لە ڕیزیەندی نێودەوڵەتى تایمز بۆ خوێندنی باڵا؛ زانکۆی جیهان – هەولێر لە بەدیهێنانی ئامانجەکانی پەرەپێدانی بەردەوامی (UN) لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان لە پلەى یەکەمى بەدەستهێنا
زانکۆى جیهان-هەولێر توانى دەسکەوتێکى دیکەى زانستى گرنگ لە ڕیزبەندى نێودەوڵەتى تایمز بۆ خوێندنی باڵا بۆ ساڵی 2025 (Times Higher Education Impact Rankings) بەدەست بهێنێت، ئەم ڕیزبەندییە لە چوارچێوەى هەڵسەنگاندنی بەشداریی زانکۆکانی وڵاتانى جیهان لە بەدیهێنانی حەڤدە ئامانجەکەی پەرەپێدانی بەردەوام (SDGs) دێ، کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە داڕێژراون، ئەوەش ڕەنگدانەوەی توانای دامەزراوەکانی خوێندن و زانکۆکانە بۆ دروستکردنی گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینە و بەردەوام لە کۆمەڵگەکانیان و جیهاندا.
لەم ڕیزبەندییە نێودەوڵەتییەدا زانکۆی جیهان – هەولێر توانیوەیەتى نمرەیەکی گشتیی سەرنجڕاکش بەدەست بهێنێ، بەجۆرێک گەیشتۆتە 60.8 خاڵ لە کۆی 100 خاڵ، ئەمەش وایکردووە لە ئاستی جیهاندا لە پۆلێنی 1001-1500 لەنێو 2318 دامەزراوەی خوێندنی بەشداربوودا لە سەرانسەری جیهان جێگیر بێت. زانکۆى جیهان-هەولێر لە پۆلێنی چوارەمدا ڕیزبەندکراو بەپێی ئەلفبێ هاتووە، کە تەنها چوار زانکۆی تایبەت لە هەرێمى کوردسدتان توانیویانە مەرجەکانی سەرکەوتن بەدەست بهێنن. سەرەڕای ئەوەش، شیکردنەوەی نمرە بڵاوکراوەکانی تایبەت بە ئامانجەکانی پەرەپێدانی بەردەوام (SDGs) ئەوە دەردەخات کە زانکۆی جیهان-هەولێر لە پلەی یەکەمدایە لەسەر ئاستی سەرجەم زانکۆ تایبەتەکانى هەرێمی کوردستان.
ئەم دەستکەوتە دیارە، ڕەنگدانەوەی هەوڵە بەردەوام و ماندوونەناسانەکانی زانکۆیە لە تێکەڵکردنی بنەماکانی ئامانجەکانی پەرەپێدانی بەردەوام بە شێوەیەکی کاریگەر لە سەرجەم چالاکییە ئەکادیمی و توێژینەوەییەکانیدا، هەروەها لە دەستپێشخەرییە کۆمەڵایەتییەکانیدا. بەشداریی زانکۆ لەم پۆلێنەدا پشتی بەستووە بە ئەدای نایابی لە چوار ئامانجی پەرەپێدانی بەردەوامدا، کە ئامانجی حەڤدەیەم (SDG17)ی ناچاری (ئیلزامی) لەخۆدەگرێت و مەرجێکی سەرەکییە بۆ چوونە نێو پۆلێنی گشتییەوە.
جگە لەوەش زانکۆى جیهان-هەولێر توانیویەتى لە هەمان ڕیزبەندییدا سەرکەوتنێکی بەرچاوی لە چەندین بواری سەرەکی دیکەدا بەدەست بهێنت، بۆ نموونە لە ئامانجی سێیەم کە تایبەتە بە تەندروستیی باش و خۆشگوزەرانی (SDG3)، زانکۆی جیهان – هەولێر 65.4 خاڵی تۆمار کردووە و پلەیەکی بەرچاوی لە پۆلێنی 301-400 بەدەستهێناوە لەنێو 1788 دامەزراوەی پۆلێنکراوی جیهانیدا. ئەم ئەدایە ڕەنگدانەوەی پابەندبوونی قووڵی زانکۆیە بە پێشخستنی تەندروستیی گشتی، بەتایبەتی لە پێوەرەکانی وەک توێژینەوە لە بواری تەندروستی و خۆشگوزەرانی، کە تێیدا 55.1 خاڵی بەدەستهێناوە. هەروەها زانکۆ ڕۆڵی گرنگی خۆی وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی بۆ پێگەیاندنی پسپۆڕی پزیشکی و تەندروستی دووپات کردۆتەوە، ئەوەش بە بەدەستهێنانی 84.8 خاڵ لە ژمارەی دەرچووان لە پیشە تەندروستییەکاندا. جگە لەوەش، 55.3 خاڵی لە هاوکاری و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکاندا، هەموو ئەمانەش ئاماژەیە بۆ هاوبەشییە کاریگەرەکانی زانکۆ لەگەڵ نەخۆشخانە و دامەزراوە تەندروستییەکان.
لەلایەکى دیکەوە لە ئامانجی شەشەم، کە تایبەتە بە ئاوی پاک و ئاوەڕۆی تەندروست (SDG6)، زانکۆى جیهان-هەولێر 44.3 خاڵی بەدەستهێناوە و، خۆی لە پۆلێنی 401-600 جێگیر کردووە لەنێو 1042 دامەزراوەی پۆلێنکراودا. ئەم ئەنجامانە تیشک دەخەنە سەر هەوڵەکانی زانکۆ بۆ بەهێزکردنی بەڕێوەبردنی بەردەوامی سەرچاوەکانی ئاو، بەتایبەتی لە بواری توێژینەوەکانی پەیوەست بە ئاو کە 77.0 خاڵی تۆمار کردووە. هەروەها بەدەستهێنانی 50.0 خاڵ لە دووبارە بەکارهێنانەوەی ئاو ڕەنگدانەوەی پراکتیکە بەردەوامەکانی زانکۆیە لە بەڕێوەبردنی کارامەی سەرچاوەکانی ئاودا، سەرباری ئەوەش، پێوەرەکانی دیکەش لەخۆدەگرێت وەک کارامەیی لە بەکارهێنان و پاراستنی ئاودا (٣٣.٣ خاڵ)، بڕی بەکاربردنی ئاو بۆ هەر تاکێک (١٦.٦ خاڵ) و، بەشدارییەکانی لە بواری ئاو لە کۆمەڵگەدا (٣٥.٠ خاڵ).
بەهەمان شێوەیە لە ئامانجی حەوتەمیشدا کە تەرخانکراوە بۆ وزەی پاک و بەنرخی گونجاو (SDG7)، زانکۆى جیهان-هەولێر بە بەەستهێنانى 64.5 خاڵ و پلەیەکی زۆر پێشکەوتووی لە پۆلێنی 101-200دا لەنێو 1181 دامەزراوەی پۆلێنکراودا توانیویەتى دەسکەوتێگى گەورە تۆمار بکات، ئەمەش پێشەنگبوونى زانکۆ لە گۆڕانکارییەکان بەرەو سەرچاوەی وزەی بەردەوام و پراکتیکی ژینگەدۆستانە دووپات دەکاتەوە، بەتایبەتی لە توێژینەوە لە بواری وزەی پاکدا کە 77.0 خاڵی تۆمار کردووە. هەروەها کارامەیی باڵای لە چڕی بەکارهێنانی وزەدا بە بەدەستهێنانی نمرەی سەرسوڕهێنەری 88.6 خاڵ، ئاماژەیە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی کاربۆنیی زانکۆ، جگە لەوەش، ئەمە پشتیوانی دەکرێت بە ڕێکارەکانی زانکۆ بەرەو وزەی پاک و بەنرخی گونجاو (٥٥.٥ خاڵ) و، بەشدارییەکانی لە بواری وزە و کۆمەڵگەدا (٥٥.٠ خاڵ)، هەروەها هەوڵەکانی لە بەکارهێنانی وزەی کەم-کاربۆندا (٣٢.٣ خاڵ).
هاوکات لە ئامانجی حەڤدەیەمدا کە پەیوەستە بە هاوبەشی بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکان (SDG17)و، ئامانجی ناچارییە بۆ چوونە نێو پۆلێنەکەوە، زانکۆی جیهان – هەولێر 56.2 خاڵی تۆمار کردووە و لە پۆلێنی 1001-1500دا جێگیر بووە لەنێو 2389 دامەزراوەی پۆلێنکراودا. ئەم ئەدایە پابەندبوونی پتەوی زانکۆى جیهان-هەولێر بە هاوکاری و هاوبەشیی فراوان نیشان دەدات، کە لە توێژینەوە لە بواری هاوبەشی بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکان (65.4 خاڵ) و، پەیوەندییە کاریگەرەکان بۆ پشتگیریکردنی ئامانجەکان (70.0 خاڵ)دا ڕەنگی داوەتەوە. هەروەها بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتی ئامانجەکانی پەرەپێدانی بەردەوام (71.5 خاڵ) شەفافیەتی زانکۆ لەم بوارەدا دەردەخات، جگە لە بەشداریکردنی لە بواری فێرکردن بۆ ئامانجەکانی پەرەپێدانی بەردەوامدا (٢٢.٢ خاڵ).
ئەم ڕیزبەندییە جیهانییە بەناوبانگە، پێگەی زانکۆی جیهان – هەولێر بە شێوەیەکی بەرچاو بەهێز دەکات و ڕۆڵی وەک ناوەندێکی پێشەنگی خوێندن و توێژینەوە نەک تەنها لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق، بەڵکو لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتیشدا زیاتر دیار و بەرچاو دەکات، جگە لەوەش ئەمە تەنها دانپێدانان نییە بە سەرکەوتنی ئەکادیمی، بەڵکو شایەتحاڵی پابەندبوونی زانکۆیە بە بەدیهێنانی دیدگای گشتگیری خۆی کە لە خوێندنی تەقلیدی تێدەپەڕێت و، بەشداریی کاریگەر لە بنیاتنانی داهاتوویەکی دادپەروەرانە و بەردەوامتر بۆ هەمووان لەخۆدەگرێت. ئەم دەستکەوتە مێژووییە ئاسۆی فراوان بۆ هاوبەشیی نوێی نێودەوڵەتی دەکاتەوە و فێرخواز و توێژەری بەهرەمەندی زیاتر لە سەرانسەری جیهانەوە ڕادەکێشێت. زانکۆی جیهان – هەولێر لە هەوڵە بەردەوامەکانیدا بۆ گەیشتن بە بەرزترین ئاستی نایابیی ئەکادیمی، توێژینەوەیی و کۆمەڵایەتی بەردەوام دەبێت و چاوەڕوانی ئەوە دەکات کە لە ساڵانی داهاتوودا بەشداریکردنی لە بەدیهێنانی ئامانجەکانی پەرەپێدانی بەردەوامدا بە شێوەیەکی قووڵتر و فراوانتر پەرە پێبدات.
ئامانجەکانی پەرەپێدانی بەردەوام (SDGs)
ئامانجەکانی پەرەپێدانی بەردەوام (SDGs) پێکدێن لە حەڤدە ئامانجی جیهانی، کە لە ساڵی 2015 لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەند کراون، بە ئامانجی چارەسەرکردنی گەورەترین کێشە و ئاڵنگارییەکانی جیهان تا ساڵی 2030. ئەم ئامانجانە وەک نەخشەڕێگەیەکی هاوبەش بۆ وڵاتان و دامەزراوەکانی جیهان کار دەکەن.
ڕیزبەندى کاریگەرییەکانی تایمز (THE Impact Rankings)
ڕی کاریگەرییەکانی تایمز بۆ خوێندنی باڵا(THE Impact Rankings)، زانکۆکانی جیهان هەڵدەسەنگێنێت لەسەر بنەمای بەشدارییەکانیان لە بەدیهێنانی ئامانجەکانی پەرەپێدانی بەردەوامی نەتەوە یەکگرتووەکاندا. بە پێچەوانەی پۆلێنە تەقلیدییەکانەوە کە تەنها گرنگی بە توێژینەوە یان وانەوتنەوە دەدەن، پۆلێنکردنی کاریگەری، کاریگەریی زانکۆ لە ڕێگەی پێوەرەکانی وەک بەشداریی کۆمەڵایەتی، دادپەروەری و حوکمڕانییەوە دەپێوێت. ئەم هەڵسەنگاندنە بێهاوتایە؛ دیدێکی گشتگیر لەسەر چۆنیەتیی هاندانی گۆڕانکاریی ئەرێنی لەلایەن دامەزراوەکانەوە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و جیهانی دابین دەکات.