لە ڕۆژی جیهانیی دادپەروەریی کۆمەڵایەتیدا؛ فێرخوازانی بەشی ئینگلیزی چالاکیەکى مەیدانی بەڕێوەدەبەن
بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی سێیەم و چوارەمی بەشی زمانی ئینگلیزی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی دووشەممە (٢٣/٢/٢٠٢٦)، هەڵمەتێکی مەیدانییان لە گەڕەکی (حەی عەسکەری) لە شاری هەولێر بەڕێوەبرد.
چالاکییە کە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (مەروە مەحمود ئەمین) ئەنجامدرا، تێیدا هەریەک لە فێرخوازان (بابەند فوئاد عەبدوڵا، مستەفا نەسیر مستەفا، ژیار سوران عەبدوڵا، شاهین محەمەد عەبدولڕەزاق و بێلان کاکەزید مامەند) بەشدارییەکی کارایان تێدا کرد. لە میانی کەمپینەکەدا، فێرخوازانی زانکۆ لەگەڵ دانیشتووانی گەڕەکەکە گفتوگۆی کارلێکەر و چاوپێکەوتنی کورتیان ئەنجامدا و، تیشکیان خستە سەر چەمکی یەکسانی و دادپەروەری لە دابەشکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکاندا.
فێرخوازان چەندین پەیامی هاندەریان وەک “ئازادی بەبێ دادپەروەریی کۆمەڵایەتی ناتەواوە” گەیاندە هاوڵاتیان و جەختیان لە گرنگیی پاراستنی کەرامەتی مرۆیی و ڕێزگرتن لە مافە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییەکان کردەوە. ئەم کارلێکە مەیدانییە دەرفەتێکی ڕەخساند بۆ هاوڵاتیان تاوەکو ڕا و سەرنجی خۆیان دەربارەی دادپەروەری لە حوکمڕانیی خۆجێی و تێکەڵبوونی کۆمەڵایەتیدا دەرببڕن.







