لە ڕۆژى جیهانى پەروەردەدا؛ بەشی زانستی کۆمپیوتەر وۆرکشۆپێکی دەربارەی ڕۆڵی ژیریی دەستکرد لە پرۆسەی پەروەردەدا بۆ فێرخوازان بەڕێوەبرد
بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی فێربوون و بە سەرپەرشتى مامۆستای یاریدەدەر (عالیا ئەسعەد مەهدی)، بەشی زانستی کۆمپیوتەر لە زانکۆی جیهان-هەولێر، وۆرکشۆپێکی زانستیی بۆ فێرخوازان بە ناونیشانی “ژیریی دەستکرد لە ناوەندە ئەکادیمییەکاندا: لە ئەندازیاریی فەرمانەکانەوە بۆ یەکگرتنی ڕەوشتی“ سازکرد.
ئەم چالاکییە لە هۆڵی کۆنفرانسەکانی زانکۆ و بە ئامادەبوونی فێرخوازانی بەشە جیاوازەکان بەڕێوەچوو، لە دەسپێکی وۆرکشۆپەکەدا، فێرخواز (عەبدولوەهاب عەبدوڵا ئیبراهیم) بابەتێکی چڕوپڕی دەربارەی بنەما سەرەکییەکانی ژیریی دەستکرد پێشکەش کرد و، تێیدا تیشکی خستە سەر چەمکە جەوهەرییەکانی ئەم بوارە و مێژووی گەشەسەندنی تەکنەلۆژیا زیرەکەکان، ئەمەش وەک زەمینەسازییەک بۆ تێگەیشتن لەو گۆڕانکارییە گەورانەی کە ژیریی دەستکرد لە جیهانی مۆدێرن و سیستمی زانیاریدا دروستی کردووە.
دەربارەی لایەنی تەکنیکی و کارامەییەکانی بەکارهێنان، فێرخواز (نەجیە نەوزاد قادر) بابەتێکی دەربارەی “ئەندازیاریی فەرمانەکان” (Prompt Engineering) پێشکەش کرد، کە ستراتیژییەکانی داڕشتنی فەرمان و پرسیارە وردەکانی بۆ مۆدێلە زیرەکەکان ڕوون کردەوە، بە مەبەستی بەدەستهێنانی ئەنجامە توێژینەوەییە ڕەسەن و باوەڕپێکراوەکان، کە ئەمەش کارامەییەکی سەرەکییە بۆ هەر فێرخوازیەک کە بیەوێت بە شێوەیەکی زانستی سوود لە ژیریی دەستکرد وەربگرێت.
لەلایەکی دیکەوە، فێرخواز (ئیبراهیم ڕەهوان ساڵح) تیشکی خستە سەر لایەنە پراکتیکییەکانی ئەم تەکنەلۆژیایە و ڕۆڵی لە کارئاسانکردنی ئەرکە ئەکادیمییەکاندا. لەو چوارچێوەیەدا بەشێوەیەکى کردەیی باسى لە بەکارهێنانی ئامرازەکانی ژیریی دەستکرد لە ئامادەکردنی پرێزێنتەیشنەکان (PowerPoint) و بەرهەمهێنانی میدیای بینراوی پرۆفێشناڵ پێشکەش کرد، کە یارمەتیدەرێکی گەورەن بۆ فێرخوازان تا کارە زانستییەکانیان بە کوالێتییەکی بەرز و سەردەمیانە نیشان بدەن.
لە کۆتا تەوەرەی وۆرکشۆپەکەدا، هەردوو فێرخواز (یاسر عامر عەبدولجەبار) و (زەکەریا سیروان) گفتوگۆیەکی کراوەیان دەربارەی “ڕەوشتی بەکارهێنان و دەسپاکی ئەکادیمی” ئەنجامدا. ئەوان جەختیان لەسەر گرنگی پابەندبوون بە بنەماکانی ڕەوشتی و پاراستنی دەسپاکی زانستی کردەوە لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ ژیریی دەستکرددا، ئاماژەیان بەوە کرد کە پێویستە ئەم ئامرازانە تەنها بۆ هاوکاری بەکاربهێنرێن نەک وەک جێگرەوەیەک بۆ هەوڵ و بیرکردنەوەی خودی فێرخواز.
وۆرکشۆپەکە بەو ئەنجامگیرییە کۆتایی هات کە تەکنەلۆژیا هەرگیز نابێتە جێگرەوەی هزرى مرۆڤ، بەڵکو هاوبەشێکی ستراتیژییە کە پێویستی بە کارامەیی و هۆشیاریی تایبەت هەیە، تاوەکو بە جۆرێک بەکاربهێنرێت کە خزمەت بە بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و جۆریی خوێندنی ئەکادیمی بکات.







