرۆییەکان (HR) کرا. بۆ ئەوەش ئارام محمود ڕوونی کردەوە کۆمپانیاکەیان سیستمی پێشکەوتووی (HRIS) بەکاردەهێنێت بۆ بەڕێوەبردنی زانیارییەکانی کارمەندان. هەروەها تیشکی خستە سەر مافەکانی فەرمانبەران وەک جۆرەکانی مۆڵەت (دایکایەتی، باوکایەتی، خوێندن و پرسە) و، جەختی لە گرنگی هاندانی مەعنەوی و ماددی کارمەندان کردەوە لە ڕێگەی خولەکانی پەرەپێدان و بەرزکردنەوەی مووچە، کە کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر بەرهەمهێنان هەیە.
بەشێکی دیکەی چالاکییەکە بۆ لایەنی پراکتیکی و ئامادەکاری فێرخوازان بۆ بازاڕی کار تەرخانکرا. تێیدا ڕێنمایی ورد درایە فێرخوازان سەبارەت بە چۆنیەتی نووسینی CVی پرۆفێشناڵ، شێوازی هەڵسوکەوت و پۆشینی جلوبەرگی فەرمی لە کاتی چاوپێکەوتنی کاردا (Interview)، هاوکات باس لە ستراتیژی کۆمپانیا کرا بۆ دامەزراندنی کارمەندان کە بە هەردوو شێوازی (ناوخۆیی و دەرەکی) ئەنجام دەدرێت.
لە کۆتایی گەشتە زانستییەکەدا، دەرگای گفتوگۆ بۆ فێرخوازان واڵا کرا و وەڵامی پرسیارەکانیان درایەوە. مامۆستای سەرپەرشتیاریش سوپاس و پێزانیانی زانکۆی جیهان-هەولێری ئاراستەی ستافی کۆمپانیای کۆرەک تیلیکۆم کرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دەرفەتە زانستییە.







