لە ڕۆژی جیهانی تەندروستیدا؛ فێرخوازانى بەشى بایۆمیدیکاڵ بەدواداچوون بۆ تەندروستی دایکان و منداڵان دەکەن
بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی تەندروستی، فێرخوازانى قۆناغی دووەم لە بەشی بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتى (٧/٤/٢٠٢٥) بە سەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر هێرۆ ئیسماعیل محەمەد، چالاکییەکی هۆشیارییان لە نەخۆشخانەی فێرکاری منداڵبوون-هەولێر ڕێکخست.
لەو چالاکیەدا، کە بەناونیشانى “دەستپێکردنێکی تەندروست بۆ داهاتوویەکی ئومێدبەخش” بەڕێوەچوو، سەرەتا فێرخوازان لەلایەن ئاهەنگ عەبدوڵڵا شوانی یاریدەدەری بەڕێوەبەری کارگێڕی نەخۆشخانەى فێرکارى منداڵبوون بە گەرمی پێشوازییان لێکرا. پاشان فێرخوازان لە میانەی سەردانەکەدا کارلێکیان لەگەڵ ئافرەتانی دووگیان و دایکانی تازە کرد، زانیاری گرنگیان سەبارەت بە خۆپاراستن لە تووشبوون بە نەخۆشیە جیاکان و، چۆنیەتى بەرەوپێشبردنی تەندروستی دایکان و منداڵەکانیان پێشکەشکردن بەتایبەت لە ڕەچاوکردنى پاکوخاوێنی، خۆراکی دروست و، چاودێری پێش لەدایکبوون، کە هۆکاری سەرەکین بۆ دڵنیابوون لە تەندروستی و سەلامەتی دایکان و منداڵەکانیان.
ڕۆژی جیهانی تەندروستی، کە ساڵانە لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستی جیهانییەوە ڕێکدەخرێت، چەندین چالاکى لە بوارە جیاوازەکان لە وڵاتان بەڕێوەدەچێ بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی پەرەپێدانی بەردەوامی نەتەوە یەکگرتووەکان، تەوەری ئەمساڵ جەخت لەسەر “دەستپێکردنێکی تەندروست بۆ داهاتوویەکی ئومێدبەخش” دەکاتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا بەشەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر بە چەند چالاکیەک ئەو ڕۆژەیان بەرز ڕاگرت.