لە ڕۆژى جیهانى مامۆستایاندا، فێرخوازانى بەشى پەروەردەى گشتى چالاکیەکیان ئەنجامدا
ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتى (5/10/2022) بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی مامۆستایان لە بەشى پەروەردەى گشتى زانکۆى جیهان چالاکیەک بەڕێوەچوو.
لە میانەى چالاکیەکەدا گروپێک لە فێرخوازانی بەشی پەروەردەی گشتی بە سەرۆکایەتی دکتۆر ئەحمەد عەبدول عەون سەرۆکی بەش هەریەک لە مامۆستایانی یاریدەدەر (شوانە قادر، ڕۆژین حوسێنی و ڕۆژڤین عەدنان) سەردانی پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکی زانکۆی جیهان – هەولێریان کرد چەپکە گوڵ و پیرۆزباییان ڕۆژى جیهانى مامۆستایانیان پێشکەش کرد.
دواتر سەرۆکى بەشى پەروەردەى گشتى و فێرخوازان سوپاس و پێزانینی خۆیان پێشکەش بەسەرۆکى زانکۆ کرد لە بەرامبەر هەوڵە بەردەوامەکانیان بۆ پرۆسەی خوێندن و دابینکردنی هەموو پێداویستییە ئەکادیمییەکان کە پەیوەندییان بە پسپۆڕە جیاوازەکانى فێرخوازان هەیە بەتایبەت لە بەشى پەروەردەى گشتى بۆ پێگەیاندنى مامۆستاى ئاستبەرز بۆ دوا ڕۆژى کۆمەڵگە.
لەبەرامبەردا پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سوپاسی بەشى پەروەردەى گشتى کرد و، دڵنیایی پێدان کە زانکۆى جیهان-هەولێر هەمیشە یەکەم و باشترین زانکۆ دەبێت و، کاردەکات بۆ ئامادەکردنی فێرخوازى بەتوانا بۆ ئەوەی کەسێکی سەرکەوتوو بێت لە ژیانی داهاتوودا، بەشێوەیەک بتوانێ لە بازاڕی کاردا شوێنێک بۆخۆى بدۆزێتەوە.
لە کۆتایى چالاکیەکەدا، فێرخوازانی بەشی پەروەردەی گشتی چەپکە گوڵیان بەسەر سەرجەم مامۆستایانی بەش دا دابەشکرد وەک ڕێزلێنانێک بۆ هەوڵەکانیان لە پەروەردەکردنی فێرخوازان و گەیاندنیان بۆ قۆناغە پێشکەوتووەکانی خوێندنی ئەکادیمی.